"خاکەکەمان خۆشدەوێت و هیوامان گەڕانەوەیە بۆ عەفرین"

سوهەیلا موراد، هاوڵاتییەکی عەفرینییە و نیشتەجێی شاری سلێمانییە، لە کاتی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ عەفرین لە شارەکەدا بووە و هێرش و کوشتن و لێدانی بینیوە.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- عەفرین شارێکی ستراتیژی و خاکێکی دەوڵەمەندی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هێرشی داگیرکارییان کردە سەری و دوای ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدان لەلایەن ژنان شەڕڤانان و گەلەوە ، لە ١٨ی ئاداری هەمان ساڵدا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی شارەکە داگیرکرا و لەو ڕۆژەوە بە هەزاران کەس ئاوارەبوون و تیرۆر و کوژران و سەدان ژن ڕفێندران، دەستدرێژیان کرایەسەر و بێسەروشوێن کران.

 

ژنانی ئاوارەی عەفرین کە لە کامپەکانی شەهبا و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژین، هیوای هەمیشەییان گەڕانەوەیە بۆ عەفرین و بەردەوامیدا بە ژیانیان لەناو باخە زەیتوونەکان و چیاکانی عەفریندا، بەشێک لە دانیشتووانی عەفرین لە کاتی هێرشەکان و دوای داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا کە تاوانیان ئەنجام دەدا، ئاوارەی باشووری کوردستان بوون و لە کامپەکاندا نیشتەجێ بوون، ئێستاش بە ئومێدی گەڕانەوەن بۆ خاکی خۆیان.

 

سوهەیلا موراد، هاوڵاتییەکی عەفرینییە و نیشتەجێی شاری سلێمانییە، لە پێش هێرشی داگیرکاری بۆ سەر عەفرین لە وڵاتی لوبنان ژیاوە، دواتر بە سەردانی دەچێتە عەفرین و دوای دەستپێکردنی هێرشەکان لەوێ دەمێنێتەوە.

 

سوهەیلا ماوەی سێ ساڵە لە شاری سلێمانییە، بە چاوی خۆی هێرشی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بینیوە، دەڵێت: دۆخی عەفرین خراپ بوو، من ٧ مانگ لەوێ مامەوە، شەڕم بینی و هەموو شتێکم بینی، تۆپ و تەیارەمان بینی، لە عەفرین کوشتن هەیە، دزی و لێدان هەیە، حەز زەحمەتی زۆر دەبینێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا سوهەیلا دەڵێت: دەمانەوێت تورکەکان بچنە دەرەوە، ئەو کوشتنانە کۆتاییان بێت و ژیانمان لەوێ و لەناو زەوییەکانمان دەستپێبکەینەوە، ئەوان هاتوون بۆ ئەوەی کوشتن و دزی بکەن.

 

لە کۆتاییدا وتی: ئێمە خاکەکەمان خۆشدەوێ و دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ عەفرین، ئەمڕۆ بێت یان سبەینێ ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ خاکەکەمان.