شۆڕشی ١٩ی تەمووز سەرچاوەی ڕێکخستنی ژنان و بەرزکردنەوەی ڕۆڵیانە لە کۆمەڵگەدا

ناهید سلێمان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، دووپاتیکردەوە کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بووە هۆی ڕێکخستنی ژنان و بەرزکردنەوەی ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا، هەر بۆیە دوای ١٢ ساڵ لە شۆڕش، سەرەڕای سەختی و ئاستەنگییەکان، دەستکەوتی زۆریان بەدەستهێناوە.

 دەلال رەمەزان

 

حەسەکە- ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژنان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆڵی ژنانیان لە کۆمەڵگەدا بەهێز و چالاک کردووە، هەروەها بە مافەکانیان ئاشنایان کردن کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لێیان سەندراوەتەوە.

 

دەیەی ڕابردوو گەلی سووریا ڕووبەڕووی ململانێی توندی ناوچەکە و دەستوەردانی دەرەکی بوونەوە، سەرەڕای ئەمەش گۆڕانکاری ئەرێنی لە زۆرێک لە شارەکانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا ڕوویدا، کە تێیدا پڕۆژەیەکی نوێ بە ئامانجی یەکخستنی گەلان جێبەجێکرا.

 

"لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش ژنان خۆیان ڕێکخست"

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنان لە ڕێگەی هەوڵەکانی خۆیانەوە لە هەموو بوارەکاندا کاریان بۆ ڕێکخستنەوەی خۆیان کرد و ئەنجومەن، کۆمۆن و دامەزراوەی تایبەت بە خۆیان پێکهێنا، یەکێتی ستار کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزرا، چالاک بوو و لە ساڵی ٢٠١٦ ناوەکەی گۆڕدرا بۆ کۆنگرەی ستار، هەروەها چەندین ناوەندی ژنان دامەزران، لەوانە ماڵی ژنان، ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دامەزراوەی بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژی، ئەنجومەنی ژنانی سووریا، ئەنجومەنی کۆمەڵەی زەنوبیا، هەروەها ژنان لە لیژنەی پەروەردە و دامەزراوەی خێزانی شەهیدان و بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و گەنجانی دیموکراتدا جێگەی خۆیان گرت.

 

سەبارەت بە دۆخی ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژنان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوای ١٢ ساڵ لە دەستپێکی شۆڕشی ١٩ی تەمموز، ناهید سلێمان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکەی کانتۆنی جەزیرە، وتی: ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سەرەتای شۆڕشەوە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەشدارییان کردووە، شۆڕشی ١٩ی تەمووزیش، بوونی ژنانی سەلماند، ئەم شۆڕشە بە شۆڕشی ژنان ناسرا و چەندین ئاسۆی نوێی بۆ ژنان کردەوە و ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە پەرەپێدانی هزر و فەلسەفەکانیان.

 

"هەوڵمانداوە ژنان بە هێز و بە ئیرادە بکەین"

ناهید سلێمان ڕوونیکردەوە، دوای ئەوەی ژنان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان پەروەردە کران، بەشدارییان لە دامەزراندنی چەندین دامەزراوەی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە خۆیان کرد و لەناو ئەو ڕێکخراوانەدا بوونە چەترێک بۆ پاراستنیان، کۆنگرەی ستاریش بزووتنەوەیەکی ژنانە کە نوێنەرایەتی ناسنامەی هەموو ژنان دەکات، لەوانە کۆمیتەی ئەکادیمیای کۆمەڵایەتی، ئابووری، تەندروستی، ڕاهێنان و پەروەردە و هەموو ئەم لیژنانە بۆ یارمەتیدانی ژنان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییان و پشتگیری دەروونی بۆیان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی کار دەکەن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕێکخراوەکانی ژنان خۆیان پەرەپێداوە و بوونەتە ئاماژەیەک بۆ هەموو ژنان، "لە سەرەتای شۆڕشەوە و لەگەڵ کاراکردنی ڕۆڵی ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژناندا، ئەو دامەزراوانە پەرەیان بە خۆیان داوە، ژنانیان ئاگادار کردووەتەوە لە مافە ڕەواکانی خۆیان و پاڵپشتی ژنانیان کردووە تا بە هێز و بە ئیرادە بن.

 

"پێویستە ژنان بە یەکگرتووی دژی هەموو ئاستەنگەکان بوەستنەوە"

ناهید سلێمان داوای له هەموو ژنان کرد که وەک زامنی مافەکانیان بچنه ناو بزوتنەوه و ڕێکخراوەکانی ژنانەوە وتی: ئەمڕۆ دوای ١٢ ساڵ له دەستپێکردنی شۆڕشی ١٩ی تەمووز، هەوڵمانداوە بگەین بە هەموو ژنان بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان و دروستکردنی کەسایەتی بە هێز، ئێمە هەموو ئەو ئاستەنگانە تێدەپەڕێنین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە بۆ گەیشتن بە ژنان لە هەموو جیهاندا، هەروەها پێویستە ژنان پابەند بن بە ناسنامەی خۆیانەوە و بەرگری بکەن و بە هاودەنگی لەگەڵ یەکتردا بوەستنەوە دژی هەموو بەربەست و ئاستەنگییەکان.