"هەلی کار کەمە لە ئاستی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکاندا"

هەلی کار بۆ خوێندکاران زۆر کەمە و دەرچووە دانەمەزراوەکانیش تا دێت ژمارەیان زیاد دەکات، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت: ساڵانە خوێندکارێکی زۆر خوێندن تەواو دەکەن بەڵام کاریان دەست ناکەوێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ساڵانە بە هەزارەها خوێندکار ڕوو دەکەنە زانکۆ و پەیمانگا حکومی و ناحکومییەکان بە مەبەستی  تەواو کردنی خوێندنی باڵا و دەستکەوتنی کارێکی تایبەت بە خۆیان لە دوا ڕۆژدا، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەلی کارەوە بەشێکی زۆریان بێ کار دەمێننەوە، حکومەتیش لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دامەزراندنی دەرچووانی خوێندکارانی وەستاندووە، لە هەمان کاتیشدا هەلی کاریان بۆ ناڕەخسێنێت، جگە لەوەی لە ساڵی ٢٠١٧ەشەوە دامەزراندنی خوێندکارە یەکەمەکانی وەستاندووە.

 

"ساڵانە بە هەزارەها خوێندکار خوێندن تەواو دەکەن"

تارا فایەق، مامۆستای کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی پزیشکی، ئاماژەی بەوەکرد، ساڵ بە ساڵ بەشداریکردنی خوێندکاران لە خوێندنی باڵا و لە زانکۆ و پەیمانگاکان ڕوو لە زیادبوونە، ئاماری بەشداربوون و هاتنە پێشەوەی جیلی نوێ زیاترە، بەشی نوێ دەکرێتەوە، ئەمانە بناغەیەکی سەرەتاییە بۆ زیاتر بەرەوپیشچوون و کرانەوەی کۆمەڵگە و هاتنە ناوەوەی ئاستێکی زانستیە لەلایەن خوێندکارانەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆ و پەیمانگا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە ساڵانە بە هەزارەها خوێندکار تیایدا خوێندن تەواو دەکەن لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا، کە دەتوانن بە پێی ئاستی زانیاری خۆیان لە بەشە جیاوازەکاندا کار بکەن، بۆیە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر خوێندکار دێنە ناو بازاڕاوە، بەڵام هەلی کاریان کەمە و پڕۆژەکان کەمن لە ئاست ئەو ژمارە زۆرەدا، بەشێکیان کاریان دەست دەکەوێت، بەڵام بەشێکیان هەر بێکار دەمیننەوە.

 

"لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەلی کار زیاتر بە دەرچووانی بەشە بەرزەکان دەدرێت"

تارا فایەق ئەوەشی خستەڕوو، زۆر جار خوێندکار بەهۆی نەبوونی هەلی کار لە بواری خۆیدا لە بوارێکی تردا کار دەکات کە پەیوەندی بە پسپۆڕیەکەی خۆیەوە نییە، ئێستا خێزانەکان تا ڕادەیەک هۆشیارییان هەیە و پاڵپشتی خوێنداکاران دەکەن بۆ تەواو کردنی خوێندن و دەستکەوتنی هەلی کار، بەشێک لە خێزانەکانیش زەختێک لە خۆیان دەکەن تا منداڵەکانیان بەشێک تەواو بکەن، کە بۆ ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان باش بێت و بتوانن کاری پێ بکەن، هەبوونی خێزان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی خوێندکار، ڕینیشاندەری ئەو رێگایەن کە خوێندکار بتوانێت بەرەو خوێندنی باڵا هەنگاو بنێت.

 

وتیشی: بەداخەوە لە کۆمەڵگەیەکداین کە هەبوونی بڕوانامەی بەرز و خوێندن لە کۆلێژە بەرزەکاندا بووە بە مەرج، چونکە بیرکردنەوەی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە ئەوەیە دەبێت نمرەیەکی بەرز بێنێت و بچێتە بەرزترین بەش بۆ ئەوەی لە دوا ڕۆژدا کارێکی باشی دەست بکەوێت، بۆیە زۆرجار بە پێی حەز و ویستی کەسەکە نییە کە لە بەشێک دەخوینێت، ئەمەش هەستێکی وا دروست دەکات ئایا ئەو کەسەی بەشێکی وا هەڵدەبژێرێت دەتوانیت کاری تێدا بکات لە دوا ڕۆژدا، بۆیە ئەمە پەیوەستە بە ئاستی ڕۆشنبیری تاک و خێزانەوە."

 

"ژنان جدی ترن بۆ کارکردن لە بواری خۆیاندا"

تارا فایەق ڕوونی کردەوە، هەلی کار دوو جۆری هەیە، یەکەمیان ئەو کارەیە بۆ بژێوی ژیان ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە بە خۆمان بژین و پێداویستییەکانی خۆمان دابین بکەین، دووەمیان ئەو کارەیە کە لە بواری خۆماندا دەیکەین بۆ ئەوەی برەو بە خۆمان بدەین و بتوانین خزمەتی بکەین بە کۆمەڵگە، خوێندکاری وا هەیە هەردوو جۆرە کارەکە دەکات، بەڵام هەندێک لە خێزانەکان تا ڕادەیەک ڕێگری دەکەن لە منداڵەکانیان بۆ کارکردن کاتێک خوێندن تەواو دەکەن.

 

تارا فایەق جەختی کردەوە، ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری دەکەن لە پرۆسەی خوێندنی باڵادا و لە زۆربەی بەشە تەندروستییەکان ڕێژەی زۆری خوێندکاران ژنن بە ڕێژەی ٪٧٥-٨٠، بۆ کارکردن لە بواری خۆیاندا ژنان زیاتر خۆیان لەو بوارەدا دەبیننەوە و سەرکەوتوو ترن، لە ئێستاشدا بەهۆی کرانەوەی کۆمەڵگە بە ڕووی جیهانی دەرەوەدا ژنان زیاتر کار دەکەن و ماندوو ترن، لە مامۆستا و خوێندکاردا ڕێژەی ژنان زیارە بۆیە هەلی کار بۆ ژنان زیاترە.

 

"تاکەکان دەبێت خۆیان بە دوای کاردا بگەڕێن"

لە کۆتاییدا تارا فایەق ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە خێزان پاڵپشتێکی باشی منداڵەکانیان بکەن لە خوێندندا تا برەو بە بوارەکەی خۆیان بدەن، وە حکومەتیش ئەگەر پڕۆژەی کار کردن زیاتر بکات و بەرەو پێشیان ببات، بێگومان هەلی کاریش زیاتر دەبێت، هەموو کەسێکیش دەبێت خۆی بە دوای هەلی کاردا بگەڕێت و هەر تاکێکیش حەزی بە بواری خۆی هەبێت بە دوای کاردا دەگەڕێت، هەرچەندە لەوانەیە لە سەرتادا کارەکە لە جێگەی ویستی ئەودا نەبێت، بەڵام دەتوانێت خۆی پێ بنیاد بنێت و خۆی بدۆزێتەوە.