تا ئێستا هیچ بەربەستێک نەیتوانیوە خەونەکانی سەما بوەستێنێت
زوڵفا عوسمان باسی لە کچەکەی سەما خەڵەف کرد کە نابیست و ناگۆیە و دەڵێت: سەما کچێکی بەهێز و متمانە بەخۆیە، سەرەڕای ئەم ئاستەنگە، ئارایشتگای کردۆتەوە.
نەغم چاچان
قامیشلۆ-سەرەڕای ئەو ئاڵەنگاریانەی کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئیرادە و پشتیوانیان دەتوانێت سەختییەکان بکاتە چیرۆکی سەرکەوتن، یەکێک لەو چیرۆکانە چیرۆکی دایکێکە کە کچەکەی نابیست و ناگۆ لەدایک بووە و ئامادە نەبووە خۆی بداتە دەست بارودۆخەکەی، بەڵکو بە ئیرادەیەکەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان بووەوە تا توانی ئارایشتگای جوانکاری خۆی بکاتەوە، هەروەها نیشانی داوە کە ئەم جۆرە کەمئەندامییانە بەربەست نین لەبەردەم گەیشتن بە خەونەکان.
زوڵفا عوسمان، دایکی سەما خەڵەف، سەبارەت بە سەمای کچی کە نابیست و ناگۆیە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد، ڕوونی کردەوە، کە سەرەتا ئاگاداری ئەم پێویستییە نەبوون و وتی: کاتێک سەما لەدایک بوو کێشەی تەندروستی زۆری هەبوو، کە بۆمان دەرکەوت کە کێشەی بیستن و قسەکردنی هەیە تەمەنی لە سەرووی ساڵێکەوە بووە، سەرەتا پەیوەندیمان لەگەڵ سەما زۆر قورس بوو، دواتر چارەسەرکەرێکی قسەکردنمان ناسی کە یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە پێویستی تایبەتیان هەیە، سەمامان بردە لای و لەوێ فێری ئەلفوبێ بوو، ئێستا سەما لە ڕێگەی ئاماژە و جوڵەی لێوەوە لێمان تێدەگات.
”سەما ناتوانێت بە تەنها بچێتە دەرەوە”
زوڵفا عوسمان وتی: سەما ناتوانێت بە تەنها بچێتە دەرەوە، کاتێک هەندێک کەس پرسیاری لێدەکەن، ناتوانێت وەڵامیان بداتەوە، خێزانەکە بە گشتی سەمایان خۆشدەوێت و بۆچوونی ئەویان دەوێت لەسەر هەموو شتێک، کاتێک سەما پێویستی بە شتێکە، بە ئاماژە پێم دەڵێت، ئێمە دەچین پێکەوە دەیکڕین.
”دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی بەرگێکی بۆ دابین کرد”
زوڵفا عوسمان باسی لەوەشکرد، ڕێکخراوی نودەم زۆر هاوکار بووە بۆ سەما و وتی: سەنتەرێک هەبووە تا تەمەنی ١٠ ساڵ هاوکاری سەمای دەکرد، دواتر ئەو سەنتەرە داخرا، هەروەها ڕێکخراوی نودەم پاڵپشتییەکی دەروونی زۆری بۆ سەما دابینکرد، ئەوانیش بردیان بۆ چەندین فێستیڤاڵ و پڕۆژە بۆ ئەوەی متمانەی بەخۆی دروستبکات، هەندێک یارمەتی لە ڕێگەی کۆمینەکانەوە پێشکەش کرا، سەما پێویستی بە کورسی گەڕۆک بوو، ماڵی ژنان و دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتیش کورسییەکی گەڕۆکیان بۆ دابین کرد.
”سەما یەکێک بوو لە زیرەکترین کەسەکان”
زوڵفا عوسمان باسی لەوەشکرد، سەما مەشقی لە بواری ئارایشتگا وەرگرتووە و سەرکەوتوو بووە لەو کارەدا، هەروەها وتی: ڕێکخراوی ئیل-بور ڕایگەیاند، کە مەشقەکە پێشکەش بە خەڵک دەکەن، بەو پێیەی کچەکم کێشەی بیستن و قسەکردنی هەیە، ناتوانن ڕاستەوخۆ یارمەتی بدەن، بۆیە من خۆم لەگەڵ کچەکەم چوومە مەشقی ئارایشتگا، دوای تەواوبوونی مەشقەکە، چەندین کەرەستەی ئارایشتگا بۆ کەسانی بەتوانا و زیرەک دابین کران، سەما یەکێک بوو لە سەرکەوتووەکان و کەرەستەی ئارایشتگاکە بەخشرایە سەما.
”دوای ئەوەی دەستی بە کارکردن کرد، بەهێزتر بوو و متمانەی بەخۆی زیاتر بوو”
زوڵفا عوسمان ڕوونی کردەوە،کە کەمئەندامی سەما واتای ئەوە نییە کە خەونی نییە و لە کۆتاییدا وتی: سەما ئارایشتگای کردۆتەوە و خەڵکێکی زۆر دێنە لای، دوای ئەوەی سەما دەستی بە کارکردن کرد، زیاتر بەهێزتر بووە و متمانەی بەخۆی هەبووە، سەما خەونی زۆری هەیە، دەیەوێت خانوو و ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی هەبێت، پەیامی من بۆ هەموو خاوەن پێداویستی تایبەت ئەمەیە، لە ماڵەوە مەمێنەرەوە، بچۆرە دەرەوە بۆ ناو کۆمەڵگە و خوێندن وەربگرە، مەهێڵە ئەم کەمئەندامییە ببێتە کێشە لەبەردەم خەونەکانتدا.