تەنها قوتابییە کچەکان پێویستیان بە هۆشیارکردنەوە نییە

ئەو سیمنارانەی لە ماوەی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەنجامدراون زۆرینەیان بۆ قوتابخانەی کچان بووە، هەرچەندە جەخت لەسەر یەکسانی ئەنجامدانی سیمینارەکان دەکرێتەوە، بەڵام بەشێکی زۆری سیمینارەکان لە قوتابخانە کچەکاندا ئەنجام دراون.

 

تەرزە تەها

ناوەندی هەواڵ- لە ماوەی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەم ساڵدا بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە هەرێمی کوردستان چەندین چالاکی جۆراوجۆریان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامداوە.

 

لەوانەش کۆبوونەوە و ئەنجامدانی سیمینار و وۆرکشۆپ بۆ مامۆستایانی ئاینی، مامۆستاکان، قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان، کردنەوەی خول بۆ فەرمانبەران، ئەنجامدانی سیمینار و کۆڕ بۆ قوتابخانەکان.

 

بەپێی ئەو سیمینارانەی کە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، سۆران، ڕانیە و گەرمیان لە پەڕە فەرمییەکانی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویان کردووەتەوە، سەردانی ١٥٩ قوتابخانە کراوە.

 

زۆرینەی سیمینارەکان بۆ ژنانی گەنجە

ئەوەی جێی سەرنجە ئەو قوتابخانانەی سەردانیان کراوە، زۆرینەیان کچانن یاخود قوتابخانەی تێکەڵاون، کەمترین قوتابخانەی کوڕان سیمیناریان بۆ ئەنجامدراوە، بۆ نمونە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی ئەنجامدانی سیمیناری لە شەش قوتابخانە بڵاوکردووەتەوە، کە سەرجەمیان قوتابخانەی کچانن.

 

لە گەرمیان لە ١١ سیمنار، شەشیان لە قوتابخانەی کچان بووە، بەڵام لە ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین زۆرینەیان لە قوتابخانە تێکەڵاوەکان بووە، لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کەمتر قوتابخانە کوڕەکان بە ئامانج گیراون، زۆرینەیان قوتابخانەی کچان یاخود تێکەڵاوەکان بووە.

سیمینارەکان لەلایەن پیاوانەوە پێشکەشدەکرێن

هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەو ١٦ ڕۆژە تایبەت بووە بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڵام ئەو سیمینارانەی کە پێشکەشکراون بەشێکی لەلایەن پیاوانەوە پێشکەشکراون، بۆ نمونە لە هەولێر لە کۆی ئەو ٣٧ سیمینارەی بڵاوکراوەتەوە نزیکی ٢٠ لەلایەن پیاوانەوە پێشکەشکراوە.

 

هەرچەندە ئەم جیاوازییە لە پەڕەی بەڕێوەبەرایەتییەکاندا دەردەکەوێت، بەڵام بەرێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە ناوچە جیاوازەکان دەڵێن، کە هاوسەنگیان ڕاگرتووە، بەشێکیشیان بۆ زۆری توندوتیژییەکان بەرامبەر ڕەگەزی مێیان گەڕاندەووە، بۆیە زیاتر هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ژنان دەدەن.

 

ئارام محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە پارێزگای دهۆک بە نوژنهای ڕاگەیاند ئەوان هەوڵیان داوە هاوسەنگی نێوان قوتابخانەی کچان و کوڕان ڕابگرن، بەپێی ئەو لیستەی کە ئامادەی دەکەن دەبێت هاوسەنگی نێوان هەردوو ڕەگەز بۆ قوتابخانەکان هەبێت، "لیستی بەشداربووانی ڕەگەز پێویستە نیو بە نیو بێت، بۆ هەردوو ڕەگەز ئێمە سیمینار ئەنجام دەدەین، چونکە ئێمە دەزانین کە ئەو توندوتیژیانە لای کوڕ ئەنجام دەدرێت".

 

ئاماژەش بۆ ئەوەدەکات، کە ئەوان بەپێی تەمەن و قۆناغەکانی خوێندن بابەتەکانیان بۆ سیمینارەکان هەڵبژاردووە، لەوانە لەباری توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی بۆ سەر ژنان، خراپ بەکارهێنانی ئامارەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سیمینارییان بۆ قوتابخانەکان ئەنجامداوە.

 

"لەناو قوتابخانەکاندا هەوڵمانداوە لەبارەی گێچەڵی سێکسی سیمینار ئەنجام بدەین، دایک و باوک هۆشیار بکەینەوە"،  ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە دوو پارچە ڤیدیۆیان درووستکردووە لەبارەی ئەو گیچەڵانەی بە منداڵان دەکرێت و هۆشیاری دایکوباوک لەو کاتەی گێچەڵ بە منداڵەکان دەکرێت، "ئێمە لە چ ناوچەک چ توندوتیژییەک ڕێژەی بەرز بێت، لەو ناوچەیە لەسەر ئەو بابەتە سیمینارمان ئەنجام داوە".

 

بژار مستەفا، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە ئیدارەی سۆران، ئەوەدەخاتەڕوو کە ئەوان بەردەوام سیمیناریان لە زۆرینەی قوتابخانەکان ئەنجامدەدەن، هەرچەندە جەخت لەوەدەکاتەوە، کە کوڕانیش بۆ کچان لە قوتابخانەکاندا پێویستیان بە هۆشیارکردنەوە هەیە، بەڵام ئەوانەی زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە کچانن، بۆیە لەپێناو خۆپاراستن لە توندوتیژییەکان و خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆیە گرنگی زیاتر بە کچان دەدەرێت.

 

هاوکات بوونی پرۆگرامەکان بۆ توندوتیژی، ئەو کردارانەی بە توندوتیژی دادەنرێت و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان لە قوتابخانەکاندا بە پێویست دەبینێت، تا منداڵان هۆشیار بکرێنەوە، توندوتیژی بە دۆخێکی ئاسایی نەبینن، هەرچەندە ئەوان چەند جارێک داوایان کردووە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان بکرێتە پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە، بەڵام وادیارە تائێستا جێبەجێنەکراوە.

ت.پ