"کۆمەڵەی ئۆتیزمی سلێمانی بەهۆی کێشەی ئابووریەوە ٤ مانگ لە کار وەستا"

کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان لقی سلێمانی خزمەتی مندڵانی ئۆتیزم و خێزانەکانیان دەکەن، بە هاوکاری بەڕێوەبەر و کەسانی خێرخواز کۆمەڵەکە بەڕێوە دەبرێت، لێپرسراوی لقی کۆمەڵەکە دەڵێت: من لێرە هەستدەکەم دایکی منداڵانی تووشبووی ئۆتیزمم نەک بەڕێوەبەر.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان لقی شاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٩دا دامەزراوە، پەرێز ئەحمەد، وەک لێپرسراوی لقی کۆمەڵەکە و چەند کەسێک لە دەستەی کارگێڕیی ماوەی چوار مانگە خزمەت بە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم دەکەن، دەستەی بەڕێوەبەرایەتی حەفتەی دوو ڕۆژ لە کۆمەڵەکە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباریی خانەوادەی تووشبووانی ئۆتیزم کار دەکەن، سەرەڕای ئەوەی حکومەت هاوکاریان نیە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیان، بەڵام دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆڵنادەن لە خزمەتکردنی تووشبووانی ئۆتیزم.

 

پەرێز ئەحمەد محەمەد، لێپرسراوی لقی سلێمانی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، باس لەوە دەکات ڕۆژانە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم بۆ خۆ تۆمار کردن ڕوو لە کۆمەڵەکەیان دەکەن، کۆمەڵەکە هەڵدەستێت بە دابینکردنی هەندێک لە کەلوپەلە سەرەتاییەکانیان لە ڕێگەی کەسانی خێرخوزەوە، لە بارەی هاوکارییەکانەوە وتی: ئەو منداڵانەی کێشەی نەخۆشخانەیان هەیە لە ڕێگەی کۆمەڵەکەمانەوە دەیان نێرینە لای ئەو پزیشکانەی هاوکاری کۆمەڵەکەمان دەکەن، هەتا خێرخوازان هاوکار بن و بەردەوامبن، ئێمەش دەتوانین زیاتر هاوکاری کۆمەڵەکە و منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم بکەین و هاوکاریەکان بگەیەنینە دەست خێزانەکانیان.

 

کۆمەڵەیەکی حکومی لەلایەن خێرخوازانەوە بۆ بەردەوام بوون هاوکاری دەکرێن

پەرێز ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری کۆمەڵەکان و سەنتەرەکانی ئۆتیزم ناکات، تا بتوانین بە باشترین شێوە خزمەت بە منداڵان و خێزانەکانی تووشبوویی ئۆتیزم بکرێت، کۆمەڵەکە لەلایەن خێرخوازانەوە هاوکاریان دەکرێت بۆ بەردەوام بونیان لە خزمەتکردن بە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم، سەرەڕای ئەو کێشە و گرفتانەی لە ڕووی مادیەوە ڕوبەڕوویان دەبێتەوە، ئەوان هەر بەردەوامن بۆ هاوکاریکردنیان و خزمەت گەیاندن بە کۆمەڵەکە، هەروەها دەڵێت: بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووریەوە لە ئێستادا خێرخوازان بە ڕێژەیەکی کەم هاوکارمانن بۆ دابینکردنی پێداویستی منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم، ئێمە تا خێرخواز هاوکارمان نەبێت ناتوانین خزمەت بە ئەندامەکانمان بکەین، خێزانەکانی تووشبووی ئۆتیزم لە ڕووی ماددی و دەروونیەوە لە بارودۆخێکی خراپدان، هەروەها خێزانەکان داوای کەلوپەل و شتومەکی زیاتر لە ئێمە دەکەن، منداڵان و خێزانەکانیان لەڕووی دەروونیەوە زۆر هیلاکن، بۆیە لێرەوە داوا لە خێرخوازان و لایەنە پەیوەندی دارەکان دەکەین کەمێک ئەرکی خێزانەکان کەم بکەنەوە لەڕێگەی کۆمەڵەکانەوە.

 

دوای کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە شاری سلێمانی ترسی دووبارە داخستنەوەی لەسەرە

پەرێز ئەحمەد، ئاماژەی بەودا، لە شاری سلێمانی یەک سەنتەری ئۆتیزمی حکومی هەیە بۆ چارەسەری دەروونی و جەستەی منداڵان تووشبووی ئۆتیزم، وتیشی: چەند مانگێک پێش ئێستا لەبەر هۆکاری ماددی لەلایەن حکومەتەوە بۆ ماوەیی ٤ مانگ داخرا، زیانێکی زۆری ماددی و تەندروستی بە خێزان و منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم گەیاند، سەرەڕای هەوڵێکی زۆر لەلایەن بەڕێوەبەر و کارمەندانی سەنتەرەکە، دوای چوار مانگ توانرا بکرێتەوە، بەڵام سەرەڕای کردنەوەی، کارمەندان و دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لە دووبارە داخستنەوەی دەترسن چونکە هەندێک پێداویستی سەرەتایی تا ئێست دابین نەکراوە.

 

هەروەها وتی: منداڵی ئۆتیزم یەک ڕۆژ لە دواکەوتنی ١٠ ڕۆژ لە توانا و گەشەکردنی هزری دوای دەخات، منداڵێکی تووشبووی ئۆتیزم بەردەوام پێویستی بە ٨ کاتژمێر ڕاهێنان دەبێت، لە کاتێکدا سەنتەری ئۆتیزم چەند ڕۆژ جارێک ٤ کاتژمێر ڕاهێنانیان پێ دەکات، بۆیە داخستنی سەنتەرەکە چەند مانگ جارێک، زیانی دەروونی و جەستەیی بە منداڵان دەگەیەنێت، ڕۆژانە دایکان و باوکان پەیوەندیان پێوە دەکردین تا بزانن کەی سەنتەرەکە دەکرێتەوە، چونکە منداڵەکانیان دۆخیان باش نەبوو، منداڵانی ئۆتیزم هێز و وزەیەکی زۆریان هەیە لە ڕێگەی ڕاهێنانی سەنتەرەکەوە دەتوانن ئەو وزانەیان دەرببڕن و کەمێک لە دایک و باوکیان دوور بکەونەوە، بۆیە داخستنی سەنتەرەکە کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ خێزانەکان دروست کردبوو.

 

"منداڵانی ئۆتیزم ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت پێشکەوتووترین مرۆڤی کۆمەڵگەیان لێ دەردەچێت"

پەرێز ئەحمەد، باس لەوەدەکات سەرەڕای ئەوەی دەرچووی مامۆستایی تایبەت زۆرە، بەڵام لەناو خوێندنگە و سەنتەرەکانی ئۆتیزمدا مامۆستایی تایبەت زۆر کەم دادەمەزرێت، سەرەڕای نەبوونی مامۆستایی تایبەت لە سەنتەرەکانی ئۆتیزمدا لە خوێندنگەکانیشدا گرفتی نەبونی دادە و مامۆستایی تایبەتیان هەیە، وتیشی: پێویستە هەر خوێندنگەیەک چەند مامۆستایەکی تایبەتی بۆ دابین بکرێت تا منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستی تایبەتەکان لە خوێندن دانەبڕێن، داواکارم لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و مامۆستایان هوکاری ئەو منداڵانە بکەن تا لە خوێندن دانەبڕێن، مەبنە بەربەست بۆ دایکان و باوکان تا منداڵەکانیان بهێنن بۆ خوێندن، مەڵێن منداڵەکانتان بە کەڵک نایەت ئەمانیش وەک منداڵی ئاسایی پێویستە بخوێنن، منداڵانی ئۆتیزم ئەو دێوەزمەیە نییە خەڵک لێی دەترسێت، ژینگەی بۆ بڕەخسێت، هەلی بۆ بڕەخسێت و هاوکاریان بکرێت، دەتوانن بێنە ناو کۆمەڵگە منداڵێکی زۆر زیرەک و پێشکەوتووی لێ دەردەچێت.

 

هەروەها وتی: لە ئێستادا خەریکی بڵاوکردنەوەی زانیارین لە قوتابخانەکاندا لەڕێگەی بڵاوکراوەکانەوە، قوتابیان هۆشیار دەکەینەوە تا ئاگادار بن لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵێکی تووشبووی ئۆتیزم کە هاوپۆلیەتی و لەسەر یەک مێز دادەنیشن، منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم هەستیاریان هەیە، نابێت باوەشیان پیابکرێت و هاوار بکەیت، لەگەڵ کۆمەڵێک هەڵسوکەوت کە نابێت بەرامبەریان بکرێت، بۆیە ئێمە لەڕێگەی بڵاوکراوەکانەوە زانیاری بڵاو دەکەینەوە".

 

لە کۆتایدا دەڵێت: پێویستە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکان و سیمینارەوە کۆمەڵگە هۆشیار بکەینەوە، ڕاگەیاندنەکان لە ڕێگەی بەرنامەی تایبەتەوە هۆشیاری لە کۆمەڵگەدا بڵاو بکەنەوە، بە هۆکاری زۆربوونی تووشبووی ئۆتیزم کە لە زۆربەی ماڵەکاندا منداڵێکی تووشبووی ئۆتیزم هەیە، تا ئاستێکی باش خێزانەکان هۆشیاریان هەیە، بەڵام پێویستە سەنتەر و کۆمەڵەکان لە ڕێگەی سیمینارەوە هۆشیاری لە شوێنە گشتیی و قوتابخانەکاندا بڵاوبکەنەوە، بۆ ئەوەی بزاندرێت تووشبووانی ئۆتیزم دەتوانن چالاکی ئەنجام بدەن و بێنە ناو کۆمەڵگەوە، چونکە تا کۆمەڵگە قبوڵی مندالامنی ئۆتیزم نەکات هێندە بارودۆخیان خراپ دەبێت.