توندوتیژییەکان لە شارۆچکە و ناحیەکان بەراورد بە شارەکان زیاترن

خوێندکارێکی فەلسەفە پێی وایە لە شارۆچکەکان توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیاترە وەک لە شارەکان و ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی ژنانیش بە لاواز پێناس دەکات.

 

هەوار محەمەد

شارەزوور- شادی خوێندکارێکی زانکۆ بەشی فەلسەفەیە، باس لە جیاوازی تەندوتیژییەکان لە نێوان شار و شارۆچکەکان دەکات و سیاسەتی باشوری کوردستان لە بەرامبەر زیادبوونی توندوتیژییەکان بە هۆکار دەزانێت و پێی وایە چارەسەریش پەروەردەی تەندروست و بە دەست هێنانی ئابوری سەربەخۆی ژنانە.

 

لەم ڕاپۆرتەماندا پەیوەندیمان کرد بە نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شارۆچکەی سەیدسادق، پاش چەندینجار پەیوەندیکردن بەڵام بە هیچ شێوەیەک وەڵام نەدراینەوە، دواتر پەیوەندیمان کرد بە توێژەر شیراز ئەحمەد کە ماوەی دە ساڵە لەو نوسینگەیەدا کاردەکات ئەویش ئامادە نەبوو قسە بکات، وتیشی: "ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتییەوە ئاگادار کراوینەتەوە قسە بۆ ڕاگەیاندنەکان نەکەین و نەیەینە پێش چاوی کامێراکان".

 

"ڕێکخراوەکان چالاکییەکانیان دیار نییە و بێدەنگن"

شادی عادل، ژنێکی گەنجی دانیشتووی سەیدسادقە، خوێندکارێکی زانکۆ بەشی فەلسەفەیە لە زانکۆی سلێمانی، دەربارەی کار و پرۆژەی بەرێوەبەرایەتی و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان و ئاگاداری ژنان لە کارەکانیان ئاماژەی بەوەدا: ئەوەندەی من لێکۆڵینەوەم کردووە، ڕێکخراوەکانی ماف و دەنگی ژنان سەرەڕای ئەوەی کە بەناو بوونیان هەیە، بەڵام هیچ هۆشیارییەک و چالاکییەکمان لێنەبینیون کە جێگای سەرنجی ژنان بێت، یان کارێکی واها کە پاڵپشتی ژنان بکەن و هۆشیاری بڵاوبکەنەوە بەناو چین و توێژە جیاوازەکاندا، بۆیە بەداخەوە ئەو ڕێکخراوانەی کە هەن بۆ پرس و مافی ژنان هیچ دەنگۆیەک یان کارێکی وایان نییە، کە ببینرێت و بزانرێت کە کاریان چییە.

 

 

لەسەر توندوتیژییەکانی کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت شادی عادل وتی: جیاوازی توندوتیژییەکان لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر و لە کوردستانیش لە نێوان شار و شارۆچکەکان جیاوازی هەیە، ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت جەستەیی و دەروونین و لە شارۆچکەکانیشدا بەهۆی کەمی یان نەبوونی هۆشیارییەوە ڕێژەکەی زیارە.

 

بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵگەوە توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکرێت

ئەو ژنە گەنجە ئاماژەی بەوەشدا: "لە ژێر سایەی کۆمەڵگەیەک کە  کلتور و دابونەریت قۆرخی کردووە، بەو کەلتورەش بریار لەسەر بارودۆخی ژنان دەدرێت، هەروەها یەکێکیتر لە هۆکاری توندوتیژییەکانی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت بۆ سیستەمی سیاسی باشوری کوردستانی دەگەڕێتەوە، کە بە ڕێژەیەکی کەم هەلیکار بۆ ژنان دەڕەخسێنێت، چونکە یەکێک لەو هۆییانەی وادەکات توندوتیژییەکانی لەسەر ژنان کەمببێتەوە کارکردنی ژنان و بە دەستهێنانی ئابوری سەربەخۆیە.

 

سەبارەت بە کەمبونەوەی توندوتیژی لەسەر ژنان شادی دەڵیت دەبێت ژنان زیاتر خۆیان هۆشیاربکەنەوە و گرنگی بە خوێندنەوە بدەن، نا دادپەروەری ڕەد بکەنەوە و کاربکەن و ئابورییەکی سەربەخۆی خۆیان هەبێت.

 

بە پێویستیشی دەزانێت کە خێزانەکان و وەزارەتی پەروەردە گرنگی بە لایەنی پەروەردەی منداڵان لە خێزانەوە تا فێرگە و خوێندنگەکان بدەن و منداڵەکان فێری ڕێز بکرێن، چونکە کە منداڵێک لە بچوکییەوە فێری ڕێزگرتن لە سروشت و کەرەستەکانی و هاورێکانی دەگرێت، فێریش دەبێت ڕێز لە ژن بگرێت و بێڕێزی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژن و ژینگەش نەکات.

 

ت.پ