کەمیی خانووبەرە لە ئەفغانستان بووەتە کێشەیەکی گەورە

دەستبەسەرداگرتنی موڵکی خەڵک لەلایەن تاڵیبانەوە، باری ژیانی قورستر کردووە و کێشەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن؛ بە جۆرێک کە هەزاران ژن ڕووبەڕووی هەژاری و مەرجە سەختەکانی پەناگەکان دەبنەوە.

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان -کێشەیەکی دیکە کە لە دوای هاتنەسەرکاری تاڵیبانەوە خراپتر بووە، کەمیی خانووبەرەیە. زۆر کەس لە ئەفغانستان خاوەنی خانووی خۆیان نین و زۆربەیان بەگوێرەی توانای ئابوورییان خانوو بە کرێ دەگرن و تێیدا دەژین.

 

لە شار و گوندەکانی ئەفغانستان، بەهۆی کەمیی داهات و خانووبەرەوە، چەندین خێزان لە هەمان خانوودا دەژین و حەمام و چێشتخانە بە هاوبەشی بەکاردەهێنن. هەندێک خێزان تەنها ژوورێکیان هەیە و تەنانەت هەموو منداڵەکانیان لە هەمان ژووردا گەورە دەبن.

 

کەمیی خانووبەرە دوای گەڕانەوەی پەنابەرانی ئەفغان لە ئێران و پاکستان خراپتر بووە و کرێی خانووەکانیش بەرز بووەتەوە.

لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسانی حکومەت زەوییەکانی دەوڵەتیان دەستبەسەردا گرتووە و لەسەریان کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان دروست کردووە. ئەو کەسانەی دۆخی ئابوورییان باشتر بووە، لەم ناوچانەدا زەویان کڕیوە و خانووی خۆیان دروست کردووە. ئێستا تاڵیبان ئەم گەڕەکانە لە سەرانسەری ئەفغانستان بە موڵکی دەوڵەت ڕادەگەیەنێت و بەپێی کوالێتیی بیناسازیی هەر خانوویەک نرخێکی بۆ دیاری دەکات؛ بەمەش خاوەنەکانیان ناچار دەبن خانووەکانیان بەجێبهێڵن.

 

لە هەمان کاتدا، بۆ نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی ڕێگاکان لە کابوڵ و پارێزگاکانی دیکە، ژمارەیەک خانوو وێران کراون یان کەوتوونەتە ناو ڕێگاکان. ئەمەش کێشەی کەمیی خانووبەرەی قورستر کردووە و خەڵکی ئەفغانستانی ناچار کردووە لەگەڵ ئەم کێشەیەدا ڕووبەڕوو ببنەوە، لەگەڵ هەژاری و بێکاری و زوڵمی تاڵیبان.

 

کاتێک تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی گرتە دەست، زۆر کەس ناچار بوون خانوو و زەوییەکانیان بەجێبهێڵن و تەنها هەوڵ بدەن گیانی خۆیان ڕزگار بکەن. هەندێکیان ئەفغانستانیان بەجێهێشت و هەندێکی دیکەیان لە پارێزگاکانی دیکە پەنابەر بوون. تاڵیبانیش لەم دەرفەتە کەڵکی وەرگرت و دەستی بەسەر هەموو ئەو خانووانەدا گرت کە خاوەنیان لەسەریان نەبوو.

 

دوای داگیرکردنی پارێزگاکە لەلایەن تاڵیبانەوە، ناچار بوون بە شەو هەڵبێن

شیا یەکێکە لەو ژنانە. هاوسەرەکەی لە حکومەتی پێشوودا لە پارێزگای بەغلان دادوەری سەربازی بوو. شیا کوڕێکی هەیە و چوار کچی. هەموو ئەندامانی خێزانەکەی لە حکومەتی پێشوودا لە بەشە جیاوازەکانی هەمان پارێزگا کاردەکردن. دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی پارێزگاکەی گرتە دەست، ناچار بوون بە شەو هەڵبێن و بەرەو کابوڵ بڕۆن.

 

دوای ماوەیەک لە گەڕان بەدوای شوێنێکی نیشتەجێبوون و مانەوە لە ماڵی خزمەکانیان، بە زەحمەت توانییان خانوویەک بدۆزنەوە و بە کرێی بگرن. دواتر بڕیاریان دا خانوو جوانەکەی خۆیان بفرۆشن و خانوویەکی بچووکتر بکڕن، بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆژ و شەوی خۆیان لەگەڵ بووک و کچەکانیاندا بەسەر ببەن.

ئێمە سەردانی ماڵی فیرووزە شەریفمان کرد کە لە گەڕەکێکی کابوڵ دەژی. ئەو بە پێکەنینێکی پڕ لە خەمەوە گوتی: «ئەفغانستان لە وشکەساڵی دەناڵێنێت، بەڵام ئەو ماڵەی من تێیدا دەژیم، شەو و ڕۆژ تەڕە. لەبەر شێدارییەوە بۆنی ناخۆش لە هەموو جێگاکانی خەوتنمان دێت و ئێمەش لە ئازاری ئێسک دەناڵێنین.

 

لە ژوورێکی شێداردا دەژین

فیرووزە، کە وەک سەدان کەسی دیکە لەگەڵ سێ منداڵی گەورە و بچووکەکەیدا لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە، بەو پارە کەمەی هەیەتی لە خراپترین بارودۆخدا دەژیت. ئەو مانگانە ٢,٠٠٠ ئەفغانی کرێی ئەو ژوورە شێدارە دەدات کە تێیدا دەژی، هەروەها توالێت و حەمام و چێشتخانەکەی لەگەڵ دوو خێزانی دیکەدا بە هاوبەشی بەکاردەهێنێت کە ئەوانیش لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە.

 

وەک شیمە و فیرووزە، ملیۆنان ژن لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی بێماڵی و نەبوونی خانوویەکی گونجاو دەبنەوە و لە ناو کۆمەڵێک کێشەی جۆراوجۆردا دەژین.