ژن کوشتن بە پاساوی پاک کردنەوە و پاراستنی شەرەف

 شۆخان حەمە ڕەشید، پارێزەی ڕاوێژکار، دەڵێت: یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی کەیسی ژن کوشتن، لەبەر ئەوەیە ئەنجامدەری تاوانەکە کەسی یەکەمە، زۆرجاریش کەیسەکە ناگات بە دادگا و لە دەرەوەی دادگادا بێدەنگی لێدەکرێت.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- ژن کوشتن بە بیانووی پاراستن و پاککردنەوەی "شەرەف" یەکێک لەو دیاردانەی بە درێژایی مێژوو لە کۆمەڵگەکاندا بوونی هەبووە، بکوژان پیاوانی نزیک خێزان و بنەماڵەن، هەر کۆمەڵگەیەک ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵ بێت بەسەریدا، ئەم دیاردە ناشرین و قێزەونەی تیادا بە دیاردەکەوێت، چونکە ژنان بە شەرەف دادەنرێت و بەشێکن لە موڵکی هۆز و بنەماڵە و پارێزگاری کردن لێیان دەبێتە ئەرکی پیاوان و هەر نەنگییەک دەبێتە هۆی کوشتنیان.

 

"ژن کوشتن بەناوی شەرەف پاکردنەوەوە مێژوویەکی کۆن و درێژی هەیە"

شۆخان حەمە ڕەشید، پارێزەری ڕاوێژکار و بەرێوەبەری ڕێکخراوی هاریکاری یاسای ژنان، لەبارەی کوشتنی ژنان بەناوی "شەرەف پاکردنەوە یاخود پاراستنی شەرەف" ڕوونی کردەوە کە مێژووی کوشتنی ژنان مێژوویەکی کۆن و درێژی هەیە، چەندین ساڵ ئەم دیاردەیە هەبووە و بەردەوامیش ڕوودەدات، شێوازی کوشتنی ژنان بەپێی تێپەڕبوونی سەردەم و کات گۆڕاوە، وتیشی: ئامارەکانی کوشتنی ژنان ڕوو لەزیادبوونە، چەند هۆکارێک لە پشتی ئەم دیاردەیەوە هەیە، ئەویش هۆکاری کۆمەڵایەتی و کولتوورییە.

 

شۆخان حەمە ڕەشید باسی لەوەکرد، بە بیرکردەنەوەی کۆمەڵگە تاکو ئێستاش ژن ناتوانێت ئازاد بێت، ناتوانێت بە ویستی خۆی بڕیاری هاوسەرگیری بدات، یاخود بڕیای جیابووەنەوە بدات، وتیشی: زۆر لەو ژنانەی دەکوژرێن، بەداخەوە لەلایەن کەسانی نزیکی خێزانی خۆیانن یان هاوژینی خۆیانن، بۆیە هەمیشە یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی کەیسی ژن کوشتن لە دادگاکاندا دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی،  کە سکاڵاکار لە دژی تاوانبار نییە و شایەتحاڵ نییە لەناو کەیسەکەدا، زۆرکاتیش کەیسەکە ناگات بە دادگا و لە دەرەوەی دادگا ون دەبێت.

 

ژن کوشتن بەپاساوی شەرەف پاکردنەوە، ماددەی ٤٠٦ی  بۆ هەموار کراوە لە دادگا

شۆخان حەمە ڕەشید، سەبارەت بەو یاسایەی بۆ داکۆکی لە ژن کوشتن لە دادگادا هەیە، دەڵێت: بە ناوی شەرەف پاککردنەوە، زۆرجار ژن کوشتن دەگاتە ناو دادگاکان، بە گوێرەی یاسا بڕیار لەسەر ئەو کەیسانە دەدرێت، لە ماوەی چەند ساڵێکی ڕابڕوودا بە هەوڵی ڕێکخراوەکانی ژنان، کارکراوە لەسەر تاوانی کوشتنی ژنان بە تاوانێکی یاسایی، وەک هەر کەسێکی تر کە چۆن دەکوژرێت، بکوژانی ژنیش بە ماددەی ٤٠٦ سزا دەدرێت، هیچ پاساوێک ڕێگری ناکات، لەسەر ئەوەی مادام ژنێک کوژراوە بە پاساوی شەرەف سزاکەی سوک بکات، چونکە بەپێی یاساکانی عێراق پێشتر ئەم یاسایە دەبووە هۆی ئەوەی، ئەگەر پیاوێک ژنێکی بکوشتایە بە پاسای شەرەف، ئەوا سزاکەی کەم دەبووەوە بۆ دوو ساڵ یاخود سێ ساڵ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سزای کوشتن بە ناوی شەرەف گۆڕانکاری تیادا کراوە و لە ئێستادا وەک و هەر کوشتنێکی تر، هەر پیاوێک ژنێك بکوژێت سزاکەی لە سێدارەدانە، یاخود زیندانی هەتاهەتاییە.

 

"ڕێکخراوەکانی ژنان و پارێزەرانی ژن لە دادگاکاندا کاریگەرییان لەسەر کەیسەکە هەیە"

لە درێژەی قسەکانیدا شۆخان حەمە ڕەشید باس لە داکۆکیکردنی ژنانی چالاکوان و پارێزەرانی ژن دەکات و وتی: وەک دیارە لە دادگاکاندا زۆرجار ئەو ژنانەی دەکوژرێن کەس داکۆکیان لێناکات، بۆ رێگریکردن لە کەمکردنەوەی دیاردەی ژن کوشتن، ژنان، چالاکوان و پارێزەرانی ژن خۆبەخشانە کار لەسەر کەیسەکە دەکەن کە بێتە ناو دادگا و بەڵگەکان کۆدەکەنەوە، لە ماوەی ڕابردووشدا توانیومانە کار لەسەر چەندین کەیسی ژنان بکەین و تاوانباران بە زووترین کات زیندانی بکرێن و بە سزای خۆیان بگەن.

 

ئەو پارێزەرە باس لە چارەسەر بۆ نەمانی دیارەی ژن کوشتن بە ناوی شەرف پاکردنەوە یاخود پاراستنی شەرف دەکات و دەڵێت: دەبێت حکومەت پلانی هەبێت و کار بکات بۆ ئەوەی، ئەو کەسانەی تاوانی ژن کوشتن ئەنجام دەدەن بە قرسترین سزا بگەیەندرێن و ببێتە وانەیەک بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، بە هیچ پاساوێک هەڵنەدرێت دیاردەی ژن کوشتن بەردەوام بێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شۆخان حەمە ڕەشیدی پارێزەر، دووپاتی کردەوە، بوونی دیاردەی ژن کوشتن، کولتوور و کۆمەڵگە کاریگەی لەسەری هەیە، هەندێک پیاو پێی وایە، نابێت ژن بەشداریکردنی هەبێت، یاخود ژن مافی ئازادی هەبێت، زۆرجار بڕیاردەران لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆرینەیان لە رەگەزی پیاون و ژنان وەلا دەنێن.