ماردین ئەو ژنەی خاوەنی کێل و گۆڕ و وەفات نامەیە،بەڵام لەژیاندایە
چیرۆکی ئەو ژنەتان بیستووە کە خاوەنی کێل و گۆڕ و وەفات نامەیە بەڵام لەژیاندایە، ئەمە یەکێکە لەو ڕووداوانەی کە گەلی کورد خاوەنییەتی، ماردین و بە دەیان کەسی دیکە خاوەنی چیرۆکی لەو شێوەیەن.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- لەپاش بڵاوبوونەوەی بۆنی سێوی ژەهراوی بە ناو هەڵەبجەدا، کۆمەڵکوژییەکی دیکە بەسەر گەلی کورددا هات، لەساڵی ١٩٨٨ کیمیابارانی هەڵەبجە دەستپێدەکات بە بڕیاری سەدام حسێن، سەرۆک کۆماری ڕژێمی بەعس و لەلایەن عەلی حەسەن مەجیدەوە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا جێبەجێ دەکرێت، ئەم کیمیابارانەی هەڵەبجە دەبێتە هۆی مردنی بە هەزاران مرۆڤ و ئاوارەبوونی هەزارانی دیکە بەرەو ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران، لەناویشیدا ئەوەی بێسەروشوێن بوون منداڵان بوون کە تا ئیستاش بە ساڵانە ئەو منداڵە ونبووانە دەگەڕێنەوە باوەشی هەڵەبجە و بە خێزانەکانیان شاد دەبنەوە،
هەڵەبجە خاوەن چەندەها چیرۆکی جیاوازە، کە هەریەکێکیان بەسەرهاتی ڕۆژانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەردەخەن کە چی بەسەر ئەو گەلەدا هاتووە، چیرۆکی ماردینی ونبوو، یەکێکە لەو چیرۆکانەی مرۆڤ ڕووبەڕووی تێڕامانی قوڵ دەکاتەوە، پرسیاری دەبێت چی پاڵنەر بێت گەلی کورد وای بەسەر دێت لە مێشکماندا دروست دەکات.
ماردینی دوو ساڵان وەک هەر منداڵێکی ونبووی دیکە، لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا لە خێزانەکەی دادەبڕێت و لە ئێراندا لەلایەن خێزانێکی ئێرانیەوە بەخێو دەکرێت، کاتێکیش دێتەوە بۆ زێدی خۆی دەبینێت خاوەنی کێل و گۆڕ و وەفاتنامەیە.
ماردین لە دوو ساڵیدا ون دەبێت و لە ١٢ ساڵیدا بە خێزانەکەی شاد دەبێتەوە
ماردین محموود فەتاح، یەکێک لەو منداڵانەی لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا لە خێزانەکەی ون دەبێت و کاتێک سەردەردێنێت لە ئێرانە و لەلایەن خێزانێکی ئێرانییەوە بەخیو دەکرێت.
لەو کاتەی هەڵەبجە کیمیاباران دەکرێت ماردین لەگەڵ خێزانەکەیدا لەژێر زەمینی ماڵی خۆیاندا دەبێت، بەپێی ئەوەی بۆیان باس کردووە، لەو کاتەدا کە خۆیان ڕزگار دەکەن، لە خێزانەکەی دادەبڕێت و پاسداری ئێران لەسەر سنوری نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵیدەگرنەوە و دەیبەنە ئێران.
ماردین باس لە خێزانە ئێرانییەکەی دەکات و دەڵێت: "ماوەی ١٢ ساڵ لەلای خێزانە ئێرانییەکەم ماومەتەوە، لەو ڕۆژانەی لە کۆڵان یاریم لەگەڵ منداڵاندا دەکرد یەکێک لە هاوڕێکانم پێی وتم تۆ منداڵی ئەو ماڵە نیت، هەڵەبجەییت"، بۆ ماردین وەک منداڵێک سەخت بووە گوێ بیستی ڕاستییەکی بەو شێوەیە بێت، کە منداڵی ماڵێک نییە چەندین ساڵە تێیدا دەژی. هەروەها وتی: "لە دواتردا لە دەمی دایکمەوە گوێبیستی ئەوەبووم کە بۆ هاوڕێیەکی باس دەکرد، وتی من منداڵی ئەم ماڵە نیم و هەڵەبجەییە بەخێوی دەکەین".
لە ١٢ ساڵیدا ڕێگەی باشوری کوردستان دەگرێتە بەر
ئەو منداڵە ونبووە، ئەگەرچی لە خێزانە کوردەکەی دابڕاوە، باوکە ئێرانییەکەشی فەرمانی لەسێدارەدانی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆ دەردەچێت، دوا وەسێتیشی ئەوەیە ماردین ڕۆڵە کوردەکەی، بە دایک و باوک و نیشتمانەکەی شاد ببێتەوە، چونکە لەدوای نەبوونی خۆی کەس نییە لە شێوەی باوکە ئێرانییەکەی نازی بکێشێت.
لەسەر وەسێتی باوکە ئێرانییەکەی، ماردین ڕێگەی باشوری کوردستان دەگرێتە بەر و بانگەوازی دەکات تا خێزانەکەی بدۆزێتەوە، لە ساڵی ١٩٩٨دا بە خێزانەکەی شاد دەبێتەوە.
ماردین لەپاڵ ئەو گۆڕەدا دانیشتووە کە ناوی خۆی لەسەرە، بە خەتێکی ڕەش نوسراوە "ماردین محموود فتاح"، ئەم گۆڕانە بە بڕیارێکی حکومەتی عێراقی بۆ ئەو کەسانە دروستکران کەلە کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا گیانیان بەخشیوە، وەک خۆی دەڵێت "من خاوەنی وەفاتنامە و گۆڕم، بەڵام لەشێکی زیندووم هەیە".
کاتێک باس لە منداڵانی ونبوو دەکرا وەک ئەفسانە سەیری دەکرا، کە چۆن دەبێت منداڵێک ون ببێت، بەڵام کاتێک ئیدی منداڵانی ونبووی هەڵەبجە گەڕانەوە ئەمە بووە حەقیقەتێک، کە منداڵانی کورد بەهۆی کۆمەڵکوژییەکانەوە، ڕووبەڕووی کارەساتی وەها دەبنەوە، سەرووی بیری مرۆڤایەتییە، ماردینیش یەکەم منداڵی هەڵەبجە بوو کە گەڕایەوە ئامێزی نیشتمان.
ماردین مەحموود فەتاح، منداڵە ونبووەکەی هەڵەبجە، ئێستا سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکانە، کە بۆ سۆراخی ئەو منداڵانەی ونبوون هاوشێوەی خۆی لە کوردستان و عێراقدا، دامەزرێنراوە، تا بیانگەڕێننەوە بۆ باوەشی نیشتمان و خێزانەکانیان.
ت.پ