لە ئێران جەستەی ژنان بۆتە سەرچاوەیەکی نوێی داهات

لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕیکلامی فرۆشتنی هێلکە و منداڵدانی جێگرەوە لە ئێران، ژنان لە سەر ئەو فشارە دارایی و بڕیارانەی کە لە پێویستیدا داویانە، قسە دەکەن، بازاڕێکی پیس و بێ کەسایەتی کە تێیدا ڕۆڵی نێوەندگرەکان بەرچاو کەوتووە.

جوانە شەریفزادە

 

بۆکان- کاتێک بۆ یەکەمجار ڕیکلامەکەم بە شێوەی ئۆنلاین بینی، بڕیارمدا هێلکەکانم بفرۆشم، بەدەستهێنانی هێلکە هەرگیز ئاسان نییە، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و ئاڵۆزی بۆ هەر کەسێک، بەڵام کاتێک کە دەبێت بە هۆکاری دارایی ئەو کارە بکەیت، ناتوانیت بیر لە داهاتوو بکەیتەوە، داهاتی ئەمڕۆ دەبێتە گرنگترین شت بۆت، لە ئێستادا، باشترە لە فرۆشتنی گورچیلە، تەنانەت ئەگەر باڵا بەرزتر و جوانتریش بیت، دەتوانن هێلکەکانت بە نرخێکی زیاتر بکڕن.

 

ئەمە وتەکانی فایزە. و، یە ژنێک کە لە ئێران لەگەڵ خوشکەکەی خۆیدا، لە لوتکەی فشارە ئابوورییەکاندا ناچار بوون هێلکەکانی خۆیان بفرۆشن، ئەمڕۆ ئینتەرنێت پڕە لە ڕیکلامەکانی فرۆشتنی هێلکە و دایکایەتیی جێگرەوە، بۆ فایزە و فەرزانە، وەک زۆرێک لەو ژنانەی کە هێلکەکانی خۆیان دەدەن، هۆکاری سەرەکیی لە پشت ئەم بابەتەوە نەبوونی چارەسەری داراییە.

 

نێوەندگر لە بازاڕی فرۆشتنی هێلکە و دایکایەتیی جێگردا

زۆرێک لەو کەسانەی لە پشت ئەم ڕیکلامانەوەن، نێوەندگیرن، ئەوان بەخشەرەکان بە ناوەندەکان یان ئەو هاوژینانە دەبەستنەوە کە کێشەی نەزۆکییان هەیە و پێویستیان بە هێلکە هەیە، ناوەندەکان هەوڵدەدەن بەخشینی هێلکە وەک کارێکی ئاسایی بخەنەڕوو و وتیان: یارمەتی ئەو ژنانە بدەن کە ناتوانن دووگیان بن بە بەخشینی ئەو هێلکانەی کە هەموو مانگێک لە سوڕی مانگانەدا لەدەستی دەدەن!، ئەوان دەستەواژەی وەک ئەمانە بەکاردەهێنن یان هانی ژنان دەدەن بۆ ئەوەی "پارە بەدەستبهێنن بە کارکردن لە ماڵەوە."

 

لەم نێوەندەدا، ئەم نێوەندگرانە بە شێوەیەکی سەرەکی بەدوای ئەو ژنانەدا دەگەڕێن کە دەتوانن هێلکە ببەخشن، مەرجەکانی ئەم کارە کە وەک خۆبەخشی پیشان دەدرێت بەم شێوەیەن: دەبێت ژنەکە لە تەمەنی خوار ٣٣ ساڵدا بێت، شووی کردبێت یان پێشتر شووی کردبێت، تەندروست بێت، لە نەخۆشییەکانی خوێن بەدەر بێت، کۆگەی هێلکەی پێویستی هەبێت، پشکنینی ماددە هۆشبەرەکانی تێپەڕاندبێت و ڕەزامەندیی هاوژینەکەی هەبێت.

 

لە نرخ و بازاڕکردنەوە بگیرە تا ڕەفتاری نەشیاوی نێوەندگران

لە ڕیکلامە ئۆنلاینەکانی فرۆشتنی هێلکەدا نرخی جیاواز دەبیندرێت، بەڵام فەرزانە وتی: زۆرینەی نێوەندگران درۆ دەکەن و کاتێک ئەوان تێدەگەن کە ئێوە فرۆشیارێکی ڕاستەقینەن و پێویستیتان بە پارەیە، نرخەکە کەم دەکەنەوە، لەم بازاڕەدا چەند کەسێکی زۆر ناسراو هەن، توانیبووم هێلکەکانی خۆم لە بەخشی سێیەمی خۆمدا بە نرخێکی بەرزتر بفرۆشم و نێوەندگران هەموو تێچوونی دەرمان، سۆنەر ”ئاڵتراساوند” و پشکنینەکانی گرتە ئەستۆی خۆی، بەڵام لە بەخشی یەکەمدا، من بە خۆم بەرپرسیاری تێچوونی دەرمانەکانی پێش بەخش و دوای بەخش بووم.

 

جەستە، هۆش و تێکچوونە نەوتراوەکان

نەزەم. ز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و هێلکەدانە، بەخشینی هێلکە و دایکی جێگرەوە، وەک چارەسەرێکی کاریگەر بۆ کێشەکانی زاوزێی زۆرێک لە ژن و هاوژینێک پێشکەش دەکات  لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو سەرنج ڕادەکێشێتە سەر لایەنەکەی تر و بازرگانیکردنی وتی: بەخشینی هێلکە پرۆسەیەکی ئاسان و بێئەنجام نییە، بۆ بەدەستهێنانی هێلکە جەستەی ژن دەخاتە بەر دەرمانکردنی هۆرمۆنی، یەکێک لەو تێکچوونانەی کە دەبێت بە جددی وەربگیرێت، سیندڕۆمی هایەپەرستیولەیشنی هێلکەدانە، هەروەها ئەگەری هەوکردن، خوێنربەربوون و نەخۆشییە هۆرمۆنییەکانیش هەیە، هەندێک جار ئەگەری شێرپەنجەی هێلکەدانیش باس دەکرێت، هەندێک ژن دوای بەخشینی هێلکە ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی دەبنەوە، ڕاستییەی کە خانەکانی دیئێن ئەی لە دروستبوونی مناڵێکی تردا ڕۆڵیان گێڕاوە، ئایا ئەوان هەرگیز ئەو مناڵە دەناسنەوە؟ هەروەها بۆ دایکە جێگرەوەکان کە مناڵدانی خۆیان بۆ قازانجی دارایی بە کرێ دەدەن، قەیرانێکی ناسنامەی جددیتر دێتە پێش و لە هەردوو بارودۆخەکەشدا، ژنان لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا تووشی سەختی دەبن.

 

بنەماکانی یاسایی و دادوەریی ناڕوون

وەک ئەوەی لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژاوایی باوە، بەخشینی تۆو و هێلکە لە ئێراندا لەبەر کێشە دادوەری، یاسایی و کولتوورییەکان ڕووبەڕووی سنووردارکردنی جددی بووەتەوە، هێندەی کە لە ئێراندا بە زۆری ئامبریۆ دەبەخشرێت، یان لە هەندێک بارودۆخدا، بە وتەی چالاکوانانی ئەم بوارە، خێزانەکان تەنها ژناننی هاوژیندار هەڵدەبژێرن (هەرچەندە لە هەندێک بارودۆخدا ژنانی جیابووە وەربگیرێن)، لەم بارودۆخەدا، بە پێی ڕێنیشاندەری زانا ئاینییەکان، هاوسەرگیرییەکی کاتی و زۆر جار شاراوە لە نێوان ژنی بەخشەر و پیاوی داواکاردا هەتا وەرگرتنی هێلکە و دروستبوونی ئامبریۆ پێویستە، لەبەر ئەوەی لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا ناسنامەی وەرگر و بەخشەر دەبێت شاراوە بمێنێتەوە.

 

کێشە تەنها کڕین و فرۆشتنی هێلکە یان مناڵدان نییە

هەرچەندە پێناسەکانی پراکتیکێکی لەم شێوەیە لە ڕوانگەیەکی یاساییەوە دیاری بکرێن، بەڵام یاسا هێشتا بە شێوەیەکی ناڕوون وەڵامی بەخشینی هێلکە، بەخشینی ئامبریۆ، دایکایەتیی جێگر و مەرجەکانیان دەداتەوە، جگە لەوەش، کێشە لە لێرەدا تەنها کڕین و فرۆشتنی هێلکە یان مناڵدان نییە، ئەو بارودۆخێکە کە لەبەر قەیرانی ئابووری، هەڵاوسان و کەمبوونی ئاسایشی بژێویی ژیان، جەستەی ژنان بوونە یەکێک لەو سامانە کۆتاییانەی کە دەتوانن بە پارە بگۆڕدرێن.

 

لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا، هێڵی نێوان ”هەڵبژاردەی ئازاد” و ”ناچاری لەبەر هەژاری”ون دەبێت، ئەگەر دەستپێگەیشتنیان بە کار و داهاتێکی هەبووایە، ئەگەر پشتگیرییەکی بەس هەبووایە کە تێچوونی ژیانییان بدەن، فایزە و فەرزانە هەرگیز پەنایان بۆ فرۆشتنی هێلکەکانی خۆیان نەدەبرد.