نەسرین جافر: سێ منداڵم لە باوەشی خۆم بە گازی خەردەل خنکان

ئەمڕۆ ٣٦ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەی ماوەتەوە بۆ خەڵکەکەی ئازار و ژان و ناسۆرە، نەسرین یەکێکە لە بەرکەوتووانی کیمیابارانەکە و وەک خۆی دەیگێڕێتەوە سێ منداڵی لە باوەشی خۆیدا گازی خەردەل خنکاندنی.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- بەیانی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ ڕژێمی بەعسی عێراقی، بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن بڕیاری کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی جێبەجێکرد، گازی خەردەلی کیمیایی شارەکەی تەنی و زیاتر لە ٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و ئاوارەبوون و بەشێكی خەڵکی شارەکەش تا ئێستا بە دەست ئازاری برین و پاشماوەکانی ئەو کارەستانەوە دەناڵێنن.

 

نەسرین جافر نمونەی دایکێکی هەڵەبجەیە کە سێ منداڵی لە باوەشی خۆیدا گیانیان لەدەستداوە وو خۆشی بریندارە.

 

نەسرین جافر دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و دایکی سێ شەهیدە و خۆی بریندارە، باسی ڕۆژی کیمیابارانەکە دەکات و دەڵێت: ١٦ی ئادار بوو شەو لە هەڵەبجە دەرچووین بەرەو سازان، پاسدار هاتبوونە ناو شار و ئاگادار کرابووینەوە کە دەبێت شار بەجێبهێڵین و پاش ئەوە بەرەو گوندی سازان بەڕێبکەوین.

 

لەبەرئەوەی نەسرین منداڵەکانی بچوک ببوون، لەسەر قاچ و کۆڵی بوون و نەیتوانیوە بەرەو ئەشکەوتەکان بروات، وتی: خزمەکانمان چوون بەرەو ئەشکەوت و من لەناو گوندی سازان مامەوە، پاش ئەوەی فڕۆکە هات لە ناوچەی سازان دەستی دوو کوڕەکەمم گرت و ڕۆشتین، بەڵام بۆردوومانیان کردین و نەمزانی کیمیاییە، بۆنی دەرمانی ئاژەڵ و سێو تێکەڵ ببوو، دواتر وتیان گازی خەردەل بووە.

 

نەسرین جافر باس لەو ئازارە دەکات و بیری ناچێت کە لە تاو بۆنی گازی خەردەل منداڵەکانی ڕاکێشاوە بەناو ئاودا، "بە پەلەپەل منداڵەکانم ڕاکیشا لە دڵم دەرناچێت کە بەرد چووبووە ناو پێڵاوەکانی، لەو کاتەدا نەمانتوانی خۆمان دەرباز بکەین و هەر سێ منداڵەکەمم لەدەستدا.

 

نەسرین لە یەک کاتدا سێ منداڵی لەناو باوەشی بە گازی خەردەل دەخنکێن، بۆیە بە دەم گریان و حەسرەتەوە دەڵێت: ئەمە وێنەی منداڵەکەمە، ئەگەر جەرگی ئاواتان لێ ون ببێت، حاڵتان چۆن دەبێت.

 

نەسرین یەکێکە لە نموونەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، پێستی جەستەی سووتاوە و لە بارودۆخیکی سەختدایە.