چادر، خەونی ئەو ژنانەی دوای بوومەلەرزەکە لە تورکیا گەڕانەوە

زۆرێک لە ژنانی ناو کەمپەکانی باکووری سوریا ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی دۆزینەوەی پەناگە دەبنەوە و چادر بووەتە خەونی کۆتایی داهاتوویان.

هەدیل عومەر

 

ئیدلیب- سەدان ژنی پەنابەری سووری لە تورکیا دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە لە ٦ی شوبات ڕوویدا و تێیدا خێزانەکانیان لەدەستدا، گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی دۆزینەوەی پەناگە ببەنەوە، چادر بووەتەوە خەونی کۆتاییان بۆ مانەوە لە ژیاندا،

 

مریەم ئەلحەریتانی تەمەن ٣٨ ساڵ، کە دوای مردنی هاوژینەکەی لە بوومەلەرزەدا و وێرانبوونیی ئەو خانووەی کە پێشتر تێیدا دەژیا لە تورکیا، لەگەڵ سێ منداڵەکەیدا گەڕاوەتەوە بۆ ئیدلب، دەڵێت لە دوای بوومەلەرزەکەوە دوژمنایەتی بەرامبەر بە سورییەکان لە تورکیا زیاتر بووە، دوای وێرانبوونی ماڵەکەشی نەیتوانی پەناگەیەکی دیکە بدۆزێتەوە و بیرکردنەوە لەوەی هیچ ڕێگەچارەیەکی نییە، بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ سوریا، دەڵێت: تەنانەت نەمانتوانی چادرێکی بچووکیش بەدەستبهێنین، بۆ بە ناچاری لە چادری براکەمدا، کە لە هاوژینەکەی و پێنج منداڵی پێکهاتبوون، دەستمان بە ژیان کرد.

 

ڕەوان مسڕیی تەمەنی ٤٤ ساڵ، لەگەڵ خێزانەکەی کە پێکهاتبوون لە هاوژینەکەی و شەش منداڵ خۆبەخشانە گەڕاوەتەوە بۆ سوریا دوای ئەوەی هەموو ئەو کەلوپەلانە لەدەستدەدەن کە ساڵانێکی زۆرە هەوڵی کۆکردنەوەی داوە لە تورکیا، ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە کەسوکارەکەی گیانیان لەدەستداوە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکاندا، وتی: کاریگەری کارەساتەکەمان لەسەربوو، چیتر نەمتوانی شوێنی حەوانەوە دەستەبەر بکەم و کرێی خانوویەکی نوێ بدەم، بەتایبەتی کە تورکەکان دەستیان کرد بە سودوەرگرتن لە دۆخی نالەباری سورییەکان بۆ زیادکردنی کرێ و فشاریان لەسەر کردین، ئەمەش ئاماژەبوو بۆ گەڕانەوەمان، دوای ئەوەی هەستمان بە سیاسەتی "تێکدان"ی ئەو سورییانەی کە بۆ بژێوی ژیانیان لە وڵاتەکەدان.

 

دوای گەڕانەوەی ڕەوان مسڕی و بنەماڵەکەی کێشەکەیان چارەسەر نەکرا، چونکە لە ئیدلب ڕووبەڕووی سەختی بەدەستخستنی پەناگە بوونەوە، هەروەها زیادبوونی بێ وێنەی کرێی خانوو وایکرد کە بەدوای چادردا بگەڕێن و دوا هیوایان بێت.

 

لەمعە قەمرون ٤٢ ساڵە و باسی لەوەکرد، دوای زیاتر لە دوو مانگ لە کارەساتی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە، "چادر" بووە خەونێک بۆ هەزاران خێزانی ئاوارە و ئازارچێشتوو لە باکووری سوریا، پێش بوومەلەرزەکە زۆرێک لە سورییەکان لە تورکیا توانیان هەلی کار بدۆزنەوە، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی کەمی سەرچاوە و خراپی پەیوەندییە ناوخۆییەکان دەبنەوە.

 

لەگەڵ کەمبوونەوەی پێداویستی خۆراک و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بەرزبوونەوەی هەستی دژە پەنابەران لە تورکیا، زۆرێک لە خەڵکی سوریا تادێت هەست بە پێشوازی نەکردن دەکەن، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە تورکیاوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان لە سوریا، لەکاتێکدا هێشتا ئاسایشی خۆیان بەدەست نەهێناوەتەوە.