لە ئێران ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە

دابینکردنی پێویستی ژیان و هەبوونی ژیانێکی ئاسایی مافی هەموو مرۆڤێکە، بەبێ گوێدانە بارودۆخی جەستەیی، بەڵام کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئێراندا بە ئازارەوە دەژین و ئاسکە سەرحەدیش دەڵێ: نەتوانی دەنگت بگەیەنیت بە هیچ شوێنێک، ترسناکترین شتە.

ژونا ئەردەلان

 

سنە- ئاسکە سەرحەدی، چالاکوانی شاری سنە، ئەو کێشە و گرفتە زۆرانەی هێنایە بەر باس، کە بەهۆی خاوەن پێداویستی تایبەتییەوە هەیەتی، بەڵام یەکێکە لەو ژنانەی کە لە بوارە هونەرییە جیاوازەکاندا چالاکە.

 

"نەتوانی دەنگت بگەیەنیت بە هیچ شوێنێک ترسناکترین شتە"

ئاسکە سەرحەدی لە ساڵی ١٩٧٦ لە گەڕەکی ئاغا زەما لە شاری سنە لەدایک بووە، لە کاتی لەدایکبوونیدا دەبێتە ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەمەش لە ژیاندا ڕووبەڕووی سەختی دەکاتەوە، ئەو دەڵێت: هەر لە منداڵییەوە تا ئێستا لەگەڵ ئەو هەموو کێشە و ناڕەحەتیانەی کە هاتوونەتە سەرم، توانیومە لەسەر پێی خۆم بوەستم و هەوڵم داوە خۆم لەدەست نەدەم، من خوێندم و چوومە زانکۆ، بەڵام گاڵتەم پێدەکرا، من سەرزەنشت دەکرام کە بۆچی دەخوێنم و دەیانوت چ سوودی هەیە بخوێنیت، پرۆفیسۆرەکە بێ هەستەکەم پێی دەوتم بۆچی دەخوێنیت و سوودی خوێندنەکەت چییە، دەموت خوێندنەکەم بۆ من بەسوودە و بڕیار نییە بۆ کەس سوودی هەبێت و ئەویش دەیوت، "تۆ دەبێتە هۆی نائارامی لە پۆلەکەدا و واتکردووە قوتابیەکانی تر سەرنجیان بۆ لای تۆ بچێت"، منیش دەموت ئەوە کورتبینی خوێندکارەکانتە و هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە.

 

ئاسکە دەڵێت: سەرەڕای هەموو ئەمانە، شکستم نەهێنا و بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە ئەدەبیات تەواو کرد، هۆکاری بەردەوام نەبوونیشم ئەوە بوو کە هیچ شوێنێک بۆ من نەگونجێندرا، نە زانکۆ، نە ڕێگا گشتییەکان و تەنانەت شوێنەکەی خۆشم بۆ ئێمەی خاوەن پێداویستی تایبەت گونجاو نییە.

 

"سەرۆکەکان لە شوێنی خۆیان دانیشتوون و تەنها قسە دەکەن و هیچ ناکەن"

ئاسکە باسی لەوەکرد، لە شاری سنە لەدایک بووە و تیایدا ژیاوە، بەڵام دەپرسێت بۆچی تا ئێستا شوێنێکی دووری نەبینیوە، "بۆچی نەمتوانیوە مۆزەخانەی شاری سنە ببینم؟ هۆکاری هەموو ئەمانە چییە!؟ بۆچی زۆر شوێنی سنە هەیە بۆ من تازەیە و نازانم لە کوێیە، چونکە نەگونجێنراوە، چونکە سەرۆکەکان لە شوێنی خۆیان دانیشتوون و تەنها دروشم دەڵێنەوە و هیچ ناکەن.

 

"یەکەم کاری نواندنم لەگەڵ سەعید سەعیدی بوو"

ئاسکە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: دوای تەواوکردنی خوێندن، شتێک پاڵی پێمەوە دەنا بۆ هونەر، هەرگیز حەزم لە شانۆ نەبووە، بەڵام زۆر سەرنجڕاکێشە، لەناکاو حەزم لێی بوو، تەنانەت کاتێک شانۆ لە تیڤی پەخش دەکرا، دەمکوژاندەوە، بەڵام دەستم بە کاری شانۆ کرد و زۆر حەزم لێی بوو، ئارامیشی پێبەخشیم. من وەک ئەکتەرێک دەستم بە کارکردن کرد و بوو بە پریشکێک بۆ درێژەدان بە کارەکانی ترم و فیلم و مۆسیقا و وتار و هتد..م هەبوو، بەڵام وەک پێشتر وتم بەهۆی نەشیاوی ئەم شارە و ڕێگاوبان و چەندین هۆکاری ترەوە، بەداخەوە نەمتوانی خەونەکانم بەدی بهێنم.