جیابوونەوەی ژنان لە هاوژینەکانیان وەک پەڵەیەکی ڕەشە لە کۆمەڵگەدا

لە کۆمەڵگەدا ئەو ژنانەی جیابوونەتەوە چەندین بەربەستیان بۆ دروست دەبێت لە دەستکەوتنی کاردا، یاخود ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە تەنها بەهۆی ئەوەی پیاوێکیان لە پشت نییە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ساڵانە ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینەکان لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا لە هەڵکشاندایە، کە خراپی دۆخی ئابوری، کۆمەڵایەتی و نەبوونی پەروەردەی تەندروست بەشێکن لە هۆکارەکان، بەشێکی دیکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زوو بە شوودانی کچان و نەبوونی بارودۆخی گونجاوی ئابووری خێزانەکان، لەلایەکی دیکەوە خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی دروستبوونی کێشەکانن.

 

 

جیابوونەوە بۆ ژنان بووەتە پەڵەیەکی ڕەش و بە شوێنیانەوەیە لەناو خەڵک و لە شوێنی کاردا، ئەمەش بووەتە بەربەستێک بۆ ژنان تا گەشتن بە ئامانجەکانیان قورسبێت، چونکە ئەقڵیەتی کۆنەپارێزی کۆمەڵگە و پیاوان بەو شێوەیەیە، کاتێک ژنێک لە هاوژینەکەی جیادەبێتەوە، پێیان وایە ژنێکی سەرکەتوو نییە و دەبێت لە کونجی ژوورەوەدا بمێنێتەوە، لەکاتێکدا بە پێچەوانەوە ژنان لە هەر جێگە و ئاستێکدا بن توانای نەبڕاوەی خۆیان هەیە.

 

"کۆمەڵگەی کوردی گرفت بۆ ئەو ژنانە دروستدەکەن کە لە هاوژینەکانیان جیادەبنەوە"

لەیلا کەریم، ئەندامی سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی بەشی ژنان، ئاماژەی بەوەکرد بە شێوەیەکی گشتی ژنان لە شوێنی کارکردندا ڕووبەڕووی هەراسانکردن و کێشە و گرفت دەبنەوە، بەتایبەت ئەو ژنانەی لە هاوژینەکانیان جیابوونەتەوە، چونکە ئەو ژنانە نەک تەنها لە شوێنی کاردا، بەڵکو لە کۆمەڵگەدا لە چەندین ڕووەوە ڕووبەڕووی کێشە و گرفت دەبنەوە و چەندین بەرپرسیارێتیان دەکەوێتە سەر، یەکێک لەو بەرپرسیارێتیانەی لە پاش جیابوونەوە دەکەوێتە ئەستۆی ژن هەبوونی منداڵە، لەکاتێکدا مافی سەرەکی خۆیەتی منداڵەکەی لەلا بێت، بەڵام ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی دەکەوێتە ئەستۆ، بۆیە لە شوێنی کاریشدا درک بەوە دەکەن ئەم ژنە ئەرکی زیاترە و سەرئەنجام کاریان پێنادەن، ناچاریان دەکەن لە ماڵەوە بمێننەوە یاخود لە ماڵەوە کار بکەن.

 

"توانای ژنان بۆ کارکردن پەیوەست نییە بە بوونی هاوژینەوە"

لەیلا کەریم ئاماژەی بەوەدا حاڵەتی جیابوونەوەکانی ئێستا کە ڕوودەدەن کێشەی کۆمەڵایەتی زۆر بە دوای خۆیاندا دروست دەکات، تەنانەت بۆ کەسانەی دەوروبەریشیان گرفت دروست دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی خاوەن کارەکە سڵ بکاتەوە لەو ژنە، ترسی لێبنیشێت نەوەک کێشەیەک بە دوای خۆیدا دروست بکات لە شوێنی کارەکەیدا.

 

بە گرنگی دەزانێت تەواوی کۆمەڵگە هۆشیار بن دەربارەی ئەوەی ژن بە بێ هاوژین و بە هاوژینیشەوە توانایەکی کارای هەیە لە کارکردن و ئەو هەوڵانەی لە ژیاندا دەیدات، بۆیە نابێت توانای ژنان ببەسترێت بە هەبوونی هاوژینەوە، زۆر هەن لە ژنان هاوژینیان نییە و سەرکەتوون یاخود هاوژینەکانیان مردووە و جیابوونەتەوە لەگەڵی، بەڵام ژنەکە بووەتە یەکێک لەو ژنە سەرکەوتووەکانی کۆمەڵگە و گەیشتوونەتە پێگەی خۆیان.

 

"لەپێناو لەدەست نەدانی کارەکانیان ژنان هەراسانکردنی شوێنی کارەکانیان قبوڵ دەکەن"

لەیلا کەریم ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە جیابوونەوە لە ئێستادا حاڵەتەکان ئاسایی بووەتەوە، بەڵام هێشتا کێشە و گرفت بۆ ژنان دروستدەبێت لە پاش جیابوونەوەیان لە ڕووی کۆمەڵگە و دەستکەوتنی کار لە هەمووی گرنگتر پێنەدانی خانووە بەو ژنانە، بە پێی یاسا دەبێت ئەو ژنان سەرپەرشتیاریان هەبێت و ناتوانن بە سەربەخۆی خۆیان خانوو بگرن.

 

دەشڵێت: "ئێمە وەک سەندیکای کرێکاران بە شێوەیەکی گشتی کار دەکەین بۆ ژنان و بەتایبەت بۆ ئەو ژنانەی لە هاوژینەکانیان جیابوونەتەوە، بەڵام کێشەی سەرەکی ژنان قسە نەکردنیانە، کاتێک ڕووبەڕووی گرفتێک دەبنەوە دەیشارنەوە و قسە ناکان لەسەر مافەکانی خۆیان"، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی بەشی زۆری ئەو ژنانە قسە ناکەن لەو پێناوەی کارەکەیان لەدەست نەدەن یاخود نابێتە پەڵەیەکی ڕەش بەسەریانەوە بۆ ئەوەی لە شوێنێکی دیکە کاریان دەستبکەوێت.

 

"ژنان بێ بوونی پیاویش دەتوانن سەرکەتوو بن و بگەنە ئامانجەکانیان"

لەیلا کەریم لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە ئەقڵیەتی پیاو بەو شێوەیەیە پێیان وایە ئەو ژنانەی هاوژینەکانیان مردوون یاخود جیابوونەتەوە لێیان بۆشاییان هەیە و پێیان وایە دەتوانن بە نزیکبوونەوە و هەراسانکردنی ژنەکە بۆشاییەکە، کە لە بنەڕەتدا بوونی نییە پڕ بکەنەوە، هەندێکیان پێیان وایە ئەو ژنانەی کەموکورتی لایەنی ئابووری و داراییان هەیە، هەرچیەک بکەن بەرامبەریان لێیان قبوڵ دەکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەقڵیەتی پیاوان و کۆمەڵگە وان نەک ویستی ژنان.

 

دەشڵێت: بەڵام پێویستە پیاوان لەوە تێبگەن ژن توانای زۆر زیاترە لە پیاوان و توانای هەیە ڕووبەڕووی هەموو قورساییەکان ببێتەوە، هەروەها خودی ژنان بۆ خۆشیان بیسەلمێنن بۆ تەواوی کۆمەڵگە کە هیچ کەسێک ناتوانێت ببێتە ڕیگر و بەربەست لەبەردەمیاندا، ژن خۆی دەتوانێت ڕووبەڕووی بەربەستەکان ببێتەوە بە هەبوونی ئیرادە و پشت بەستن بە تواناکانی خۆی.

 

"ئەرکی حکومەتە خۆی بە بەرپرسیار ببینێت لە ئاست دابینکردنی ژیانێکی گونجاو بۆ ئەو ژنانە"

لەیلا کەریم وتی: لە ساڵانی نەوەدەکان بە دواوا زۆر ژن هەبوون بەهۆی ئەنفال و کیمیابارانەوە یاخود ئەو دۆخەی گەلی کوردی تێدابوو، هاوژینەکانیان مردن و بە تەنها مانەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شوێنێک هەبوو هەموو ئەو ژنانە کۆبکاتەوە و کاریان پێبدات وەک کارگەری دورومان 'ئەلبیسەکە' ژنان کەمتر ڕووبەڕووی گرفتەکانی سەر کارکردن دەبوونەوە، بە چەندین ژن هەبوون پشتیان بە خۆیان بەستبوو کاریان دەکرد.

 

بە ئەرکی حکومەتی دەزانێت شوێنی کاری گونجاو بۆ ئەو ژنانە بنیاد بنێت تا ئەوانیش بتوانن دوور لە هەڕەشەو توندوتیژی کار بکەن و چیتر لە هەراسانکردن نەترسن، وتی:  حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها لە دابینکردنێکی ژیانی باش بۆ ئەو ژنانە خۆی بێبەری نەکردووە بەڵکو لە زۆر شت خۆی بێبەری کردووە، لە کاتێکدا دەبوو حکومەتی هەرێم شوێنێکی نیشتەجێبوون بۆ ئەو ژنانە دابین بکات و بڕە موچەیەکیان بە جێگیری بداتێ تا بتوانن ژیانیان بەڕێکەن بێ ئەوەی ناچار بن کۆمەڵێک شت قبوڵ بکەن لە پێناو بەڕێکردنی ژیانی خۆیان.

 

"چەندین ژن هەن لە باشووری کوردستان لە شوێنی کارکردن ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە"

لە کۆتایدا لەیلا کەریم بە پێویستی دەزانێت، کە تەواوی کۆمەڵگە و بەتایبەت پیاوان لەوە تێبگەن ئەگەر خۆیان ژنێک لە شوێنی کاردا هەراسان بکەن بێگوومان ئەوانیش خێزان و خوشکیان هەیە و دووبارە ڕووبەڕووی ئەوان دەبێتەوە، درک بەوە دەکەن ژنان پێویستیان بە پیاوێک نییە بۆ کارکردن و گەیشتن بە ئامانجەکانیان یاخود ئەو ویستانەی هەیانە، بگرە ژنان زیاتر بەرهەم هێنەرن و توانای کاری باشیان هەیە.

 

وەک ئەندامی سەندیکای کرێکاران بەشی ژنان ئاماژەی بەوەشکرد زۆر حاڵەت هەن تیایدا ژنان  لە سەر کارەکانیان ڕووبەڕووی دەستدرێژی و هەراسانکردن بوونەتەوە بەڵام هەوڵیان داوە بە شێوازێکی تەندورستانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.