ژنانی ئاوارەی سودانی: ناخۆشی ئەزموون دروست دەکات

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بەردەوامی ململانێکانەوە لە سودان هەڵدێن، نزیکبووەتەوە لە ٨.٥ ملیۆن کەس، تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و کەمی هەلی کار، ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەم ژنانە، بە تایبەت بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین دەکەن.

مەیسا قازی

 

سودان- بەهۆی بارودۆخی ئابووری و ململانێکانی سودانەوە، ژنانی ئاوارە هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ خێزانەکانیان، ژمارەی ئاوارەکان لە ناوخۆی سودان گەیشتووەتە زیاتر لە ٦.٥ ملیۆن و لە شەش هەزار شوێنی ١٨ ویلایەتی سوداندا خۆڕسکانە نیشتەجێ بوون، نزیکەی دوو ملیۆن کەس سنووری وڵاتەکەیان بەرەو وڵاتانی دراوسێ تێپەڕاندووە.

 

سەرەڕای ئاوارەیی، بەشێک لە ژنانی ئاوارە بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی سەلامەت پەنایان بۆ کەسوکارەکانیان برد، بەڵام خەرجی ڕۆژانە بەتایبەت بەهۆی گرانی نرخەکان و تێکدانی ژێرخانی کارگەکان و داخستنی بازاڕەکان گران بووە و دەبێت ئەو ژنانە ئابووری خۆیان و خێزانەکانیان بەدەستبهێنن.

 

دالیا محمد خوێندنی فاکەڵتی ئادابی بەشی مێژوو تەواو کردووە و لە خەرتوم کاری مامۆستای کردووە، کاتێک ململانێکان لەو وڵاتە دەستی پێکرد، ناچار بووە لەگەڵ منداڵ و باوکی و خوشک و براکانی کۆچ بکات بۆ ویلایەتەکانی باکووری وڵات، چونکە هاوژینەکەی تیایدا کار دەکات، لەسەر ژیانی خۆی دەڵێت: لە سەرەتادا هاوتای ئەو هەلومەرجە بووین لە بەهۆی ململانێکانەوە دروستبوون، بەڵام دواتر دۆخەکە قورستر بوو، چونکە دوکانەکان دەرگاکانیان داخست و گولـلە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە ناو خەڵکدا دەتەقێندران، باوکم بێکار بوو، ئەمەش دۆخەکەی خراپتر کرد، ناچار بووین بگوێزینەوە، دوای گەشتێکی دوور و درێژ گەیشتینە ویلایەتی باکوور، لەوێ براکانم لەگەڵ هاوژینەکەم دەستیان بە کارکردن کرد، بەڵام ئەوە بەس نەبوو، بۆ دابینکردنی خەرجییە زۆرەکان بڕیارمدا پرۆژەی خۆم دەستپێبکەم، دوای ئەوەی کۆمەڵێک کەرەستە و پێداویستی دروستکردنی خواردنەوە چەورکراوەکانم کڕی، هەوڵمدا تا خواستی خەڵکم بۆیان ڕاکێشا و چوومە بازاڕی کارەوە و بژێوی خۆم و خێزانەکەم دابین دەکەم.

 

لە ویلایەتەکانی سودان بازاڕی ژنان دەکرێتەوە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێت، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ئەقڵیەتەی پێی وایە کارکردنی ژنان شەرمەزارییە و ڕێگەش نادەن ژنان بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان بچنە بازاڕەکان، ئەم پێشانگایانە کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێت، دەبێتە دەرچەیەک بۆ ژنان، شوێنێک بۆ بازاڕکردن بە ئازادی و سەرچاوەی داهاتیشە بۆ بەشێکی زۆریان.

 

بوسەینا جەیب ئەڵا لە خەرتومەوە ئاوارە بووە، لە پێشەنگایەکدا مێزێکی گرتووە و شیرینی و ئیکسسوارات و بخور و بۆن دەفرۆشێت، دەڵێت: دوای ئەوەی شەڕ لە خەرتوم توندتر بوو، شارەکەمان بەجێهێشت، کاتێکی تەواومان نەبوو بۆ ئەوەی هیچ شتێک لەگەڵ خۆماندا هەڵبگرین، دەبوو لێرە کار بکەم، تا توانیم لە بازاڕەکاندا کاربکەم، ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوومەوە، پارەیەکی زۆرم قەرز کردووە،بەرهەمەکانم دەفرۆشم و بژێوی خۆمانی پێدابین دەکەین، ڕۆژانێک هەن ڕێژەی فرۆشمان زۆرە و هەندێک ڕۆژیش کەمە، دەستنەکەوتنی قازانجێکی کەم باشترە لەوەی لە ماڵەوە بێکار دابنیشیت و بیر لەوە بکەیتەوە کە چی بووەتە هۆی ململانێ، کە کاریگەری دەروونی زۆر بەجێدەهێڵێت.