ژنانی جیابووەوەی غەززە، لە نێوان ڕاستی و هیوادا

ژنانی جیابووەوەی غەززە پێش جیابوونەوە و دوای جیابوونەوە ڕووبەڕووی ڕاستیەکی تاڵ دەبنەوە و تووشی هەراسانکردن و دەستوەردان دەبن، چەواشەکارییان بۆ دەکرێت و بە بارگرانی لەسەر بنەماڵە و کۆمەڵگە دادەنرێن.

نەغەم کەراجە

 

غەززە- ڕێژەی جیابوونەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئەنجامی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی غەززە بەرز بووەتەوە، سوهام شوا، پارێزەر، سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی جیابوونەوە هاوژینان، ڕوونیکردەوە، کە ترسی ژنانی گەنج لە گەیشتن بە تەمەنێکی گەورە و دواکەوتنی لە ژیانی هاوسەرگیریدا ناچاری دەکات بە کەسێکی نەگونجاو ڕازی بێت، هۆکارێکی تر پشتگیری نەکردنی دارایی دایک و باوک بۆ ژنانی گەنج هۆکاری بێهیوایی و پەلەکردنیانە بۆ هاوسەرگیری.

 

"گەورەترین جۆری توندوتیژی ئەوەیە کۆمەڵگە ڕازی نییە لەگەڵ ژنێکی جیابووەوە هاوسەرگیری بکات"

سوهام شوا ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێک فشار و ئاستەنگی هەیە ژنان دوای جیابوونەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەوانە سنووردارکردنی ژنان لەلایەن دایک و باوکەوە و بێبەشکردنیان لە جێبەجێکردنی پلانی ژیانی ئاسایی خۆیان و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگە و ئازادی لە کارکردن، جگە لەوەش کۆمەڵگە هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی جیابووەوە قبوڵ ناکات و ئەمەش خراپترین جۆری توندوتیژییە بەرامبەر بە ژنان.

 

دووپاتیشی کردەوە، ئەو توندوتیژییە ئابورییەی کە ژنی جیابووەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەو پێیەی خێزانەکەی وەک کەسێکی وابەستە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و هیچ پاڵپشتییەکی دارایی نییە، هەروەها بەزەحمەتی دەزانێت هاوکاری کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنێت تا بتوانێت بژێوی و پێداویستیەکانی خۆی دابین بکات، هەروەها ژنانی جیابووەوە کاتێک بڕە پارەیەک یان هەقی خۆیان وەردەگرن لە کاتی جیابوونەوەدا، خێزانەکەی ئەو هەلە دەقۆزنەوە و خاوەندارێتی شتەکانی دەکەن و ژنەکە ناچار دەکەن بە خەرجکردنیان.

 

سوهام شوا سەبارەت بە ئازارەکانی ژنێکی جیابووەوە دەڵێت: دواخستن و نەدانی پارەی نەفەقە و باقی شایستەییەکانی ژن لەلایەن هاوسەری پێشووی هۆکاری بەدەستنەهێنانی مافەکانی ژنە، ئەو چەواشەکارییە دەبینرێت ڕاستەوخۆ دوای جیابوونەوەی لە کۆمەڵگەدا، چونکە وا دەزانن بەو شێوەیە کردارەکانی ژن کۆنترۆڵ دەکەن.

 

ڕوونیشیکردەوە، زۆربەی ئەو کەیسانەی پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە، لە ماوەیەکی کەمدا بڕیارەکانیان دەرناچێ، بەڵکو ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت کە ڕەنگە بگاتە ساڵێک یان زیاتر، زیانەکانیش لەلایەن ناوبژیوانی یاساییەوە هەڵدەسەنگێندرێت، بەمەش لە بەدەستهێنانی مافە یاساییەکانی بێبەش دەبێت.

 

سوهام شوا ئاماژەی بەوەشکرد، ژنی جیابووەوە بەپێی یاساکان مافی ڕەوای هەیە، بە تایبەتی لە یاسای باری  کەسی کە لە ساڵی ١٣٣٦ دەرچووە و گرنگترینیان یاسای پاراستنی خێزانە لە ساڵی ١٩٥٦ بۆ ژنان، لەبەرئەوەی بەڕاشکاوی پاراستنی خۆیان دیاری دەکەن و دان بە مافەکانیاندا دەنێن، وەکو نەفەقە لە کاتی ململانێ و دوای جیابوونەوە، هەروەها ماددەی یاسایی هەیە کە مافی یاسایی پێ بدرێت، وەک بەدەستهێنانی مارەیی دواخراو و کەلوپەلی ناوماڵ، مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانی و بینینی ئەوان دوای جیابوونەوەی.

 

نەزیهە بایز، تەمەن ٢٧ ساڵ، دەڵێت: بڕیاری جیابوونەوە بۆ ژن ئاسان نییە، بەتایبەتی ئەگەر منداڵی هەبێت، بەڵام لەڕووی توندوتیژی و چەوسانەوە دۆخەکەم خراپتر بووە، هەشت ساڵە هاوسەرگیریم کردووە، بەڵام هەرگیز ڕۆژێکم نەبینیوە کە ناکۆکی نەبێت و جگە لەوەش، سەرەتاییترین مافم لێسەندراوەتەوە و ناهیڵن لە ماڵەوە بڕۆمە دەرەوە، ئەم دۆخە وایلێکردم بە دوای سەقامگیریدا بگەڕێم، بۆیە داوای خانویەکم کرد کە دوور بێت لە ماڵی خێزانی هاوژینەکەم، بەڵام پێشنیارەکەم بە سووکایەتی و لێدان وەڵام درایەوە، بۆیە بڕیارمدا داوای جیابوونەوە بکەم تا بتوانم تا کۆتایی ژیانم بە کەرامەتەوە بژیم.