کۆمەڵگە گەنجی بێ ئومێدی بەرهەم هێناوە

بێ ئومێدی و ڕەشبینی گەنجان چەندین هۆکاری هەیە وەک، نەبوونی هەلی کار و پاڵپشتی نەکردنی خێزان و حکومەت، چارەسەرکارێکی دەروونیش دەڵێت "پێویستە گەنجان خۆیان کۆبکەنەوە و کار لەسەر خاڵە ئەرێنییەکانیان بکەن".

شنیار بایز

 

سلێمانی- گەنجان لەم کۆمەڵگەیەدا تەواو نا ئومێد بوون و بێ هیوا بوون لە ژیان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکاری وەک نەبوونی کار و یارمەتینەدانی حکومەت بۆ بنیادنانی داهاتوویان، یاخود نەگەیشتنیان بە ئامانجەکانیان، بوونی بۆشای لە ژیانیاندا کە وادەکات نا گەشبین بن بە ڕووی ژیان، خراپی دۆخی ئابووریان تەواوی ئەم هۆکارانە ژیانی گەنجی بەرەو خراپتر بردووە، بەشێک لە گەنجان سەرەڕای بوونی ئەم دۆخەیان بەڵام کۆڵیان نەداوە لە گەیشتن بە خولیا و ئامانجەکانیان، بونەتە نمونەی گەنجی سەرکەتوو لە کۆمەڵگەدا.

 

"هۆکاری سەرەکی بۆ نا گەشبینی گەنجان خراپی باری ئابووریانە"

وەک هاوڵاتییەک دەربارەی ئەو بابەتە ئاماژەی بەوەدا، گەنجان بێ هیوان، چونکە هیچ داهاتێکیان نییە و ناتوانن داهاتوویەک بۆ خۆیان بنیاد بنێن، لە بواری خۆیاندا کار ناکەن، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت و نەبوونی هەلی کار، ئەمەش وایان لێدەکات بە نەرێنی بیر بکەنەوە، دەڵێت "گەنجەکانمان چەندین ساڵ دەخوێنن و خۆیان ماندوو دەکەن لە داهاتوودا بەرهەمی ماندووبوونەکانیان ناخۆن بۆیە بێ هیوا دەبن".

 

بە گرنگی دەزانێت، لە نەبوونی کاردا بێ هیوا نەبن و خۆیان هەلی کار بۆ خۆیان بدۆزنەوە، ئەکرێت لە بواری دیکەدا خۆیان پێبگەیەنن، بە هەمان شێوە بۆ تەواوی ژیانیان نابێت ڕەشبین بن و بێ هیوا بن بەڵکو دەبێت لە هەموو ڕوویەکەوە گەشبین بن.

 

"پێیوستە گەنجان ڕێگە نەدەن ڕووداوە نەرێنییەکانی ژیانیان بێ ئومێدیان بکات"

هودا عومەر، وەک گەنجێک ڕوونیکردەوە، کۆمەڵێک بۆشایی هەیە لە ژیانی گەنجاندا لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە ئەم بۆشاییانە پێویستیان بە پڕکردنەوەیە، کاتێک ئەم بۆشاییانە پڕ نەبێتەوە بێگومان گەنجان نا ئومێد دەبن، بەڵام گرنگە بزانن ژیان کەوتن و هەستانەوەی تێدایە بۆیە کاتێک ناگەن بەو خەونەی هەیانە بێگومان دەبێت بزانن هەستانەوە هەیە و دەبێت هەوڵ بدەنەوە دووبارە و بگەن بەو ویستەی هەیانە.

 

دەڵێت "نابێت گەنجان تەنها شتە نەرێنییەکانیان ببینن چونکە لە ژیانیاندا چەندین شتی ئەرێنیان هەیە دەبێت بیبینن بۆ ئەوەی نا ئومێد نەبن، ڕێگە نەدەن ئەو ڕووداوە نەرێنیانەی دەیبینن بەم ڕۆژگارە کاریان تێبکات و نەرێنیان بکات"، داوا لە گەنجان دەکات، بە نەبوونی شتێک نا ئومێد نەبن و بەردەام بن لە ئامانجەکانیان.

 

" گەنجان بە دژە کۆمەڵگە لە خۆیان دەڕوانن"

ڕێژین حەمەنەجم، چارەسەرکاری دەروونی، ئاماژەی بەوەکرد، منداڵ کە گەورە دەبێت و دەگاتە تەمەنێک و گەورە دەبێت کۆمەڵێک گۆڕانی جەستەی و دەروونی بۆ دروست دەبێت کە وایلێدەکات جیاوازتر بیرکاتەوە لە کەسانی دیکەی خێزانەکەی، کە دەبێت لە بنەڕەتدا ئەم جیاوازیانە ئاسایی بێت و خێزان جیاوازی گەنجەکانیان قبوڵ بکەن، چونکە دەکرێت ئەو گۆڕانکاریانە و قبوڵ نەکردنیان لە لایەن خێزان و کۆمەڵگەوە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئەم گەنجە ڕەشبین بێت.

 

هەندێک کات گەنجان بە دژە کۆمەڵگە لە خۆیان دەڕوانن، ئەمەش کاریان تێدەکات و واز لە خوێندن دەهێنێت، حەزی چوونە دەرەوەی بۆ دروست دەبێت و کار ناکات، ویستی جێهێشتنی وڵاتی دەبێت، بەهۆی ئەوەی وزەی هەیە و خەون و ئاواتی بەردەوامی هەیە و ناگات پێی، هەست بە دووبارەبوونەوەی ژیان دەکات بۆیە بێزار دەبێت.

 

"دەبێت گەنجان واز لەو وزەیە نەهێنن کەلە ناخیاندایە"

بەهۆی ئەوەی لە تەمەنی گەنجیدا لاسایکردنەوە و دووبارەکردنەوەی شتەکان لای گەنجان ئاساین وەک شێوازی جلوبەرگ و قژ یاخود هەر خولیایەک کەلە کەسێکی دەرکەتوو سەرکەوتوودا بیبینن، بەڵام خێزانەکان قبوڵی ئەو دۆخە ناکەن و وا هەست دەکەن منداڵەکانیان خراپن بۆیە جۆرێک لە نا گەشبینی دروست دەکەن، چونکە هەست دەکەن خێزانەکانیان لەگەل بیروڕای ئەواندا نین.

 

لە ڕوویەکی دیکەوە نا گەشبینی گەنجانی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی کار و دامەزراندن لەو بوارەی کە تیایدا خوێندوویەتی، وتی "گەنجەکانمان دەخوێنن بەو ئامانجەی کاری تێدا بکەن بەڵام کاتێک کاریان دەست ناکەوێت بێگومان نا ئومێد دەبن"، بەڵام ڕێژینی دەرووناس پێی وایە سەرەڕای ئەو هۆکارانەش بەڵام گەنجان واز لەو وزەیە نەهێنن کە لە ناخیاندایە و بەردەوام بە شوێن ئەو خولیایەوە بن کە هەیانە و وزەی خۆیان لە دانیشتن بەکارنەهێنن، نەڵێن پێی ناگەین تەواو دەبێت وازی لێبهێنین بە پێچەوانەوە دەبێت زیاتر سوور بن لەسەری.

 

"نابێت چاوەڕێ بیت بەڵکو دەبێت خۆت هاندەری خۆت بیت"

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، کاتێک گەنجێک کارێک دەکات و دەستخۆشی لێناکرێت یاخود ستایشی ناکرێت وە بە هۆیەوە نا ئومێد بێت بێگومان هەڵەیە، پێویستە هەموو گەنجان بزانن کە کار دەکەن بۆ خۆیانی دەکەن و نابێت چاوەڕێی ستایشی کەس بن، بەڵکو دەبێت بەردەوام چاویان لەسەر ئامانجی خۆیان بێت نابێت چاوەڕێی کەس بکەن بۆ پاڵنان بەڵکو خۆیان هاندەری خۆیان بن.

 

دەڵێت "گرنگە کاتێک گەنجێک نا ئومێد دەبێت و خێزانەکەی هاوکاری نین و  خودی خۆشی توشی ڕەشبینی بووە، سەردانی چارەسەرکاری دەروونی بکەن، پێیان شەرم نەبێت باسکردنی کێشەکانیان بەڵکو هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن، چونکە سەردانیکردنی کەسانی پسپۆڕ دەستپێکە بۆ نەهێشتنی ڕەشبینی و بەرەو باشتر ڕۆیشتن".

 

گەنجان گرنگە خاڵی بەهێزی خۆیان بدۆزنەوە و کاری لەسەر بکەن، ڕێگە نەدەن نا ئومێدی دەەست بەسەر ژیانیاندا بگرێت بەڵکو بە پشت بەستن بە خۆیان و کەسانی شارەزا خۆیان بەرەو پێش ببەن و دۆخی خۆیان باشتر بکەن، هەوڵ بدات لە شوێنی نەرێنی بوون ئەرێنی بوون بخاتە ژیانییەوە، هەوڵ بدات ئەو شتە باشانەی کردوویەتی لەبەرچاوی بێت و بە دوایدا کاری باشتر بکات، چونکە بە دۆینەوەی خاڵی ئەرێنی گەنج زیاتر بەرهەمدا دەبێت.