لە سودانەوە بۆ حەلەب: دەنگی ئێمە یەکە
چالاکوانانی سودان جەختیان لەوەکردەوە کە ژنان گەورەترین زیانبەرکەوتووی شەڕەکانن، بەو پێیەی جەستەیان وەک چەکی تۆڵەسەندنەوە لە ڕێگەی دەستدرێژی و کوشتن و بڕینی بەشەکانی جەستەیانەوە بەکاردەهێنرێت، کە ئەم پێشێلکارییانەش ڕەنگدانەوەی سیاسەتی حکومەتە توندڕەوەکانن.
میرفەت عەبدولقادر
سودان- ژنان لە سەرانسەری جیهان بەردەوامن لە هەڵگرتنی قورسایی شەڕەکان و جەستەیان لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەدا دەکرێتە ئامانج، ئەو پێشێلکاریانەشی کە تووشی دەبن لە سەرانسەری قۆناغە جوگرافی و مێژووییەکاندا هاوشێوەن، ئەم پراکتیزانە بە هەموو جۆرەکانیانەوە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پێکدەهێنن.
لە سووریا، دۆخی مرۆیی حەلەب بە خێرایی بەرەو خراپتر دەچێت، بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، کە پێکدادانەکانی نێوان حکومەتی کاتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات ''هەسەدە'' پەرەی سەندووە، ئەم پەرەسەندنە ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی زیاتر کردووە و دۆخی مرۆیی کە لە ئێستاوە ناجێگیرە لەم ناوچانەدا زیاتر لاواز کردووە.
ئەو هەڵکشانە لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، کە ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج، ئەمەش گوزارشتە لە قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییەی کە ناوچەکەی گرتووە.
''بڕینی جەستەی ژنان''
ئەو تاوانە خوێناویانەی کە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە شاهیدی دراون، لەوانە کوشتن، ئەشکەنجەدان، کۆچکردنی زۆرەملێی خەڵکی مەدەنی و پێشێلکارییە سیستماتیکییەکان کە ژنان و منداڵان دەکەنە ئامانج، هاوشێوەیەکی بەرچاویان هەیە لەگەڵ ئەوەی کە لە فاشر ڕوویدا کاتێک کەوتە دەستی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە دارفور لە ڕۆژئاوای سودان، کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا ژنان دەستدرێژییان کراوەتە سەر و تووشی ترسناکترین جۆرەکانی توندوتیژی سێکسی و لێدان و هاوسەرگیری زۆرەملێ بوونەتەوە، هەروەها ڕفاندن و فرۆشتن لە بازاڕەکاندا کە بە تایبەتی بۆ ژنان دیاریکراون، دیمەنێک دەخاتە پێش چاو کە دەکاتە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کە سەرەڕای جیاوازی کات و شوێن دووبارە دەبێتەوە.
ئیلاف مەحجوب، چالاکوانی فێمینیست دووپاتی دەکاتەوە، کە ململانێی سودان جیاوازی نییە لەگەڵ ئەوەی لە سووریا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەدا ڕوودەدات، کە ژنان وەک هێڵێکی هێرش و چەکی شەڕ بەکاردەهێنرێن و لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش دەکرێن و لەکاتی ململانێکاندا تووشی پێشێلکاریی ڕاستی دەبن، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافەکانی ژنان بەشێکی دانەبڕاوە لە مافەکانی مرۆڤ و هەر پێشێلکارییەکیش بۆ سەریان نوێنەرایەتی پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەها مرۆییە گشتگیرەکان دەکات.
سەبارەت بە لێکچوونی ئەو تاوانانەی کە لە کاتی شەڕەکاندا دژی ژنان ئەنجام دەدرێن، ئاماژەی بە ڕووداوی کوشتنی ژنێکی گەنجی شەڕڤان کرد لەسەر دەستی چەتەکانی هەتەشە، کە لە گرتەڤیدیۆیەکدا بڵاوبووەتەوە و تیایدا دەرکەوتووە کە جەستەی فڕێدەدەن و دەیبڕن لەکاتێکدا ئەوان هاواریان دەکرد و دەیانووت ''اللە ئەکبەر''، ئەوەش وەکو ئاهەنگگێڕانێک بۆ تاوانە قێزەونەکەیان، ئەم پراکتیزانە ڕەنگدانەوەی ڕادەی پێشێلکارییە سیستماتیکییەکانە کە ژنان لە شەڕە چەکدارییەکان دەکەنە ئامانج و پشتڕاستی دەکەنەوە کە جەستەیان وەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی نمرەکان و تیرۆرکردنی کۆمەڵگەکان بەکاردەهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووداوەکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش هاوشێوەی ئەو پێشێلکارییانە بووە کە دژی ژنان لە سودان ئەنجامدراون، کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە دارفور ژنێکیان کوشتووە و تەرمەکەیان بە دارێکەوە هەڵواسیوە، ئەمەش کردەوەیەکی ترسناکی جەستەیی بووە، هەروەها پێشێلکارییەکان هەر بەوەوە نەوەستا، بەڵکو درێژبووەوە بۆ دەستدرێژی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ تەنانەت لە ناو کامپەکانی ئاوارە و پەنابەران، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییەیە کە ژنانی ئەوێ تووشی بوون.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە شەڕەکان لە وڵاتە جۆربەجۆرەکان تەنها بە چەک ناکرێن، بەڵکو لەسەر جەستەی ژنانیش بەڕێوەدەچن، کە گەورەترین قوربانین، بەڵام ململانێی سودان بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی توندوتیژی سێکسی تایبەتمەند بووە، بەتایبەتی لەم دواییانەدا، کە پێشێلکاریی جددی لە شێوەی دەستدرێژی تاکەکەسی و گروپیدا لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە ئەنجامدراوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی ئیرادەی ژنان و تێکدانی خۆڕاگرییان.
هەروەها هەندێک لە ژنانی سودان ڕفێندراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار و بەشێکی دیکەشیان بە زۆر هاوسەرگیرییان پێکراوە، جگە لەوەش لە دارفور بازرگانی بە ژنانەوە دەکرا و بە وڵاتانی دیکە دەفرۆشران، سەرەڕای توندی ئەم پێشێلکاریانە، ڕێکخراوە تایبەتمەندەکان لە بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی دژی ژنان مەزەندە دەکەن کە ئەوان تەنها ٢٪ی کۆی ژمارەی پێشێلکارییە ڕاپۆرتنەکراوەکان پێکدەهێنن.
''توندوتیژی و شەڕەکان دەرئەنجامی حکومەتە توندڕەوەکانە''
مونیرە موسا، چالاکوانی فێمینیست، هۆکاری توندوتیژی و پێشێلکارییەکانی دژی ژنان لە شەڕەکاندا گەڕاندەوە بۆ سروشتی ئەو حکومەتە توندڕەوانەی کە حوکمڕانی ئەو وڵاتانە دەکەن، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەو حکومەتانە توندڕەوی خۆیان لەسەر ژنان ڕاستەوخۆ پراکتیزە دەکەن، وەک ئەوەی لە سووریا و یەمەن و ئێران و لەم دواییانەشدا لە سودان ڕوودەدات، هەروەها "ململانێی خەرتوم جگە لە ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی حکومەتێکی توندڕەو کە مەیلی ئیسلامی تیرۆریستی هەیە، هیچی تر نییە".
جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەموو ئەو یاسایانەی لە سەردەمی حکومەتی ئیسلامی بەشیردا دەرچوون، ئامانجیان شکاندنی دەسەڵاتی ژنان و سنووردارکردنیان بووە، دیارترینیان یاسای ڕێکخستنی گشتی بوو، کە پێش سەرهەڵدانی ململانێکان لە خەرتومی پایتەخت جێبەجێ کرا و بەربەستێکی گەورە بوو لەبەردەم ئازادییەکانی ژنان لە سودان، هەروەها ئەم سیاسەتانە یاساکانی باری کەسییان لەخۆگرتبوو کە هەڵاواردنیان چەسپاندبوو و پێگەی ژنانیان لە کۆمەڵگەدا لاواز دەکرد.
ڕوونیشی کردەوە، کە یەکێک بووە لە قوربانیانی ئەو یاسا ناڕەوایانە، بەو پێیەی تەنها بەهۆی پۆشینی پانتۆڵەوە تووشی لێپرسینەوە و هەراسانکردنی یاسایی بووە، چونکە دەسەڵات ڕێگرییان لە ژنان دەکرد لە پۆشینی پانتۆڵ، هەروەها ئەو پێشێلکاریانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی حکومەتێکی توندڕەو و دیکتاتۆری و نازییە، حکومەتێکی پیاو باڵادەستە و دوژمنایەتی ژنان دەکات و دان بە بەهاکانیاندا نانێت و ڕێز لە مافە سەرەتاییەکانیان ناگرێت.
''یاسای درۆینەی سەرکەوتن''
ڕەحمە جابر، چالاکوانی فێمینیست و توێژەری ئەکادیمی، ئاماژەی بەو پێشێلکارییانە کرد کە لەکاتی شەڕدا ژنان تووشی دەبن، هەر لە دەستدرێژی و دەستبەسەرکردن و ڕفاندنەوە، تا دەگاتە کوشتن و بڕینی تەرمی مردوو و دەستدرێژیکردنە سەریان وەک ئەوەی لە سودان و سووریا ڕوویدا، کە لە بنەڕەتدا ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی ئەو کۆمەڵگانەن بەرامبەر بە ژنان، ئاماژەی بەوەشکرد، دیمەنەکانی وەک هەڵواسینی ژنێک لەسەر دارێک یان فڕێدانی لە شوێنێکی بەرزەوە دوای کوشتنی تەنها کردەوەی دڕندانە نییە، بەڵکو پەیامگەلێکن کە شەڕڤانان بۆ نیشاندانی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردن بۆ ئەودیو دەینێرن.
ڕوونیشیکردەوە، ئەوانەی ئەو جۆرە تاوانانە ئەنجام دەدەن، ژن وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ نابینن، بەڵکو وەک ملکەچی پیاوان لە دیوەکەی تردا دەبینن، وەک ئامرازی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن نەک وەک مرۆڤێک کە بەها و مافی سروشتی هەیە، هەروەها ژنان هەمیشە دیارترین قوربانی ململانێکانن، بەو پێیەی شەڕ لەسەر جەستەیان بەڕێوەدەچێت و ئازارەکانیان بۆ گەیاندنی پەیامی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردن دەقۆزرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆرێک لە چەکداران پێیان وایە یەکێک لە یاساکانی سەرکەوتن لە شەڕدا کوشتنی پیاو و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و پێشێلکردنی جەستەیانە، بە ئامانجی شکاندن و زەلیلکردنی کۆمەڵگە و هەستکردن بە کۆنتڕۆڵکردن و سەرکەوتن".
''گێڕانەوەی ئایین و سیاسەت وەک بەرگێک بۆ خراپ بەکارهێنان''
نەعمات کوکو، چالاکوانی سودان و پسپۆڕ لە پرسەکانی گەشەپێدان و سیاسەتی ئەڵتەرناتیڤ و ڕەگەزی، شەرمەزاری ئەو تاوان و پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێن کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوەی بەسەر دانیشتوانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب هات، هەروەها تاوانی بڕینی جەستەی ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، پێشێلکردنی ئاشکرایە بۆ مافەکانی مرۆڤ.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەبێت دادپەروەری و هاووڵاتیبوون بەردی بناغەی هەر گۆڕانکارییەکی داهاتوو بێت، دوور لە سیاسەتی هێز و قسەی ڕادیکاڵی کە پاساوی ڕشتنی خوێنی سووریا بە بیانووی چەقبەستوو دەدات، لە پێش هەموویانەوە گێڕانەوەی ئایین و سیاسەت کە وەک بەرگێک بۆ ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکاری دژ بە مرۆڤایەتی بە گشتی و دژی ژنان بە تایبەتی بەکاردەهێنرێت.