گرانی نرخ و هەڵاوسان ئازاری خانەنشینان لە ئێران زیاتر دەکات

ژنانی خانەنشینکراوی ئێران دەڵێن، خانەنشینی تەنیا بەشی کرێی خانوو و پارەی کارەبا دەکات، بەشی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نییە و دۆخیان تا دێت خراپتر دەبێت.

هیما ڕاد

 

سنە- لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا خانەنشینان لە ئێران لە ئەنجامی کەمی مووچەی خانەنشینییان و بەرزی نرخ و هەڵاوسان ناڕەزایەتیی دووبارەیان ڕێکخست و حکومەتیش ڕایگەیاند کە مووچەی خانەنشینان لەو وڵاتە تەنیا بە ڕێژەی ٪١٠ زیاد دەکات.

 

(س.ب.) تەمەن ٦٢ ساڵ، یەکێکە لە ژنە خانەنشینەکان و باسی لەوەکرد ژیانێکی سەختی بەسەر بردووە، "ساڵانێکی زۆر سەرقاڵی کاری قورسی فەرش چنی بووم، ویستم منداڵەکانم پەروەردە بکەم و ببینم سەرکەوتوو بوون، هەرچەندە هیچ پشتیوانییەکی ماددی و دەروونیمان نەبوو، بەڵام هەستم دەکرد کە توانایەکی بێسنورم هەیە، من سێ منداڵم هەیە، خەونی خوێندنی باڵا و داهاتوویەکی گەش بۆ ئەوان زۆر دڵخۆشی کردم، بەوەش تێپەڕاندنی چەندین کاتژمێری ماندووکەر لەسەر فەرش چنین هیچ نەبوون بۆ من.

 

"نەمدەویست پشت بە کەس ببەستم"

س.ب. ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر لەگەڵ کەسانێک کارم دەکرد کە فەرش دەچن و بڕە پارەیەکی زۆر کەمم پێدەدرا، هەروەها هیچ پارەیەکی بیمەم نەبوو، بۆیە بیرم لەوە کردەوە کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاربکەم، نەک هەموو تواناکانم لە وەرشەیەکدا بەفیڕۆ بدەم کە قازانجەکەی بۆ کەسانی دیکە دەچێت، پاشان توانیم وردە وردە دەست بە کارکردن لە ماڵەکەمدا بکەم، کچ و کوڕەکەم بە سەیرکردنی من فێربوون، بەڵام نەمدەهێشت منداڵییان تێکەڵ بە سەختییەکانی کارکردن بێت و ڕێگەم پێدان حەزی منداڵی و فێربوونیان لەگەڵ کارەکەدا بهێننە دی.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "منداڵەکانم پەیوەستی خوێندن بوون و ئەمەش وزەی پێدەبەخشیم و دەمزانی نەخواردن و نەخەوتن لە شەودا و زیادەڕەوی لە کارکردن و هتد، سوودی دەبێت، ئێستا یەکێک لە کوڕەکانم وڵاتی بەجێهێشتووە و دووانی دیکەیان خوێندنیان تەواو کرد، یەکێکیان توانی کارێک بەدەست بهێنێت و ئەوی تریان کارێکی ناحکومی هەیە، خۆشم خانەنشین بووم و لە خانوویەکی کرێدا دەژی، من بیرۆکەیەکی جیاوازم هەبوو سەبارەت بە خانەنشینی، پێم وابوو لە ماندوێتی ئەم ساڵانە ڕزگارم بێت و هەناسەیەکی ئارام هەڵبمژم، بەڵام کەس لە ئێران ناگاتە ئاستی ئاسوودەیی و دۆخە سەختەکەش هەمیشە بۆ من قورس دەبێت".

 

خانەنشینی تەنها بەشی کرێی خانوو و پارەی ئاو و کارەبا دەکات، س.ب.ی ٦٢ ساڵیش چاوەکانی ئێستا کز بووە و ناتوانێت بە باشی فەرشەکان بچنێت و توانای نەماوە، بەڵام نایەوێت پشت بە کەس ببەستێت.

 

کێشەکانی ژیان

(م.خ)، ژنێکی دیکەی خانەنشینکراوە و دەڵێت: چەند ساڵێک لەمەوبەر هاوژنەکەم گیانی لەدەستدا، شەش منداڵم هەیە کە سەرەڕای خوێندنیان بێکارن، ڕێژەی هەڵاوسان و گرانی نرخەکانیش ژیانی سەخت کردووین، چی بکەم بە مووچەیەکی کەم؟ ناتوانم خواردن و جل و بەرگ بکڕم، هەموو شتێک ئەوەندە گران بووە کە پێنج ملیۆن تەنها لە چەند ڕۆژی یەکەمی مانگدا بەسە، ئێمە قەرزێکی زۆر دەکەین بۆ ماوەی مانگەکە، هەموو ساڵێک بەڵێن دەدەن مووچە زیاد بکەن، بەڵام زیادکردنەکە ئەو بڕە کەمەیە کە بەشی ژیانمان دابین ناکات، وتم کە من خانەنشینییەکی ئاسوودە دەبم، بەڵام ناتوانم بەم مووچەیە بەرەو پێشەوە بچم، نرخەکان ڕۆژانە دوو هێندە زیاد دەبن، بەڵام مووچەکە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە.