"کارکردن لەژێر سمێڵی پیاوەکانی تاڵیباندا بەرخۆدانە"

یەکێک لە بەرگدرووە بەناوبانگەکانی "باخی شەهرارا" دەڵێت: "باخی ژنان جوانی خۆی لەدەستداوە، چونکە شوێنە گەشتیارییەکانی ئێمە بووەتە شوێنی ژیانی ئەو کەسانەی کە ژنان دەچەوسێننەوە".

بەهاران لاهیب

 

کابول- "باخچەی شەهرارا" ناسراو بە "باخچەی ژنان" یەکێک بووە لە شوێنە گەشتیارییەکانی ژنان، بەڵام کاتێک تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەم باخچەیەش بە ڕووی ژناندا داخرا.

 

باخچەی شەهرارا لە سەردەمی شانشینی بابری لە کابول دامەزراوە، ئەم باخچەیە لە سەدەی ١٦دا لەلایەن شەهربانو ئوممەت زاهیرەدین محەمەد بابرییەوە دامەزرا کە کچی بابر بووە. وەک چۆن هەموو ئەفغانستان بە درێژایی سەدەکان ڕووبەڕووی هەوراز و نشێو بووەتەوە، ئەم باخچەیەش لە بارودۆخی پشێوی ئەفغانستان ڕزگاری نەبووە، بەڵام دواجار لە حکومەتی پێشوودا لەلایەن وەزیری "کاروباری ژنان"ەوە ئاوەدان کرایەوە، جگە لەوەی شوێنێکە بۆ کات بەسەربردنی ژنان، دوکانەکانی فرۆشتنی جلوبەرگی ژنان، چێشتخانەی بچووک و خولی ڕاهێنان، سەنتەری چارەسەری دەروونی، خولی فێربوونی شۆفێری و شوێنی وەرزشی ژنانیشی تیادا کرابووەوە.

 

کاتێک تاڵیبان وەزارەتی "کاروباری ژنان"ی گۆڕی بۆ وەزارەتی "فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە"، دەست بەسەر باخچەکەدا گیرا و ڕێگرییان لە چوونی ژنان کرد.

 

کاتێک دەچیتە ناو باخچەکەوە، هەست بە کەشوهەوای ئارام و بە سۆز ناکرێت، هەموو شوێنێک پڕ بوو لە دیمەنی داگیرکاری، ئەو شوێنەی فرۆشگا و ناوەندەکانی ژنانی لێبوو و پێشتر بازاڕیان ئاوەدان بوو، ئێستا تەنها یەک و دوو دوکانی سنووردار چالاک ماونەتەوە و فرۆشگاکانیش بەرەو داخستن دەچن.

 

ڕوشان لەتیفی، یەکێکە لە بەرگدرووە بەناوبانگەکانی باخچەکە و وتی: باخچەی ژنان جوانی خۆی لەدەستداوە، چونکە شوێنی کات بەسەربردنەکەمان بووەتە شوێنی ژیانی ئەو کەسانەی کە ژنان دەچەوسێننەوە، ڕۆژانە کەسانی وەزارەتی فەرمان بە چاکە دێنە دوکانەکانمان و ئاگادارمان دەکەنەوە کە مافی ئەوەمان نییە بێ حیجاب بێین یان جلی نائیسلامی بدرووین، ئێمەی ژنان هەمیشە گاڵتە بە هۆشدارییەکانیان دەکەین،قسەکانیان و تۆنی فەرمانەکانیان کە بە دەنگی بەرز دەیڵێن، دووبارەبوونەوەیە

 

ڕوشان بە زەردەخەنەیەکی جوانەوە لەسەر لێوەکانی بەردەوام بوو و وتی: ئێمەی ژنان هۆکاری ڕاستەقینەی پشت قسەکانیان دەزانین، کە دەیانەوێت لێیان بترسین و واز لە هاتن بۆ شوێنی کارەکەمان بێنین، بەڵام هەموومان پێکەوە بەڵێنمان دا کە هەرچی بڵێن و بە هەر نرخێک بێت، بەردەوام دەبین لە کارەکانمان، هەرچەندە هیچ کڕین و فرۆشتنێکمان نییە، بەڵام ئێمە تەسلیمی ئەو کەسە نەزانانە نابین، بە بۆچوونی ئێمە کارکردن لەژێر ڕیشی پیاوانی تاڵیبان و فەرمان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە" بۆ خۆی بەرخۆدانە.