"ئازاری چاوەڕوانی منداڵە ونبووەکان لای هەڵەبجەیەکان تا مردن ساڕێژ نابێت"

تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە سەرەڕای ئەوەی بە هەزاران کەسی کردە قوربانی, ئازارێکی ساڕێژ نەبووی لای ٧٤ خێزان دروستکردوە، کە تا ئێستاش بە ئاواتی بینینەوەی کەسوکاریانن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- نەتەوەی کورد لەوەتەی هەیە لەلایەن نەیارانیەوە هێرش کراوەتە سەری، دیارترین نەهامەتیش ئەنفالکردنی گوند و شارەکان و کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە بوو لە بەرەبەیانی ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨ لە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، کە بە خەیاڵی هیچ کەسێکدا نەهاتبوو هەڵەبجە کیمیاباران بکرێت.

 

لە کیمیابارانەکەدا دانیشتوانی شاری هەڵەبجە ئاوارەی ناوچەکانی تر بوون و ٥ هەزار کەس بوونە قوربانی و ١٠ هەزار کەسیش بریندار بوون، ٢١١ منداڵی ٧٤ خێزان ونبوون، تا ئێستاش ٩٠٠ کەس کاریگەری چەکە کیمیاییەکەیان لەسەر ماوە و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ تەنها ١١ منداڵ گەڕاونەتەوە و ئەوانی تر چارەنووسیان نادیارە.

 

شەونم لە تۆپی ئێران ڕزگاری بوو، بەڵام کیمیابارانکردن پارچەیەک لە جەرگی برد

شەونم عەبدوڵا، ژنێکی تەمەن ٥٨ ساڵە و سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەیە، یەکێکە لەو دایکانەی تا ئێستا چاوەڕوانی منداڵە ونبووەکانی دەکات کە لە کیمیابارانکردنەکەی هەڵەبجەدا چارەنووسیان نادیارە، شەونم بە سەردان دەچێتە هەڵەبجە و ڕۆژی ١٣-١٤ی مانگی ئاداری ساڵی ١٩٨٨ کاتێک ئێران تۆپبارانی شاری هەڵەبجەی دەکرد، شەونم بە هۆی ئەوەی دووگیان بووە تەندروستی تێکدەچێت، پزیشکەکانی شاری هەڵەبجە دەینێرن بۆ نەخۆشخانەی شاری سلێمانی و دایکی سەیارەیەکی بۆ دەگرێت و دەیباتە نەخۆشخانە.

 

شەونم دوو منداڵی لای خوشکەکانی بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ دایکی دەکەونە ڕێ بۆ نەخۆشخانە، کاتێک لە پردی زەڵم دەپەڕنەوە تۆپی ئێران بە چەند مەترێک دووری ئەمان بەر زەوی دەکەوێت، کە ئەگەر سایەقەکە لەبەر تەندروستی شەونم خێرا نەبوایە ئەوا شەهید دەبوون، شەونم و دایکی دەگەنە نەخۆشخانەی منداڵبوون، کە پێشتر لە شوێنی زانکۆ کۆنەکەی سلێمانی بوو، تا شەوی ١٥-١٦ شەونم ژانی دەبێت و منداڵی نابێت، کاتژمێر ٤ی عەسری ١٥ی ئادار دایکی شەونم دەڵێت کە هێرش دەکرێتە سەر هەڵەبجە، شەونم کە ئەمە دەبیستێت بە دایکی دەڵێت کە دەبێت بگەرێنەوە هەڵەبجە، چونکە منداڵەکانی لەوێن.

 

دایکی هەرچەن بە شەونم دەڵێت تەندروستیت خراپە، شەونم ڕازی نابێت و دواجار لەگەڵ دایکی دەڕۆنە گەراج لە سەرکارێز، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە هەڵەبجە و لەوێش هیچ سەیارەیەک نییە، بۆیە شەونم ١٢ تاک بازنی ئاڵتوونی لە دەستا دەبێت بە سایەقێک دەڵێت "بازنەکانت دەدەمێ بەس بمبەرەوە بۆ هەڵەبجە"، بەڵام سایەقەکە پێی دەڵێت کە کەس ناتوانێت بڕواتە هەڵەبجە، چونکە دۆخەکەی خراپە، شەونم بە نائومێدی دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشخانە، کاتژمێر ١١:٣٠ ی ١٦ی ئادار لە کاتی دەستپێکردنی کیمیابارانکردنەکەی هەڵەبجەدا شەونم منداڵەکەی لەدایکدەبێت.

 

٧ ئەندامی خێزانەکەی شەونم چارەنوسیان نادیارە

لە کیمیابارانکردنەکەدا شەونم ٢ منداڵ و ٥ خوشک و برای بێسەروشوێن دەبن، کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، یەکێک لەو دیمەنانەی شەونم ئازاری پێدەچێژێت ئەوەیە کاتێک شەونم ڕۆشتووە بۆ نەخۆشخانە منداڵە کچەکەی بە ناوی "سارا" کراسەکەی دەگرێت و دەگری و پێی دەڵێت کە لەگەڵ خۆی بیبات، بەڵام بەهۆی چوونی شەونم بۆ نەخۆشخانە، لەگەڵ خۆی نەیبردووە، کەسیش بە خەیاڵیدا نەهاتبوو هەڵەبجە کیمیاباران بکرێت، چونکە ئەوکات هەر تۆپباران هەبوو لەلایەن ئێرانەوە خەڵکیش بۆ ئەوە دەچوونە ژێر زەمینەکان.

 

دوای کیمیابارانە شەونم منداڵەکەی و کەسوکارەکەی لەدەستدەدات، ٣٥ ساڵە بە هیوای بینیەنەوەی منداڵ و خوشک و براکانیەتی و بە ئاواتی ئەوەیە ڕۆژێک تەلەفونێکی بۆ بێت و بڵێن "منداڵەکانت دۆزراوەتەوە"، شەونم نازانێت ناویان بنێ شەهید یان ونبوو.

 

شەونم عەبدوڵا ڕێکخراوێک دەکاتەوە بۆئەوەی خۆی بگەڕێت بە دوای ئەو منداڵانەی چارەنووسیان نادیارە، بەڵام بەداخەوە شەونم هەر لە چاوەڕوانیدایە و وەک خۆی دەڵێت "تا مردن چاوەڕێی مداڵە ونبووەکانم دەکەم"، شەونم بۆ دۆزینەوەی منداڵ و کەسوکارەکەی ناوی هەموویانی داوە بەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین بۆ ئەوەی ئەگەر هەواڵیک هەبوو یان منداڵیکی ونبوو هەبوو، پەیوەندی پێوە بکەن، وەک خۆی دەڵێت: "کارەساتی کیمیابارانکردنەکە تەنها مردن لە بیرم دەباتەوە"، چونکە برینی شەونم و ئەو دایک و باوکانەی چاوەڕێی منداڵەکانیانن ساڕێژ نەبووە، برینی هەڵەبجە برینێکی قوڵە.

 

"شاری هەڵەبجە تا ئێستا بە جینۆساید نەناسێنراوە"

شەونم عەبدوڵا ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی هەرێم کارێکی واینەکردووە لە ئاست خواستی خەڵکی هەڵەبجەدا بێت، لەکاتێکدا هەڵەبجە ناسنامەی گەلی کوردە، بەڵام هیچ خزمەتگوزاری لە شارەکەدا نییە و تا ئێستا بە جینۆساید نەناسێنراوە و بریندارەکانی کیمیابارانکردنەکە نانێردرێنە دەرەوە بۆ چارەسەر، هەندێک لە بریندارەکانیش لە دەرەوە بە بڕە پارەیەکی کەم چارەسەر دەکرێن، حکومەت دەبێت خۆی ئەوانە بنێرێتە دەرەوە بۆ ئەوەی دوای ٣٥ ساڵ هەناسەی سارد هەڵنەکێشن.

 

٧٤ خێزان منداڵەکانیان ونبووە، ٢١١ منداڵ بە ونبوو تۆمارکراوە لە ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە و ٧ منداڵیان پەیوەندیان کردووە بە ڕێکخراوەکەوە کە خەڵکی هەڵەبجەن، بەڵام بە هۆی نەبوونی سەنتەرێکی باش لە هەرێمی کوردستان نەیانتوانیووە بیانگەڕێننەوە، ٢٥ی ئایاری هەموو ساڵێک ڕۆژی ونبووانی جیهانە و هەڵەبجەش پشکی شێری بەردەکەوێت، شەونم چەندین جار داوایکردووە لەو ڕۆژەدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئێران ئەنجامبدات بە ئامادەبوونی کەسوکاری ونبووەکان، بەڵام بەداخەوە نەکراوە و حکومەت کەمتەرخەمە لە کەیسی هەڵەبجەیەکان و هیچ بڕە پارەیەکی بۆ ڕیکخراوەکە دابین نەکردوە، شەونم بە خۆبەخشانە بەردەوامە لە کارکردن بۆ ڕێکخراوەکە، ئەوەی جێگەی ئازارە بۆ شەونم و دایکانی تر، ئەوەیە کاتێک کەسێک دێتەوە دەڵێت من منداڵی ونبووی هەڵەبجەم، بەڵام دەردەکەوێت کە وا نییە.

 

"پێویستە پرۆژە یاسای منداڵە ونبووەکان جێبەجێ بکرێت"

شەونم عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، "کە پێشتر لیژنەیەک لە پەرلەمان هەبوو بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان، داوا دەکەم ئەو لیژنەیە کارا بکریتەوە، لیژنەکە لە نوێنەری داد، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی شەهیدان و نوێنەری ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکان پێکبێت، ئەو ٧٤ خێزانەی منداڵیان ونبووە نمونەی خوێنیان لێ وەرگیراوە بۆ ئەوەی هەر منداڵێکی ونبوو دۆزرایەوە نمونەی خوێنەکانیان هاوتا بکەن تا بزانین منداڵی کام خێزانەیە، نەک هەموو منداڵەکان بهێنرێنەوە و دووبارە ون بکرێنەوە، چونکە ئەمانە جێگەی ئازارن بۆ ئێمە، پەرلەمانیش کاتێک بڕیاردەدات ئێمەی لە بەرچاو بێت، چونکە ئەوان بە خوێنی هەڵەبجەیەکان گەشتونەتە ئەم ڕۆژە، لە کاتێکدا ٣١ تاقانەمان هەیە پەرلەمان بڕیارێکی دەرکردووە ئەگەر تاقانەکان پێش کیمیابارانکردنەکە ژیانی هاوژینیان پێکهێنابێت بە تاقانە هەژمار ناکرێت، ئەمە جێگەی قبوڵ نییە، هەروەها پێویستە پرۆژە یاسای منداڵە ونبووەکان جێبەجێبکرێت.