ژنانی ئاوارە لە کامپی واشۆکانی داوای دوورخستنەوەی داگیرکەر لە شارەکەیان دەکەن

ژنانی کامپی واشۆکانی دووپاتی دەکەنەوە، ئازارەکانیان بەهۆی زستان و بارودۆخە سەختی ژیانیان دوو هێندە زیادی کردووە و داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەن، هاوکارییان بکەن و داگیرکەری تورکیا لە شارەکەیان دوور بخەنەوە.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- سەرێکانی کە لە ساڵی ٢٠١٩دا لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانیەوە داگیرکرا، خەڵکەکەی ڕوویان لە کامپی واشۆکانی کرد و لەوێ درێژەیان بە ژیانیان دا، وەرزی زستان و شکستی ڕێکخراوە مرۆییەکان لە دابینکردنی پێداویستییەکانیان ژیانی سەخت کردوون و ئازارەکانیان دوو هێندەیە.

 

کامپەکە ١٢ کیلۆمەتر لە شاری حەسەکە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوورە و هەزاران ئاوارە لەخۆدەگرێت، کە لە ئەنجامی بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە و بە ئامانجگرتنی ناوچەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە.

 

لە وەرزی زستاندا ئازاری ژنانی نیشتەجێی کامپی واشۆکانی کە ئاوارەکانن، زیاتر دەبێت، پاکوخاوێنی لە دەوروبەری چادرەکاندا نییە و پەتا بەربڵاوە، هەروەها چادرەکان کۆن بوون و تیایاندایە بۆ ماوەی چوار ساڵ لەسەریەک نەگۆڕدراون، ئەوان لە ژێر بارودۆخە سەختەکەدا دەژین و کامپەکە  پێویستییە سەرەتاییەکانی بۆ نییە.

 

"دۆخی ئاوارەی کامپەکان خراپە"

مەلەک ساڵح، هاوسەرۆکایەتیی کامپی واشۆکانی وتی: دۆخی کامپەکە هەم لە وەرزی زستان و هەم لە دوای باران بارین خراپتر دەبێت، ئەمەش لە ئەنجامی دڕان و خراپبوونی زۆرینەی ئەو چادرانەیە کە هەن، دوای خراپبوونیشیان ناگۆڕێن لە هەندێک حاڵەتی تایبەت و باراندا نەبێت، هەموو چادرەکان پێویستیان بە گۆڕانکارییەکی تەواو و ڕیشەیی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمی بودجە و پشتیوانی، ناتوانین بیگۆڕین ساڵانە، هەروەها کامپەکە تووشی کێشەی ئاوەڕۆ دەبێت لە ئەنجامی کەموکوڕییەکی نەزانراو لە ئاوەڕۆکاندا، کە نزیکە لە گیرانی هەموو ئاوەڕۆکان.

 

ڕوونیشیکردەوە، چارەسەری ڕیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی دانیشتووانی کامپەکە یەکەمجار لە گۆڕینی هەموو چادرەکان و گۆڕین و چاککردنەوەی ئاوەڕۆی تەندروستی دایە، "پەتایەکی زۆر لە کامپەکەدا بڵاودەبێتەوە لە ئەنجامی ئاوی پیس و تێکەڵکردنی ئاوی حەمامەکان، تا دەتوانین هەوڵماندا کەلوپەلی پزیشکی بۆ هەموو خێزانەکان دابین بکەین و جێگەی نوستنیان بۆ بگۆڕین بۆ ئەوەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتا بکەین، بەڵام دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕ لە دۆخی ئاوارەکان بدەنەوە و پاڵپشتی باشتریان بکەن، ئەگەرنا ژیان بۆیان سەلامەت نابێت.

 

"دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ خاکەکەمان"

سارا خەزەر، ژنێکی ئاوارە و خەڵکی گوندی مەنجیر لە سەرێکانی، ژیانی ناو کامپەکەی بە دۆزەخ وەسف دەکات و دەڵێت: پێنج ساڵە لە کامپەکەدا دەژین، لە سەرەتادا هەموو شتێکیان پێداین، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ئەو هاوکاریانەی کە پێشکەشمان دەکرا کەمیان کرد، ئێمە بەدەست بارودۆخێکی زۆر سەختەوە دەناڵێنین، بە تایبەت لەگەڵ وەرزی زستان و بارانبارین و بووە هۆی ئەوەی چادرەکان کۆن بن و نەگۆڕدرێن، ئێمە هیواخوازین بە زووترین کات بگەڕێینەوە ماڵ و ژیانی خۆمان.

 

ڕیحان شێخی، ئاوارەیەکی خەڵکی شاری سەرێکانییە و دەڵێت: لە کامپەکەدا هیچ تایبەتمەندییەک نییە، خێزان هەیە لە پێنج کەس یان زیاتر لە یەک چادردا دەژین، لەژێر چادرەکەشدا زۆر ساردە، بای زۆرە لە هەموو ئاراستەکانەوە دێت و نزیکە بەسەر سەرماندا بفڕێت، زۆربەی خێمەکان کۆنن و پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە، داوای گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەکەم.

 

هێلین محەمەد ئاوارەیەکە و وتی: ئێمە لە کامپەکەدا کەمترین پێداویستییەکانی ژیانمان نییە، کەشوهەوا ساردە، باران و ئاو دەچێتە ناو چادرەکانەوە، ژنانیش ئەوانەن کە لەژێر ئەو بارودۆخە سەختەی ژیاندا زۆرترین ئازار دەچێژن، ئێمەش پێویستمان بە هاوکارییە، داوا دەکەین بگەڕێینەوە بۆ ماڵەکانمان و داگیرکاری تورکیا کۆتایی بێت، ژیانمان وەک پێشتری لێبێتەوە.