ژنانی سەربازی پێشوو لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان لە نەهامەتیدا دەژین

ع.س. سەربازێکی پێش حکومەتی تاڵیبانە و ئێستا لە یەکێک لە ئەشکەوتەکانی شاری بامیان دەژی، دۆخی هەژاری و نەهامەتییەکەی بە پێست و ئێسکەکانی هەستی پێدەکرێت، بە کۆکردنەوەی بەرهەمی باخی هاوڵاتیان بژێوی خۆی دابین دەکات.

بەهاران لاهیب

 

کابول- سەربازانی حکومەتی پێشوو لە دۆخێکی خراپدا ژیان تێدەپەڕێنن، هەندێکیان ناچار بوون بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵبێن و هەندێکی تریش ڕۆژانە لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیر و ئەشکەنجە دەدرێن، یان دەکوژرێن و تیرۆر دەکرێن، هەندێکیان جارێکی تر لەگەڵ حکومەتی تاڵیبان کاردەکەن، بەڵام هەمیشە ترسیان هەیە و تەنها لەپێناو بەدەستهێنانی مووچە دایە، ژنانی سەربازی پێشووش بە هەمان چارەنووسەوە دەناڵێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەموو ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییانەی کە بەشدارییان لە پێشکەشکردنی حکومەت بە تاڵیبان کردووە، لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتی ئەم گروپە کوشندەیەوە لەلایەن هێزە بیانییەکانەوە لە ئەفغانستان دەرکراون.

 

نێگار، یەکێک لە سەربازەکانی پێشووە و لە زیندانی پارێزگای غور خزمەتی دەکرد، لە بەردەم خۆیدا تاڵیبان ژن و منداڵەکانی کوشت، عالیە عەزیزیش کەوتە داوی تاڵیبان و بە بەڵێندان بە خێزانەکەی بانگهێشت کرا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر ئەرکەکەی، بەڵام تا ئەمڕۆش هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسی ئەوەوە نییە و چەندین حاڵەتی دیکەی هاوشێوەش هەن.

 

ع.س. سەربازێکی پێشووە و لە یەکێک لە ئەشکەوتەکانی شاری بامیان دەژی، دۆخی هەژاری و نەهامەتییەکەی بە پێست و ئێسکەکانییەوە دیارە، کوڕە گەورەکەی لە تەنیشت ژوورە شێدارەکەدا خەوتووە و ناتوانێت بجوڵێت، چونکە نەخۆشە، لە تەنیشتی چەند منداڵێکی دیکە هەن کە سەرقاڵی یاری کردنن، هاوژینەکەشی ماوەیەکە بەجێێ هێشتوون و هاوسەرگیرییەکی دیکەی ئەنجام داوە.

 

ع.س. دەڵێت: لە حکومەتی پێشوودا پێگەیەکی باشم هەبوو، دوای چەند مانگێک لە دەسەڵاتی تاڵیبان، جارێکی تر لەو پارێزگایە بانگهێشت کرامەوە کە خزمەتم دەکرد، بەڵام نەچووم، چونکە چەندین ژن و پیاویان کردبووە تەڵەوە و بە ناوی ئەرک و کارەوە کوشتوویانن، ئێستا ژیانێکی زۆر خراپم هەیە، کوڕەکەم نەخۆشە، بەڵام نەمدەویست بچم بۆ بانگهێشتەکەیان چونکە لەلایەن ئەوانەوە دەکوژرێین.

 

ع.س. بە وەرگرتنی هاوکاری لە ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان یان بە کۆکردنەوەی پەتاتە لە زەوی و زاری خەڵکدا ئێستا بژێوی بۆ خۆی و منداڵەکانی پەیدا دەکات، وەک لە سەرەتای قسەکانیشیدا باسی کرد، هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوکێدایە نەوەک تاڵیبان لەم ئەشکەوتانەدا بە دوایدا بگەڕێن و لەگەڵ خۆیاندا بیبەن، هەمان چارەنووسی سەربازە دیلکراوەکانی دیکەی هەبێت.