لە وان لەماوەی دوو ساڵدا ٢٥ ژن بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە

مەدینە تورانتایلاک، ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و میدیا "İHAMED" هۆشداریدا لە کاردانەوەی سیاسەتی بێ سزایی و فشارە کۆمەڵایەتییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا، جەختی لەسەر چالاککردنی میکانیزمەکانی پاراستن و لێپرسینەوە لە بەرپرسان کردەوە.

مەمیهان هلبین زەیدان

 

وان-لە نێوان بەرزبوونەوەی ژمارەی کوشتنی ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان، ڕێژەیەکی بەرچاو لە مردنی گوماناویی ژن وەک خۆکوشتن تۆمار دەکرێت، کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان، سیاسەتەکانی بێ سزادان و ئەو ئاستەنگانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری، میکانیزمەکانی پاراستنی مافی ژیانی ژنان تێکدەدەن.

 

بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەزگای ژننیوز ”JİNNEWS” کە چاودێری توندوتیژی دەکات، لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا لە شارەکانی سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان ٣٧٦ ژن کوژراون، تاوانباران لە ٢١٢ حاڵەتدا دەستنیشانکراون، هاوکات ١٦٤ حاڵەتیش وەک مردنی گوماناوی تۆمارکراون، لە شاری وان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ٢٥ حاڵەتی مردنی ژن بە گوماناوی دادەنرا.

 

هۆکارەکانی ئەو زیادبوونە کۆمەڵایەتی و یاسایین

مەدینە تورانتایلاک، ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و ڕاگەیاندن (İHAMED) لە تورکیا ڕوونیکردەوە، کە مردنی گوماناوی ژنان لە شاری وان لە هەڵکشاندایە، وتی: بەجێنەهێنانی ئەرکە ئەرێنییەکانی دەوڵەت بەهەمان شێوە دەبێتە هۆی نکۆڵی بوونی ژنکوژی لە وڵاتدا، کاتێک ژنێک لە هەلومەرجێکی گوماناویدا ژیانی خۆی لەدەست دەدات، بەڵگە لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکاندا لە کاتی خۆیدا کۆناکرێتەوە، هەروەها لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە ناکرێت کە ژنەکە پێش مردنی تووشی بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەدواداچوون نەکردنی ئەو جۆرە وردەکاریانە تاوانباران بەهێز دەکات، ئەگەر لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجامدرابێت، لەوانەیە بتوانرێت تاوانباران دەستنیشان بکرێت، مێژووی توندوتیژییەکانی ڕابردووی ژنەکە ئاشکرا بکرێت، پاشان سیاسەت و چارەسەری گونجاو بۆ ئەم کەیسانە دابڕێژرێت، بەڵام نەبوونی ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە ئەوەیە کە ڕێگە بە بەردەوامبوونی کێشەکە دەدات.

 

ژنان تووشی دووەم زەبر و زەنگی دەروونی دەبن

لە قسەکانیدا دەربارەی هەستی تەنهایی لای ژنان، لەگەڵ ڕووداوەکانی توندوتیژی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، جەختی کردەوە لەوەی ژنان بە شێوەیەکی تایبەت هەست بە گۆشەگیری دەکەن سەبارەت بە میکانیزمەکانی گەیشتن بە دادپەروەری، وتی: لە گوند و ناوچەشارەكاندا، میکانیزمەکانی گەیشتن بە دادپەروەری بە شێوەی پێویست بەردەست نین، هەروەها فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەرپرس لە ڕێگریکردن لە توندوتیژی ئەرکەکانی خۆیان وەک پێویست جێبەجێ ناکەن، زۆر جار تووشی حاڵەتێک دەبین کە ژنێکی ڕووبەڕووبووەوەی توندوتیژی دەچێتە بنکەی پۆلیس، بەڵام بێ تۆمارکردنی سکاڵاکەی دەگەڕێندرێتەوە. لە حاڵەتی تردا، بڕیاری پاراستن دەردەچێت، بەڵام بەهۆی ئاڕاستەکردنی هەڵە لە ڕێکارە یاساییەکانی تردا، دواتر دەبینین ڕووداوی توندوتیژییەکە بە کوژرانی ژنەکە کۆتایی دێت.

 

ڕوونیکردەوە، کە لە سەرچاوەی ئەم ڕوانگەیەوە، تاوانەکانی کوشتنی ژنان و گیانلەدەستدانی گوماناوی بە دڵنیاییەوە دەکرێت ڕێگرییان لێ بكرێت، جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانەی لە یاسا بەرکارەکاندا هاتوون بە شێوەیەکی ڕاست و لە کاتی گونجاودا، چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوەی پەیوەندیدار بە گیانلەدەستدانی ژنان لە بارودۆخی تەمومژاویدا بە وردی و خێراییەکی زیاترەوە، هەموویان واتای چالاککردنی میکانیزمەکانی خۆپاراستنن.

 

وتیشی: لە لایەکی ترەوە، ژنان بە بەردەوامی تووشی تڕامای دەروونی دەبنەوە لە ئەنجامی توندوتیژی، دوای ئەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، تووشی تڕامای دەروونی دووەم دەبنەوە کاتێک پەنا دەبەنە بەر پۆلیس یان داواکاری گشتی یان ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە وەرگرتنی سکاڵاکان، چونکە بە ناچاری دیسانەوە دەبێت ئەو توندوتیژییەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە لەبەرامبەر کەسانی جیاوازدا بیگێڕنەوە، لە قۆناغێکی دیاریکراودا، ئەم تڕامای دووەمە دەبێتە هۆی پاشەکشەی ژنەکە و وازهێنانی لە بە دواداچوونی کەیسەکە، چونکە ناتوانێت بەردەوام بێت لە ئازارچەشتن، دەست دەکات بە بڕیاردان لەسەر نەگەڕانەوە بۆ لای ئەو لایەنانە.

 

کاریگەریی فشارە کۆمەڵایەتییەکان

مەدینە تورانتایلاک ڕوونیکردەوە، کە زۆرێک لە حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی ژنان لە بارودۆخی تەمومژاویدا ڕاستییەکەیان پەردەپۆشدەکرێن و وەک حاڵەتی "خۆکوژی" پۆلێن دەکرێن، هەروەها ڕاگەیاندنەکان، بەتایبەتی دەزگا سەرەکییەکانی ڕاگەیاندن، بەشدارن لە چەسپاندنی ئەم ڕەوتە لە ڕێگەی شێوازی باسی کردنی ئەم کەیسانەوە.

 

وتیشی: لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕەتی دەکەنەوە دان بنێن بە بوونی دیاردەی جینۆسایدی ژنان (کوشتنی بەکۆمەڵی ژنان)، ئەم بابەتەش ڕەنگ دەداتەوە لەسەر ڕێڕەوی دادگاییکردنەکان و بڕیارە دادوەرییەکان کە ناگەنە ئاستی چاوەڕوانییەکان، ئاماژەی بەوەش دا کە دانپێدانانی فەرمی بەم دیاردەیە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەبنە هۆی گۆڕینی ڕاستیەکە بە شێوەیەکی گەورە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەبری چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، تورکیا ساڵی ڕابردوو ئەوەی ڕاگەیاند، کە پێی دەوترا "ساڵی خێزان"، لە چوارچێوەی وتارێکدا کە وای نیشان دەدا خێزان تووشی هیچ کێشەیەک نابێت و ڕووبەڕووی دەستوەردانی دەرەکی دەبێتەوە، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە هەندێک لە تاوانەکانی کوشتنی ژنان و گیانلەدەستدانی گوماناوی، دوای ئەم ڕاگەیاندنە، وەک تەنها کێشەی خێزانیی سادە پێشکەش دەکرێن بە شێوەیەک کە لەگەڵ سیاستە پەیڕەوکراوەکاندا بگونجێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە دەرئەنجامەکانی توندوتیژی و کوشتن تەنها لەسەر ژنان و پارێزراوییان ناوەستێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی مەترسییەکی جددی لەسەر تەندروستی کۆمەڵایەتی پێكبهێنێت، هەروەها نەبوونی دادپەروەری لەم کەیسانەدا تەنها دەست بە مافی ژنانەوە ناگرێت، بەڵکو متمانەی تەواوی کۆمەڵگە بە سیستەمی دادپەروەری لاواز دەکات.

 

"دەبێت دوای دەرچوونی بڕیارەکان چاودێری جێبەجێکردنیان بکرێت"

مەدینە تورانتایلاک باسی لەوە کرد، کە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی پێشتر تورکیای سزادابوو لەبەرامبەر کەمتەرخەمییەکەی لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی کاریگەر لە تاوانەکانی کوشتنی ژناندا، بەڵام ئەو میکانیزمە پێویستانە وەکو پێویست نەخرانە کار.

 

جەختی لەوە کردەوە، حاڵەت هەن کە پێویستە دەزگا گشتییەکان و فەرمانبەرە بەرپرسەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ئەوەی لە ئەستۆیانە، وتی: حاڵەت هەن کە دەبێت تیایاندا فەرمانبەرانی گشتی و دەزگا پەیوەندیدارەکان کە کەمتەرخەمن لە ئەرکەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆ نموونە کاتێک ژنێک دەچێتە بنکەی پۆلیس و داوای پەناگەیەک دەکات، منداڵە بچووکەکەشی لەگەڵدایە، پێی دەوترێت کە ناتوانێت منداڵەکەی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، تەنها خۆی دەتوانرێت وەربگیرێت، ئەوەش کەمتەرخەمییەکی ڕوونە، چونکە بە دڵنیاییەوە مافی خۆیەتی منداڵەکەی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، کاتێک ڕیکارێکی پێچەوانەی ئەوە دەگیرێتەبەر، و دواتر ڕووداوێکی مەترسیدارتر ڕوودەدات کە بە کوژرانی ژنەکە کۆتایی دێت، ئەوا بێگومان دەبێت ئەو فەرمانبەرە گشتییەی بەرپرسە لەم کەمتەرخەمییەش لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

 

جەختی لە پێویستیی ڕاهێنانی سەرلەنوێی ئەو فەرمانبەرە گشتییانە کردەوە کە مامەڵە لەگەڵ ژناندا دەکەن، خستنەبەرنامەی مەشق و ڕاهێنانی گشتگیر سەبارەت بەو یاسا پەیوەندیدارەکان و ئەو ڕێکارانەی کە دەبێت بگیرێنەبەر، لەگەڵ ڕێکخستنی بەرنامەی کاری تایبەتمەند لەم بوارەدا.

 

سەبارەت بە یاسای ژمارە ٦٢٨٤، ڕوونیکردەوە، نابێت ئەو کەیسانەی پەیوەندییان بەو یاسایەوە هەیە تەنها وەک پەڕاوی دادوەری سەیر بکرێن، بەڵکو دەبێت هەموو حاڵەتێک بە وردی بخوێنرێتەوە و هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر پێش دەرکردنی بڕیارەکان ئەنجام بدرێت، وتی: بەداخەوە، ئێمە شاهیدی جێبەجێکردنی پێویستی ئەم ڕێکارانە نین، لەگەڵ گرنگیی ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی ورد پێش بڕیاردان، پێویستیی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان دوای دەرچوونیان دێتە پێشەوە، دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە یان نا، بەدواداچوون بۆ پێشکەوتنی هەر حاڵەتێک، لەم ڕوانگەیەشەوە، بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی دەزگا گشتییەکان بۆ دڵنیابوون لە بەدواداچوونی جددی و کاریگەر بۆ ئەم بڕیارانە.

 

"بڕیارەکانی لێخۆشبوون و کەمکردنەوەی سزاکان زیاتر هێز بە تاوانباران دەبەخشن"

جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە چارەسەری ئەم کێشانە بکرێت و کۆتایی بهێنرێت بە کولتووری لێخۆشبوون لە سزا، چونکە ئەم سیاسەتانە وا لە تاوانبار دەکەن بەم شێوەیە بیر بکاتەوە: دەکوژم، پاشان ئەوەی دەمەوێت دەیڵێم، سوود لە کەمکردنەوەی سزام دەگرم، لە ماوەیەکی کەمدا لە زیندان دەردەچم، هەروەها دەبێت پەڕاوەکانی توندوتیژی دژی ژنان و تاوانەکانی کوشتنی ژنان لە بڕیارەکانی لێخۆشبوون و کەمکردنەوەی سزاکان دەربکرێن کە لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر لە چوارچێوەی هەموارکردنەوەی یاساکانی جێبەجێکردنی سزادا بڵاو دەبنەوە.

 

"خێزانەکان پەلاماری ژنەکە دەدەن لەبری تاوانبارەکە"

لە چوارچێوەی جەختکردنەوەی لەسەر بوونی کێشە لە میکانیزمەکانی گەیشتن بە دادپەروەری لە وان،مەدینە تورانتایلاک ڕوونیکردەوە، کە ئەو ژنانەی لە ناوچەکانی نزیک لە ناوەندی شارەوە دەژین دەتوانن خێراتر بگەنە دەزگاکان، لە کاتێکدا ئەو ژنانەی لە ناوچەشار و گەوندە دوورەکاندا دەژین ڕووبەڕووی سەختی زۆر گەورەتر دەبنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی متمانە بە دامەزراوە حکومییەکانیش لە زۆر حاڵەتدا ڕۆڵی هەیە، ترس لەوەی ئەو دامەزراوانە بێتوانا بن لە دابینکردنی پاراستن، دڵەڕاوکێ لەوەی کە چی لە داهاتوودا ڕوودەدات، لەو هۆکارانەن کە بەشدارن لە توندبوونەوەی ئەم دیاردەیە، ناتوانم ئەمە گشتگیر بکەم بۆ هەموو وان، بەڵام زۆرجار تووشی حاڵەتێک دەبین کە ژنان هەوڵی شاردنەوەی سکاڵا تۆمارکردن دەدەن، داوای ئەوە دەکەن هیچ ئاگادارییەکی فەرمی بۆ ماڵەکانیان نەنێردرێت و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە سکاڵا تۆمار ناکەن ئەگەر ئەگەری هاتنی ئەو جۆرە ئاگادارکردنەوانە هەبێت، لەو حاڵەتانەی کە تاوانبارەکە ئەندامی خێزانە، هەروەها دەبینین هەندێک لە ئەنجومەنی خێزانەکان کۆدەبنەوە بۆ فشارخستنە سەر ژنەکە، بە پشتبەستن بە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی بەرپرسیارێتی دەزانن، بە مەبەستی ناچارکردنی بە پاشەکشەکردن لە سکاڵاکەی، بەڵکو کارەکە دەگاتە ئەوەی لەبری لێپرسینەوە لە تاوانبارەکە، بە تۆمەتبار بناوێنرێت.