ژنانی هەڵەبجە بە دەستەکانیان هونەر دەخوڵقێنن

بە چوونە ناو پارکی شاری یاری هەڵەبجە ژمارەیەک لە کورسی ڕەنگاوڕەنگ بە پەیامی هاوسۆزی، ئاشتی و پێکەوە ژیان دەبینرێت، کە وەک پێشەنگایەکی وێنەیی لێهاتووە و ژنان ئەم ڕەنگانەیان خوڵقاندووە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- پڕۆژەی دروستکردنی کورسی بۆ پارکی شاری یاری هەڵەبجە لەلایەن ڕێکخراوی HDRD و بە بەشداری ژنانی دەستڕەنگینی شاری هەڵەبجە بۆ ڕازاندنەوەی باخچە و پارکەکانی هەڵەبجە بەڕێوە دەچێت.

 

ژنانی هونەرمەندی نیگارکێش بە فڵچە ڕەنگاوڕەنگەکانیان پەیامی ئاشتی، پێکەوە ژیان و هاوسۆزی بڵاودەکەنەوە و لە ڕەنگەکانەوە سیمایەکی جوان دەبەخشنە پارکەکان.

 

شاناز ڕەفیق، سەرپەرشتیاری پرۆژەی دروستکردنی کورسی بۆ پارکی شاری یاری هەڵەبجەیە و دەربارەی کارەکانیان دەڵێت: دانیشتووی شاری هەڵەبجەم و ئەندازیاری کشتوکاڵیم، ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی دواین پرۆژەی ڕیکخراوی HDRDیە، کە مەبەست لێی وەستانەوە لەبەرامبەر توندوتیژی و گەڕانەوەی ئاشتی و لێبوردەیە بۆ کۆمەڵگە، لەم پڕۆژەیەدا چوار کچ تیایدا بەشدارن و بە دەستڕەنگینی خۆیان هونەرەکەیان خوڵقاندووە.

 

هەر کورسیەک پەیامێکی هەڵگرتووە

ژمارەی کورسیە ڕەنگ کراوەکانی دەستی ژنان، ژمارەیان ١٠ کورسیە، کە هەریەکەیان پەیامیکیان لەسەر نووسراوە و گوزارشت لە هونەر و ئەدەب و لێبوردەیی دەکات، کە هەریەکەیان نووسراوێکی لەسەرە.

 

شاناز ڕەفیق وتی: نووسراوەکان ئامانجیان لەپشتە و دروستکردنی هەریەکەیان سێ مانگی پێچووە و سەرجەمیان لەلایەن ژنەکانەوە ڕێکخراوە و دیزاینی ئیشەکان سەرجەمیان لە چوارچێوەی ئاشتی و لێبوردەییە.

 

شاناز ڕەفیق داوا لە ژنان دەکات، بەهرەکانیان نەشارنەوە و بێنە دەرەوە لە ماڵەکانیان، چونکە توانای ژنان زۆرە و بە پاڵپشتی کۆمەڵگە و کەسوکاریان دەتوانن بگەن بە ئامانجەکانیان.