"چیتر نامەوێت لە بازنەی درۆدا بژیم"

پێداگری ژنانی بۆکان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی حیجابی زۆرەملێ بەردەوامە و دەڵێن: ئیتر نامەوێت لە بازنەی درۆدا بژیم.

ژوان کەرەمی

 

بۆکان - ڕێژەیەکی بەرزی ژنان لە شاری بۆکان ڕەتیدەکەنەوە پابەندبن بە حیجابی زۆرەملێوە، ژنان لەگەڵ هاوژین، براکانیان، باوکیان یان دایکیان دەبینرێن و ئازادی جل پۆشین بەرجەستە دەکەن و لەلایەن خێزانەکانیانەوە پشتگیریان دەکرێت، ئەمەش لەناو شاردا بە ڕوونی دەبینرێت، بەڵام ژنان ناتوانن دانبنێن بە ڕەتکردنەوەی حیجابی زۆرەملێدا، چونکە دۆخێکی ئەمنی توند لە شارەکاندا هەیە، بەڵام لە کرداردا ڕەتکردنەوەکەیان بەرجەستە کردووە.

 

بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ژنان ناتوانن قسەکانیان لە میدیاکانەوە بە ئازادە بڵاوبکەنەوە، پرسیارمان لە ژنێک کرد، هۆکار چییە کە تۆ سەرەڕای مەترسییەکان پێداگری لە ڕەتکردنەوەی حیجاب و بەرجەستەکردنی ئەم مافەت دەکەیت؟، لە وەڵامدا وتی: من هەرگیز باوەڕم بە حیجاب نەبووە و هەمیشە ناچار بووم بە شێوەیەکی سەپێنراو ڕەچاوی بکەم، بەڵام ئیتر نامەوێت لە بازنەی درۆدا بژیم.

 

خوشکەکەی کە حیجابێکی ئاسایی لەبەردا بوو، وتی: هەرچەندە باوەڕم بە حیجاب هەیە، بەڵام بەرگری لە مافی خوشکەکەم دەکەم کە جلوبەرگی خۆی هەڵبژێرێت، وەک چۆن من ئازادم لە ژیان لەگەڵ ئەو حیجابەی کە باوەڕم پێی هەیە، ئەویش مافی ئەوەی هەیە کە بەپێی بیروباوەڕی خۆی جلوبەرگەکانی هەڵبژێرێت.