“دیکتاتۆرێک لە ناو دەبەن و دیکتاتۆرێکی دیکە دەهێننەوە"

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو بۆ سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامی هەیە و کەژاڵ عەبدولقادر، دەڵێت: "ماوەی ١٣ ساڵە ژنان لە ڕۆژئاوا توندوتیژی جەنگیان بەرامبەر دەکرێت". 

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ لە دوای کەوتنی دەسەڵاتی سووریا، چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بە تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ لە سەر ‌هێرشەکانی چەتەکانی داعش، دووبارە گەلی کورد لە رۆژئاوا کوردستانبەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە زێدی خۆیان ئاوارە دەبن، لە ئەنجامیشدا ژنان و منداڵان زیانبەرکەوتووی جەنگ دەبن، لە ڕێگەی دەستدرێژی و توندوتیژی و وەرزی سەرماوە ڕوبەڕووی ئاستەنگی و شەهیدبوون دەبنەوە. 

 

سەرەڕای خراپی بارودۆخی ئابووری لە باشووری کوردستاندا، ڕۆحی یەکگرتوویی هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بووەتە هۆکارێک کە گەلی کورد لە باشووری کوردستان بەردەوام بن لە کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی ڕێگریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کردنەوەی دەرەوازەی فیشخاپوور، ئاستەنگی بۆ گەیاندنی پێداویستییەکان دروست بووە. 

 

"دیکتاتۆرێک لە ناو دەبەن و دیکتاتۆرێکی دیکە دەهێننەوە"

کەژاڵ عەبدولقادر، داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، باس لەوەدەکات، بارودۆخی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ماوەی ١٣ ساڵە بە چەندین ململانێی جەنگیدا ڕۆشتووە، هاوڵاتیان بەردەوام لە بارودۆخێکی جەنگیدا ژیانیان کردووە، ژنان و منداڵان بەردەوام زیان بەرکەوتووی یەکەمی جەنگەکانن، دەڵێت: ئاوارەبوونی هاوڵاتیان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵانی ٢٠١٤ەوە بەردەوامی هەیە، جارێکی دیکە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاوارەبوونی هاوڵاتیان بەردەوامی هەیە، بە گوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە سێ میلیۆن کەس لە سووریا ئاوارە بوونە، نەبوونی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا پیلانێکی نێودەوڵەتییە لە لایەن دوژمنانمانەوە بۆمان فەراهەم کراوە، ئەم کێشانە ماوەیەکی زۆرە هەن، لە ژێر تاکتیکی خۆیاندا دیکتاتۆرێک لە ناو دەبەن و دیکتاتۆرێکی دیکە دەهێننەوە سەر فەرمانڕەوایەتی. 

 

ئەو داکۆکیکارە، باسی لەوەکرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە دژی کورد چەندین هێرش و داگیرکاری بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدات و وتی: دەبیندرێت لە ڕۆژئاوای کوردستان ناوچەکە بە سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری بەڕێوەدەبرێت، لە ئێستادا و لە دوای هێرشەکانی تورکیا بینیمان هەموو توێژەکان بۆ گەڕانەوەی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچەکەیان ڕژانە سەر شەقامەکان، بۆ گەڕانەوەی خۆسەری و هەبوونی ئەو فکر و بۆچوونەی ژیانیان لەگەڵ دەکرد، درێژەدان بەم جەنگە لە ناوچەی ڕۆژئاوادا دەگوزەرێت، درێژەدانە بە جەنگی تیرۆرستانی داعش لە ناوچەکەدا، بە هاوکاری و خۆفرۆشانی خاک ئەم جەنگە دوبارە دەکرێتەوە. 

 

" ژنان لە جەنگەکاندا ڕوبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی دەبنەوە " 

کەژاڵ عەبدولقادر، ئاماژەی بەوەدا، بە درێژای مێژوو لەگەڵ دروستبوونی جەنگ لەهەر ناوچەیەکدا ژنان و منداڵان زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، لە ئەنجامی بەناوکردنی شەرەفی ژنەوە هەردەم ئاستەنگییەکانیان بەردەوام لە زیابووندا بووە، دەڵێت: لەگەڵ هەبوونی داگیرکارییەکان و جەنگەکاندا لە ناوچەکاندا، دەبێتە هۆی پلە دوو بوونی ژنان، ئەم پلە دووە بوونەش دەبێتە هۆکاری بە کاڵاکردنی ژنان و کۆیلە کردنی ژنان، لە کاتی هێرشکردنە سەر ناوچەیەک یان گوندێک ژنانیان بە کۆمەڵ لەگەڵ خۆیان دەبرد تا بتوانن وەک دەستکەوتێکی جەنگ بازرگانیانن پێوەبکەن. لە ڕۆژئاوادا لە ئەنجامی جەنگی داعش ژنان و منداڵان ڕوبەڕووی دەستدرێژی، بازرگانیکردن بوونەوە،هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانیش درێژەدەری جەنگەکانی داعشن، لە ناویاندا دوبارە ژنان و منداڵان زیانبەرکەوتووی جەستەیی و دەروونی جەنگ دەبن، هەروەها لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆر لە سووریادا و شکاندنی زیندانەکان، بینیمان کە ژنان لە ناو زیندانەکاندا لە چە بارودۆخێکدا گوزەریان دەکرد، ژنان ڕوبەڕووی دەستدرێژی و توندوتیژی دەروونی و جەستەی ببوون، لە ئێستادا زۆرێک لە زیندانیان لە ئەنجامی جەنگدا باروودۆخی دەروونی و جەستەییان بەرەو لاوازی دەچێت. 

 

هەروەها ئەو داکۆکیکارە وتیشی: پشتگیری و هاوکاری ئەمریکا و ڕوسیا هۆکارە بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ناوچە خۆسەرییەکان لە باشووری کوردستاندا، هەروەها دروستکردنی هێز لە سووریا و ناوچە کوردنشینەکان بە هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بونیاد دەندرێت، بەردەوام کوردان لەو ناوچانە ڕوبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، وەک لە تۆڕە کۆمەڵایتەییەکان دەبینین گەنجان لە کاتی بەسەربردنی کاتی ڕۆژانەیاندا لە لایەنچەتەکانی تورکیا و تەحریر شامەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، بۆ ڕێگریکردن لەو بارودۆخەی سووریای پێدا تێپەڕدەبێت، لە ئێستادا پێویستی بە یەکبوونی هاوڵاتیان و هاتنەدەنگی سیاسەتمەدارانە، بۆ بونیادنانەوەیەک لە سە بنەماییەکبوون و سەربەخۆییەوە.

 

هەروەها لە کۆتاییدا باسی لەوەکرد، لە لایەن سیاسەتمەدارانی کوردی باشووری کوردستان سنووری سێمێلکا بەڕووی کوردانی ڕۆژئاوادا داخراوە، وتی: لە کاتی ئاوارەبوونی گەلی باشووردا، کوردانی رۆژهەڵات دەرگایان بەڕووی ئاوارەکانی باشووردا کردەوە، لە ئێستادا کوردانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان پێویستیان بە کردنەوەی سنورەکانە، بەڵام لە لایەن دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانەوە سنورەکان دەستایان بەسەردا گیراوە بە بیانووی نۆژەنکردنەوەوە، هاوڵاتیانی ڕۆژئاوا ناتوانن تێپەڕاندن بە سنورەکەدا بکەن، لە کاتێکدا نەک تەنها هاوڵاتیان ناتوانن لە سنورەرکانەوە تێپەڕن، هیوادارین کۆتایی بە هەموو جەنگ و هێرشەکانی سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، تا کوردانیش بتوانن بە بێ جەنگ ژیان بکەن