ژنانی ماردین تووتن دروێنە دەکەن
دروێنەکردنی تووتن لە گوندی خورس، لە ناوچەشاری قزل تەپەی سەر بە پارێزگای ماردین بەردەوامە، ژنانەی کە بارگرانی بەرهەمی کشتوکاڵی هەڵدەگرن تووتن دروێنە دەکەن.
ئاکین ستێرک
ماردين- لە کاتەکانی بەرەبەیانەوە، ژنان ڕوو لە کێڵگەکان دەکەن بۆ کۆکردنەوەی بەرھەمی تووتن کە مانگانێکی زۆریان لە چاندن و خزمەتکردنیدا بەسەر بردووە، لە گەشتێکی کاردا کە لە شوباتەوە تا تشرینی دووەم درێژ دەبێتەوە، بێ ئەوەی بەپێی وتەی خۆیان داهاتێک بەدەستبێنن کە لەگەڵ ئاستی ماندووبوون و هەوڵەکانیاندا بگونجێت.
ئەزموونی ئامینە ئایدەمیر، کە کارمەندە لە چاندن و فرۆشتنی تووتندا، ڕاستی زۆرێک لە ژنانی گوندەکە بەرجەستە دەکات، کە کارکردن لە زەویدا سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات و هۆکارێکە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزان سەڕەڕای بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و داڕمانی داهاتەکان.
گەشتێکی درێژ لە چاندنەوە تا بازاڕکردن
ئامینە ئایدەمیر بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانی پشتی بە داهاتی چاندنی تووتن بەستووە، ڕوونیکردەوە، کە کارەکە بە چاندنی تۆوەکان لە مانگی ئاداردا دەست پێ دەکات، پاشان گوواستنەوەی نەمامەکان بۆ ناو خاکەکە، پێش ئەوەی بچنە سەر قۆناغی بژارکردن و لابردنی گیا بێسوودەکان لە ماوەی مانگەکانی تەمموز و ئابدا، تا وەرزەکەی لە ئەیلوولدا دەگاتە دەستنیشانکردنی دروێنەکردن، لە دوای ئەوەوە قۆناغی تر دەست پێ بکات کە پێویستیان بە کات و هەوڵی زیاتر هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە گەڵاکان لە دەزوودا ڕێک دەخرێن و لەژێر تیشکی خۆردا بەجێ دەهێڵرێن تا وشک دەبنەوە، پاشان لە کۆمەڵەدا کۆدەکرێنەوە و دەگوازرێنەوە بۆ ماڵەوە، لەوێش بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئاویان بەسەردا دەڕشێنرێت بۆ نەرمکردنەوەیان، پێش ئەوەی گەڵاکان یەک بە یەک لێک جیابکرێنەوە و بە بەکارهێنانی ئامێرێکی تایبەت پەستێورێن و تەخت بکرێن، وەک ئامادەکارییەک بۆ فرۆشتنیان بە خۆڕاگر و کڕیاران.
کارەکە تەنها لە چاندنی بەرھەم و دروێنەکردنیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئامادەکردنی تۆوەکانیش بۆ وەرزی داهاتوو لەخۆ دەگرێت، چونکە ژنان تۆوەکان لە گوڵی ڕووەکی تووتنەکەوە دەردێنن دوای وشککردنەوە و هاڕینیان، وتی: ئەم تۆوانە هەڵدەگیرێن بۆ بەکارهێنانیان لە ساڵی داهاتوودا، کاتێک لە مانگی شوباتدا لە ژورە سەوزە شووشەییەکاندا دەیانچێنن، پاشان نەمامەکان لە ئاداردا دەچێنرێنەوە، سەبارەت بە ئاودەدانی کێڵگەکان، ئەوا پشت بە سیستەمی ئاودەدانی دڵۆپەیی دەبەستێت.
تێچووی بەرز و قازانجی سنووردار
سەڕەڕای درێژبوونەوەی وەرزی کار بۆ چەندین مانگی درێژ، ئامینە ئایدەمیر جەختی لەوەکردەوە، کە داهاتی دارایی ڕەنگدانەوەی قەبارەی ماندووبوونی بەدیهاتوو نییە، چونکە زۆربەی داهاتەکان بۆ دانەوەی قەرزەکان و دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان دەڕۆن، تەنها بڕێکی کەم بۆ خێزانەکە دەمێنێتەوە، وتی: نرخی تووتن زیاتر دابەزین بەخۆوە دەبینێت کاتێک گەڵاکان تووشی باران و تەڕبوون دەبن، ئەم بابەتە زیانەکان قووڵتر دەکاتەوە و توانای ژنە کرێکارەکان بۆ بەدەستهێنانی داهاتێکی گونجاو لاواز دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد،کە ئەو کاروباری کاری کشتوکاڵی هاوکات لەگەڵ چاودیریکردنی منداڵەکانی و ئەنجامدانی کارەکانی ناوماڵ بەڕێوە دەبرد، وتی: بەرپرسیارێتییەکانی ماڵ بە تەواوی لەسەر شانمە، ئەم تێکەڵاوبوونەی نێوان کاری بەکرێگیراو و کاری بێبەرامبەردا ڕۆژی ژنان زۆر سەختتر دەکات، چونکە باری گرانایەتیان بە کۆتاییهاتنی کاتژمێرەکانی کارکردن لە کێڵگەکاندا کۆتایی نایێت.
سەڕەڕای ئەم فشارانە، ژنانی گوندەکە پشت بە پەیوەندییەکانی هاوسۆزی و هاوکاریی دوولایەنە دەبەستن بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکان، وتی: ژنان یارمەتیی یەکتر دەدەن لە بەڕێکردنی کارەکاندا، یەکێکیان هاوکاریی دراوسێکەی دەکات، بۆ ئەوەی ئەوی تریان لە کاتی پێویستدا وەڵامی بداتەوە، ئەم هاوکارییە بەشێکی بنەڕەتیی شێوازی ژیانی بەکۆمەڵ لە گوندەکەدا پێکدەهێنێت.
کاری ژنان نابیندرێت
بەشداریی ئامینە ئایدەمیر تەنها لە چاندنی تووتندا کورت نابێتەوە، بەڵکو بەشێک لە کاتی خۆی بۆ چاندنی جۆرەها سەوزە لە باخچەی ماڵەکەیدا تەرخان دەکات، لە وێنەیەکدا، کە ڕەنگدانەوەی فرەییی ئەو ئەركانەیە کە ژنانی ناوچە گوندنشینەکان هەڵیانگرتووە.
ئامینە ئایدەمیر قسەکانی کۆتایی پێ دێنێت بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی دانیپێدانان بە کاری ژنان و هەڵسەنگاندنی بەشدارییەکەیان لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ژیانی خێزانیدا، وتی: تەنانەت هەوڵەکانیشمان هێشتا نابینرێن، سەڕەڕای ئەوەی کات و وزەیەکی زۆر تەرخان دەکەین بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی کار و دابینکردنی بژێوی بۆ خێزانەکانمان.