چیرۆکێک لە هاواری فەرمانی ٧٤: لە قژە بە خەنەکەت پەناگەم دروستکردووە...٣

بێریتان شەنگالی ئەو ڕووداوانەی لە یادەوەری خۆیدا تۆمارکردووە کە تەنانەت کەسێکی گەورەش بەرگەی بینینی ناگرێت. ئەو کۆرپەلەی کە کوژرا و دایکی ناچار به‌ خواردنی گۆشتەکەی كرا، ئەو ڕووبارانەی بە خوێن دەڕژان، ئەو لاشەی کە لەسەر ڕێگاکە کەوتبوون...

جیهانێک لەژێر وێرانی شەنگالدا دەمرێت

ڕۆژبین دەنیز

 

شەنگال- بێریتان شەنگالی لە قووڵترین ئازاردا بوو. ئەوەی لە پشت دیوارەکەوە شاهیدی بوو، برینێکی لێکەوتەوە کە هەرگیز چاک نابێتەوە. ناچار نەبوو سەیری کوشتنی کچە خاڵە چل رۆژه‌كه‌ی بکات. ترس و ئازار و ڕەنگە زۆر هەستی وەسف نەکراوی لەناو خۆیدا کۆکردبێتەوە و لەو هەستانە جەنگاوەرێکی دروستکرد.

 

بێریتان دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر قسەکانی هەڵدەبژێرێت، کاتێک هەوڵدەدات باس لە داعش بکات کە کارێکی کردووە بۆ ئەوەی دەنگی هاواری منداڵان ببڕن، ڕەنگە هیچ وشەیەک نەتوانێت بە تەواوی وەسفی ئەو شتانە بکات کە لەو ساتەدا ڕوویدەدا.

 

"لە ژوورەکەدا منداڵێکی تەمەن چل ڕۆژیان بە شمشێرەکەی دەستیان کوشت، لەبەر چاوی دایکی و ئەو ژنانەی لەوێ بوون، گیانی منداڵێکی چل ڕۆژەیان سەند، هەستم بە ساردی ئەو دیوارە کرد کە دەموچاوم لەسەر دادەنا، هاواری بێدەنگی خاڵۆژنم ئەو ڕۆژە هەموو شەنگالی وێران کرد، جیهانێک لە ژێر وێرانەکانی شەنگالدا مرد، لەو ساتەدا هەموو شتێک وەک بەستوو وابوو، نازانم چەند کات تێپەڕی، دەستم خستە سەر سیلاحەکەم، بەهۆی توڕەییەکەمەوە ویستم بچمە دەرەوە و بە سیلاحه‌کەمەوە شەڕ بکەم. ویستم لەو شوێنە بێمە دەرەوە کە خۆم تێدا حەشاردابوو، بۆ کەمێک لەسەر کورسییەکە مامەوە و توڕەیی دایگرتم، ژمارەی زۆری ئەوان ڕێگری لێکردم. دەمتوانی بچمە دەرەوە و بە چەکێک هێرش بکەمە سەریان کە نەمدەزانی چۆن بەکاریبهێنم. من ون ببووم و بەستوو بووم، کاتێک هۆشم هاتەوە بیرم کردەوە لەنێوان دەرچوون و مانەوەدا تێدا مابووم، من هێزیشم نەبوو تەنانەت یەکێکیان بکوژم، ئەوەم دەزانی".

 

"بە زۆرەملێ دەرخواردیان دا"

بێریتان دوای ماوەیەک بیری کردەوە و بڕیاریدا چاوەڕێ بکات. ئه‌م چاوه‌ڕوانیه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو که‌ بڕیارێک بدرێت بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له‌ داعش، لە پشت ئەو دیوارەوە سوێندی خوارد تۆڵە بکاتەوە.

 

"دەمویست بزانم خاڵۆژنم چۆنە، جارێکی تر سەیری ژوورەکەم کرد، خاڵۆژنم لەسەر زەوی پاڵکەوتبوو، بێدەنگ بوو، چاوەکانی داخستبوو، چەتەکان ژوورەکەیان بەجێهێشت و ڕۆیشتن. کاتژمێرەکان تێپەڕی و خاڵۆژنم هیچ نەجوڵا، جەستەی لەوێ بەستبووی، ڕۆحی منداڵەکەی لە باوەش گرتبوو و ڕەنگە زۆر دوور ڕۆیشتبێت. دوای ماوەیەک داعشێک خواردنی بۆ خاڵۆژنم هێنا، برنج و گۆشت هەبوو. کاتێک خواردنەکەیان هێنا، نیشانی خاڵۆژنمیان نەدا، داعشێکی تر هات و چاوی خاڵۆژنمی داخست و ناچاریان کرد خواردنەکە بخوات، دواتر لێیان پرسی 'ئایا گۆشتی کۆرپەکەت باشە؟'"

 

هەموو شتێک ڕاست بوو

بۆ دایک چۆنە گۆشتی کۆرپەکەی بخوات، چۆن دەکرێت و دەوترێت، چۆن گوێی لێدەگیرێت، چۆن دەنووسرێت؟ ئەگەر هەموو فەرمانەکان لەبەر ئاینێک یان میللەتێک دەرکرابن، منداڵێکی چل ڕۆژە سەر بە چ ئایین و نەتەوەیەکدا دەبێت؟ بیروباوەڕی کۆرپە چییە؟ ئایا مرۆڤ دەتوانێت بڕیار بدات کەی لەدایک دەبێت کام نەتەوە یان ئایین دەبێت؟ لە شایەتحاڵی چاوەکانی بێریتانەوە لە ڕاستی ئەو شتانە تێگەیشتین کە لە شەنگالدا دەگوترێت، دڕندەترین و ڕقاویترین لایەنی فەرمانی هێنانی دایکێکە بۆ خواردنی گۆشتی کۆرپەکەی. ئەوان ئەم دڕندەییەیان ئەنجامدابوو کە عەقڵ و ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤ قبوڵی ناکات، زیادبوونی توڕەیی و ڕق لە بێریتان بڕیاریدا دژی ئەم دڕندەییە بجەنگێت.

 

"ئەو بڕیارەی لەو کاتەدا دام نەڕۆشتن بوو، ئەو توڕەیی و تۆڵەیەی لەناومدا گوڵی دەکرد، دەوری دڵم و هەموو جەستەمی گرتبوو، ئێستا من دایکی توڕەیی و تۆڵەکردنەوەکە بووم. ئەمە فەرمان بوو، کاتێک دایک و باوکمان فرمانیان دەگێڕایەوە، ئێمە پێمان وابوو فیلمە، دواتر زانیم کە فیلم نییە، زۆر زیاترە لە فیلم، دووەم ڕۆژ بوو لە تونێلەکەدا، نەمتوانی قورسایی ئەو ڕۆژە تێپەڕێنم، گەیشتبووینە کۆتایی ڕۆژ، چوومە دەمی تونێلەکە، ویستم سەیری خۆر بکەم بەڵام خۆرئاوا ببوو، دەرەوە زۆر سەلامەت نەبوو، تێگەیشتم چەتەکانی داعش چین پێناسەی هەموو شتێک دڕندانە و بەربەرییە، کاتێک گەیشتمە کۆتایی تونێلەکە، گوێم لە دەنگەکان بوو لە پشتمەوە لە دەرگای تونێلەکە. دەنگەکان نزیکتر و نزیکتر دەبوونەوە، دەنگی هەنگاوەکان دەهات، لەوانەیە دوو کەس بێت لە نێوان خۆیاندا قسەیان دەکرد، باسی هەندێک شتیان دەکرد. من تێنەدەگەیشتم کە چی دەڵێن".

 

دوو ڕۆژ بێ ئاو

"زۆر پرسیارم لا دروستبوو، لەپڕ پرسیاری وەک 'ئێستا چی ڕوودەدات، کی دێتە توونێلەکە، ڕەنگە کەسێکی كز وەک من بێت و چی ڕوودەدات ئەگەر بتوانێت بێتە ناو تونێلەکە؟' ئەم پرسیارانە بەردەوام لە سەرمدا بوون. دەستم دەخستە سەر تفەنگەکەم، ئەگەر بێنە تونێلەکە تەقەم لێیان دەکرد و تا کۆتایی شەڕم دەکرد. پاشان ڕووناکییەکیان لەناو تونێلەکەدا داگیرساند و بەو چرای دەستی کە بەدەستیانەوە بوو، کۆنتڕۆڵی تونێلەکەیان کرد. ڕووناکی فانووسەکە بەرەو پێم هات و بەرزتر نەدەچوو. دوای ئەوەی ماوەیەک تەماشایان کرد، بڕیاریاندا کە لە ناوەوە هیچ شتێک نییە و ڕووناکی فانووسەکانیان نەما و دوور کەوتنەوە، من ڕزگارم بوو. نەمدەزانی ئەم شاردنەوەیە چەند دەخایەنێت، بەڵام پێویستم بە دۆزینەوەی ڕێگەیەک بوو بۆ گەیشتن بە شاخەکان، زیاتر دەترسام و ئارەقم دەکردەوە و تینوش بووم".

 

ژنەکانیان برد و ڕۆیشتن

سەدان داعش کە هەزاران ژن و پیاوی ئێزدییان لە بازاڕی کۆن ڕفاند، چییان لێدەکردن؟" منیش پرسیارم دەکرد کە ئەوانەی لە دەرەوەن و لە ماڵەوە دەستبەسەر دەکرێن چییان بەسەر دێت. ئایا هەموویان وەک منداڵە ٤٠ ڕۆژەکەی خاڵۆژنم دەبن یان شتێکی تریان بەسەر دێت؟ ترس و نادڵنیایی هەستێکی زۆر خراپە و بەرگەی ناگیرێت. دووبارە دەستم کردەوە بە سەیرکردن. ژنەکان لەو شوێنە مابوونەوە کە لێی بوون، هیچیان نەدەهێنا بۆ خواردن و خواردنەوە. هەمووان برسی و تینوو بوون. پاشنیوەڕۆ داعش هاتە ژوورەوە. هەموو ژنەکان دەرهێنران و بردرانە دەرەوە. ماڵەکە بۆ چەند ساتێک بێدەنگ بوو. لە دەرەوە دەنگێک دەهات، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دوور دەکەوتەوە. بە کەڵک وەرگرتن لەم دۆخە بڕیارمدا شوێنەکەم بەجێبهێڵم بۆ دۆزینەوەی ئاو و شتێک بۆ خواردن. جارێکی تر سەیری دەوروبەرم کرد و هیچ دەنگێکم نەبیست".

 

لەناو دۆڵابی چێشتخانەکەدا خۆی حەشاردا

 

داعش ماڵەکەیان بەجێشێت و بێریتان لە تونێلەکەوە چووە چێشتخانەکە، "دوای ئەوەی دڵنیا بووم لە رۆیشتنیان، شوێنی خۆم بەجێهێشت و چوومە چێشتخانە، لەوکاتەدا دەنگەدەنگەکە هاتەوە و لە ماڵەکە نزیک بووەوە، مەحاڵ بوو بۆ من لە چێشتخانەکە دەربچم. لە چێشتخانەکەدا بەدوای شوێنێکدا گەڕام بۆ ئەوەی خۆم بشارمەوە. لە چێشتخانەکەدا دۆڵاب  هەبوو، لەناو دۆڵابێکدا خۆم شاردەوە. هاتنە چێشتخانەکە و هەموو خواردنەکانیان کۆکردەوە، دۆڵابی تەنیشتی منیان کردەوە شتەکانیان دەرهێنا، پێموابوو دەرگای دۆڵابەکەی منیش دەکەنەوە، ئەوەندە دەترسام کە پێم وابوو دڵم دەوەستێت، دەترسام گوێیان لە لێدانی دڵم بێت. بەڵام دەرگاکەیان نەکردەوە و ڕۆشتن، دەنگیان بە تەواوی بڕا، دوای ئەوەی دڵنیا بووم کە نەماون، لە دۆڵابەکە هاتمە دەرەوە، خێرا بەدوای شتێکدا گەڕام بیخۆم، نانێکی وشکم دۆزیەوە، ئاوم برد و ڕامکرد بۆ ئەو تونێلەی کە خۆم تێدا حەشاردابوو، دواتر بیرم کردەوە خاڵۆژنم بدۆزمەوە و لە دەستی ئەواندا ڕزگاری بکەم و بچێنە شاخ، لە دەرگای ماڵەکەوە سەیرم کرد چەتەکان لەوناوە بوون، ژنەکان لە قەراخ ڕێگەکەدا ڕیزکرابوون، ئەگەر هاواری ژنان و بەرخۆدانیان بۆ نەچوون لەگەڵ داعشەکان وەک داستانێک بنووسرێت، هەموو جیهان شەرم لە دۆخی ئەوان دەکات".

 

"بە هێواشی دەرگای ماڵەکەم کردەوە و دەرچووم، پشتم بە دیوارێکی تەنیشت ماڵەکە بەست، دۆڵێک هەبوو، دەبوو بچمە ئەو دۆڵەوە کە بەرەو شاخەکە دەڕوات. چیتر بۆ من نەدەکرا خاڵۆژنم ڕزگار بکەم، هەموو ژنەکان کرابوونەوە پاسەوە، گەیشتمە بێدەنگترین گۆشەی دیواری باخچەی ماڵێکی نزیک دۆڵەکە و لەوێ خۆم شاردەوە، دوای مانەوەم بۆ ماوەیەک لەوێ، دڵنیا بووم کە داعش رۆیشتووە. بە هێمنی بەرەو پێشەوە ڕۆیشتم و لە شوێنێک نزیک بوومەوە کە دۆڵی لێ دیار بوو. کاتێک سەرم بەرز کردەوە و سەیری دۆڵەکەم کرد، چیم بینی! دیمەنی زۆر ترسناک هەبوو. دۆڵەکە پڕ بوو لە تەرمی مرۆڤ. ئاو بە ڕەنگی خوێن دەڕژا".

 

"ئاوی دۆڵەکە لە ڕۆژی فەرمانیشدا دەڕژێت"

بێریتان ئاماژەی بە دۆڵەکە کرد و وتی: سەیرکە دۆڵی ئێرە زۆر گەورە نییە، بەڵام ئەو دۆڵە پێش فەرمانەکە و لە ڕۆژی فەرمانەکەدا تاڤگەکەی لێی دەڕژا، ئێستا ئاوەکەی کەم بووەتەوە، منداڵەکان حەوزێکیان بۆ خۆیان دروستکردووە و لەناویدا کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن. مەلە دەکەن بەبێ ئەوەی بزانن چی ڕوویداوە"، لەناو ئاوەکەدا زۆرێک لە کوڕان بە خۆشحاڵیەوە یارییان بە خۆڵەکە دەکرد، هەندێکیان لەناو ئاوەکەدا مەلەیان دەکرد. ئەو کەسانەی کە لە کەناری ڕێگادا سەریان بڕاوە و لە ڕۆژی فەرمانەکەدا فڕێدرایە ناو دۆڵەکە، ڕەنگە باوک و باپیر و برا و خاڵ و پور و دراوسێیان بووبێت. پێش فەرمانەکە کەس نەدەچووە ناو ئەم ئاوەوە، دوای فەرمانەکە پێویستە خەڵک بۆ ماوەیەک لەم ئاوە دوور بکەونەوە. ئەو شوێنەی کە بێریتان باسی دەکات لە لێواری ڕێگاکەیە و بەرەو چیا ڕۆیشت. وەک دەریاچەیەکی بچووک وابوو، دەڕژایە خوارەوە بۆ ئەوەی ببێتە کەناڵێکی ئاو، ئێزدییەکان دەیانگوت کاتێک زەوی و ئاو شاهیدی ئەوە بوون کە بەسەر ئێمەدا هات، شەرمەزار بوون، نیعمەتیان کەم بووەوە.

 

"یاخیبوونی پیاوانی ئێزدی، کە دەیانزانی ئەو ڕۆژە سەریان دەبڕدرێت، گۆڕا بۆ هاوار، هەندێکیان وەک ئەوەی لە چارەنووسیان ڕازی بن، بە هێمنی سەریان دەخستە ژێر شمشێرەکەوە، ئەو ڕۆژە ئێمەی ئێزدییەکان بەڕاستی خیانەتمان لێکرا. زیاتر لە نیوەی ئەو پیاوانەی سەریان بڕابوو، لە بواری سەربازیدا بۆ سەدام و بۆ پەدەکە خزمەتیان کردبوو. سەرەڕای ئەمەش پەدەکە چەکەکانیان لێوەرگرتن و لە ستەمکاری داعشدا بەجێیان هێشتن، هەر کە سەربازە عێراقییەکان ناوی داعشیان بیست، ون بوون. ئەوەی ئەو ڕۆژە لە فەرمانەکەدا ڕوویدا دەریخست کە ئێمە چەندە بێ بەرگریین. ئێمەی ئێزدییەکان لە سوپادا خزمەتمان بە هەمووان کردبوو، بەڵام فێری بەرگریکردن لە خۆمان نەبووین، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ چه‌ك له‌ ده‌ستی ژن و پیاودا بوایه‌ و ئه‌گه‌ر بزانن چۆن به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن، داعش نەیدەتوانی هه‌زاران لە خه‌ڵكی ئێمه‌ بكوژن. دوای فەرمانەکە زانیمان خیانەت چی بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیمان هێناوە. نرخی ئەم خیانەتە زۆر قورس بوو".

 

هەموو شوێنێک پڕ بوو لە تەرم

"من ویستم بۆ ماوەیەک لە لای دۆڵەکە خۆم بشارمەوە، بەڵام بەهۆی هاوارەکانی خەڵکەوە نەمتوانی بوەستم، بۆیە لەژێر دیوارەکەدا بە خزان بەرەو پێشەوە ڕۆشتم، دوای ماوەیەک دیمەنی ئاوەکە قورس بوو، زۆر ترسناک بوو کە سەری مرۆڤەکان لەناو ئاوەکەدا ببینیت. نەمدەتوانی سەیر بکەم، سەرم دەسوڕاند. کاتێک سەرم بەرز کردەوە بۆ ئەوەی سەیری دەوروبەرم بکەم و سەیری بکەم، یەکەم شت کە سەرنجی ڕاکێشام، لێشاوی ڕەنگی خوێنی ئاوی ناو دۆڵەکە و سەری مرۆڤی ناوەوە بوو. ئەمەش ئازارێکی زۆری دەدام. دوای ماوەیەک ڕۆیشتم. هەوڵمدا ڕێگای نێوان ئەو ماڵانە بدۆزمەوە کە بەرەو شاخەکە دەڕوات. زۆر رۆیشتم، بەڵام بۆ ئەو شوێنەی کە دەچووم، دۆڵی و لای رێگاکەم دەبینی، خەڵک بە کۆمەڵ دەبران بۆ دۆڵەکە. دوای دوو شەو و سێ ڕۆژ لەناو تونێلەکەدا بازاڕی کۆنم بەجێهێشت. دەمزانی ئەگەر داعش بمگرن دەمکوژن. هەمیشە هیوام هەبوو کە ڕزگارم بێت، گەشتمە لای لۆفەکان و بیبنیم داعش ئاڵای خۆیان داناوە، لە پشت بەردێکەوە خۆم شاردەوە، ماوەیەک لەوێ مابوومەوە، لە ترسەوە نەمتوانی سەیریان بکەم. ئەوەی دوایین جار بینیم ترساندمی. لە ترسدا دەلەرزیم و نەمدەتوانی سەرم بەرز بکەمەوە. سێ جار هەوڵمدا بڕۆم بەڵام هەر جارێک دەیانبینم. چه‌ندین داعش هه‌بوون له‌ لۆفەکانه‌وه‌ تا بازاڕی کۆن و شه‌نگال، هیچ نیازێکیان نەبوو بڕۆن، ناچار بووم هێواش هێواش لەو شوێنە دوور بکەومەوە کە لێی بووم، هەوڵمدەدا بە دزییەوە بچمە لای شاخەکە. ئەو شیرە و خواردنەی کۆمکردبووەوە هەڵمگرتبوو، بوتڵێکی ئاویشم هەڵگرتبوو لە ئەگەری ئەوەی ئاو لەسەر شاخەکە نەبێت، چەکەکەی باوکیشمم هەڵگرتبوو، گەیشتمە ناوچەیەکی دارستان کەس نەیبینیم. لە ناوچەی دارستان خۆم شاردەوە. دوای ماوەیەک داعش ڕۆشتن و منیش چووم بەرەو شاخەکان.
 

 

سبەینێ: قژی خۆی بۆ ئازادی درێژ کردەوە