لە نێوان دایکایەتی و کارگێڕی... نور عەکنان تێکۆشان دەکاتە سەرەتایەکی نوێ

ژنێکی باشووری لوبنان بەناوی نور عەکنان، خواستی خۆی بۆ باشترکردنی ژیانی منداڵان لە کاتی قەیرانەکاندا دەربڕی، وتی: من ٧ ساڵ لەمەوبەر دەستم بە پڕۆژەکەم کردووە، بیرۆکەکە لە خواستی منەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ ئەوەی یارمەتی کوڕەکەم بدەم.

فادیە جومعە

 

بەیروت - لە دڵی باشووری لوبنان، کە ژنان ئەزمونی توندی شەڕ و هەروەها گەرمی دایکایەتی دەکەن، چیرۆکی ژنێک لەدایک بوو کە بڕیاریدا سەختیەکان بکاتە دەرفەت و ماڵە سادەکەی بکاتە وۆرکشۆپێکی داهێنەرانە، خەونێکی بچوک کە بە ئارەزوی یارمەتیدانی کوڕەکەی بۆ فێربوون بە شێوەیەکی خۆش دەستی پێکرد، گۆڕا بۆ پڕۆژەیەکی بازرگانی سەرکەوتو، بەڵام هێرشەکانی ئەم دوایەی ئیسرائیل پێشکەوتنەکانی ڕاگرت کاتێک فرۆشگاکەی وێران بوو، بەڵام کۆڵی نەدا و لە داروپەردوەکە هەستا بۆ ئەوەی خەونەکەی بونیاد بنێتەوە.

 

"گۆڕینی ئازار بۆ هێز"

چیرۆکی سەرکەوتن هەمیشە لە ئۆفیسە خۆشگوزەرانیەکان یان پێشانگە گەورەکانەوە دەست پێناکات، هەندێک جار خەونێک لەسەر مێزێکی بچوک لە ماڵێکی پڕ لە سۆزدا لەدایک دەبێت، ئەوە کارێکە کە نور عەکنان دایکی سێ منداڵە کاتێک ئاڵنگاری خێزانی کردە پڕۆژەیەکی پەروەردەی داهێنەرانە کە پەرتووک و یاری کارلێک کارانەی دروست دەکات کە پەرە بە تواناکانی منداڵان دەدات، بە تێپەڕبوونی کات بیرۆکەکە گەشەی کرد و فرۆشگای تایبەتی خۆی کردەوە، بەڵام شەڕ لەناویبرد و دەستی پێکردەوە و سەلماندی کە ئازار دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ هێز.

 

ئەو وتی: ٧ ساڵ لەمەوبەر دەستم بە پڕۆژەکەم کردوە، بیرۆکەکە لە خواستی منەوە سەرچاوەی گرتوە بۆ ئەوەی یارمەتی کوڕەکەم بدەم بە شێوەیەکی خۆش فێربێت، بەتایبەتی کە حاڵەتێکی تایبەتی هەبوو، کە نەیدەتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر لە پۆلێکی نەریتیدا بمێنێتەوە و وەڵامی داواکاریەکانی قەڵەم و کاغەزی بداتەوە، بۆیە پەرتووکی کارلێککارم بۆ دروستکرد بۆ ئەوەی یارمەتیم بدات فێری بکەم.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، وردە وردە دایک و باوکی ئەو خوێندکارانەی لەگەڵ کوڕەکەم دەخوێنن دەستیان کرد بە داوای ئەم پەرتووکانە لە من، بەمەش بیرۆکەی پڕۆژەکە لەدایک بوو، بەتایبەتی کە من وانەی بیرکاریم دەوتەوە، ئەمەش خولیای منی بۆ ئەو بوارە بەهێزتر کرد، لەگەڵ قەیرانی ئابووری و پەتای کۆڤید-١٩، کاتەکانم لە ماڵەوە وەبەرهێنا بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکە، دەستم کرد بە دروستکردنی یاریە پەروەردەیەکان بۆ خۆم و بە شێوەی ئۆنلاین ئەم فرۆشت، و بووە سەرچاوەی داهات بۆ خێزانەکە.

 

"بەرزبوونەوە سەرەڕای ئاڵەنگاریەکان"

سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دوایەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئەو بە داخەوە وتی: بەشێکی زۆری فرۆشگاکە زیانی بەرکەوتوە، بەڵام بەشی سەرەوەی وەک خۆی ماوەتەوە، و توانیمان بەشێک لە کاڵا بازرگانیەکان ڕزگار بکەین، لە سفرەوە گەڕاینەوە، لەگەڵ منداڵەکان لە داروپەردو دەرکەوتین، ئەو ڕۆژە جەژنی کریسمس بوو، بۆیە جەژنەکەمان گێڕایەوە و خۆشیمان بۆ دڵیان هێنایەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ژنانی باشوور ئەوەیە کە ناشکێن، ئێمە لە سفرەوە دەست پێدەکەین و دوای هەموو شەڕێک هەڵدەستین، لەگەڵ هەموو ئاڵەنگاریەکانیشدا بەدوای خەونەکانماندا دەگەڕێین، یاریەکانمان تەنها بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو بۆ پەرەپێدان و پاڵپشتیکردنی توانا دەرونیەکانی منداڵانە، بەتایبەتی ئەوانەی کێشەی فێربوونیان هەیە.

 

"دایکان بناغەی پەرەپێدانی تواناکانن"

نور عەکنان پەیامێکی ئاراستەی دایکان کرد، وتی: ئێوە بناغەی پەرەپێدانی تواناکانی منداڵەکانتانن، دەتوانن بە یەکجار دایک و خاوەن ماڵ و خاوەن کارێکی سەرکەوتو بن، مەهێڵن بارودۆخەکان پەراوێزتان بخەن، و هەمیشە لە ئاست ئەرکەکەدا بن.

 

چیرۆکی نور عەکنان تەنها چیرۆکێکی سەرکەوتن نییە، بەڵکو کۆڵنەدانە لە ژیاندا سەرەڕای شەڕ، و دڵی دایکێکە کە تەنانەت لەناو وێرانکاریشدا دەتوانێت خۆشی بگەڕێنێتەوە، بانگهێشتێکە بۆ هەموو ژنێک کە لەو شوێنەی خۆیەوە دەست پێبکات، بەو شتەی کە هەیەتی کار بکات و با بە خولیای خۆی ڕێگای سبەینێ دابڕێژێت.