بە ئیرادەو خۆشەویستی بۆ ژیان شێرپەنجەی تێپەڕاند

کاتێک ژنان دەیانەوێت ئەو بارودۆخەی بەسەریاندا سەپێنراوە بیگۆڕن، لە دژی نەریت و هۆشیاریی دواکەوتوو ڕادەپەڕن، هیچ شتێک نییە کە بیانوەستێنێت.

نەزیهە بوسەعیدی

 

تونس- بەدروشمی "شتی شایستەی ژیان لەسەر زەوی هەیە"، ماها نەبنون یەکێکە لەو ژنانەی کە لەدژی کۆمەڵگە ڕاپەڕی و نەخۆشییە سەختەکەی کە تەنها ١% هیوای ژیانی هەبوو تێپەڕاند.

 

خۆشەویستی بۆ ژیان بووە هۆی چاکبوونەوەی

مەها نەبنون، وێنەکێشە و پیشەسازێکی کۆنی بازرگانییە لەتونس دوای تێپەڕبوونی نەخۆشییە مەترسیدارەکەی، بووە نموونەی ژنانی ئازاد، ڕێژەی هیوای زاڵبوون بەسەر نەخۆشییەکەی بە پێی وتەی پزیشکی نەشتەرگەرییەکەی ١% بوو، بەهۆی خۆشەویستی ژیان و کارەکەیەوە، لە بەرامبەر نەخۆشییەکەی بەرگری کرد، هەرچەندە ڕێژەی سەرکەوتنی نەشتەرگەری و ڕزگاربوونی لە مردن زۆر کەم بوو، بەڵام سەرکەوتوو بوو.

 

بەو پیشانەی کە فێربوو لەسەر پێیەکانی بوەستێت

سەرەڕای ئەو ئازارەی کە هەیبوو، ماها نەبنون وتی: "کاتێک شێرپەنجە لە شوێنێکی هەستیاری سەرمدا ڕوویدا، دەستم بە چارەسەری خۆم کرد، بەڵام خۆم نەخستە سەر جێگا، هەمیشە تابلۆکانم دەکێشا و جلوبەرگم دەدوری و دەمنەخشاند،  دوای سێ ساڵ لە پەروەردەی پیشەسازی، بڕوانامەی دیپلۆمەکەم وەرگرت و فێری دروومان بووم، دواتر لە ئامۆژنم و ئامۆزاکەمەوە فێری نەخشاندن بووم، دواتر فێری وێنەکێشان بووم، ئەمانە یارمەتی دام لە دژی نەخۆشی و کێشەکانی من دوای جیابوونەوەم لە هاوژینەکەم بەسەر ئەو بەربەستانەدا زاڵبم".

 

سەرەڕای ئەگەری ١% بۆ چاکبوونەوە لە نەخۆشییەکە ڕزگاری بوو

مەها نەبنون وتیشی: "خۆم ڕادەستی نەخۆشیەکە نەکردو لە مردن نەترسام، من بە هیوایەکی زۆرەوە دژی ئەو نەخۆشیە بکوژە ڕاوەستام، هەرچەندە دەمزانی ئەگەری ١%یش نییە چونکە لە شوێنێکی هەستیاردا بوو، بەڵام نەشتەرگەریم کرد و دیسان دەستم بە ژیان کرد".

 

"کاتێک لێک جیابووینەوە، هاوژینەکەم من و منداڵەکانی لە ماڵ دەرکرد"

مەها نەبنون لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "دوای تێپەڕبوونی نەخۆشییەکە، لە کارەکەمدا جدیتر بووم بەتایبەتی دوای ئەوەی هاوژینەکەم من و منداڵەکانمی لە ماڵەکە دەرکرد، ئەو منداڵانەی کە پێویستیان بە خێزان و ماڵ و خەرجی پەروەردە بوو، ئێستا ئێمە لە ژوورێکدا بەتەنها لەگەڵ دایکمدا دەژین، هەرچەندە هێشتا نەخۆشییەکە کاریگەری لەسەر من هەیە من درومانی ئەکەم، وێنە دەکێشم و بەشداری پێشانگا دەبم، بۆ تێچووی چارەسەری خۆم و پەروەردەکردنی منداڵەکانم، بەرهەمەکانم لە تونس ناوبانگیان پەیدا کردووە، مرۆڤ نابێت ڕێگە بە هیچ شتێک بدات ببێتە ئاستەنگ لەبەردەمیدا، دەبێت درێژە بە کارەکەی بدات و کارەکەی خۆش بوێت".

 

"دەبێت ژنان ئیرادەیان هەبێت و خۆڕاگر بن و بتوانن تێبکۆشن  بۆ بژێوی ژیان"

دوای سەرکەوتنەکانی مەها نەبنون ئاماژەی بەوەکرد خەڵکێکی زۆر لێی دەپرسن، سەرچاوەی هێز و خۆڕاگری ئەم ژنە چیە لەگەڵ کێشەکانی ژیان؟ لەو بارەیەوە وتی: "من منداڵم هەیە، دەبێت بەباشی ئاگاداریان بم، ببمە نمونەی بەرخۆدان بۆیان، نەک ژنێکی لاواز کە چاوەڕوانی هاتنی کەسێک بکات و لە دۆخێکی خراپ ڕزگارم بکات".

 

بەڕای مەها نەبنون دەبێت هەموو ژنێک خاوەنی ئیرادەبێت و خۆڕاگر بێت بۆ سەلماندنی خۆی و دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی، کاری رێکخراوەکان بکەن چونکە هێزی پێویستیان پێدەبەخشێت کە ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببنەوە و بتوانن ماف و ئەرکەکانیان بزانن و لە ناو کۆمەڵگە و ژیاندا خاوەنی ویست و هێز بن.