بەهۆی بەرزی ئامارەکانی کوشتنی ژنان ڕێگری لە بڵاوبوونەوەیان دەکرێت

تا دێت ئامارەکانی کوشتنی ژنان بەرز دەبێتەوە، لە بەرامبەردا لایەنی پەیوەندیدار گرنگی بەو ئامارانە نادات لە بەرامبەریشدا هەوڵی شاردنەوەی دەدات بە ئامانجی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تایبەت بۆ ژنان.

سلێمانی

 

لەگەڵ شاردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان بەڵام چەند ڕووداوێک هەیە ناتوانرێت نکۆڵی لێبکرێت، بۆیە ئاشکرا دەکرێت، ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە باشووری کوردستان و عێراق هاوشێوەی سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٢ ڕێژەکەی بەرزە، بەڵام بەهۆی بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان کە قەدەغەی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتنی لە میدیاکانی هەرێمەوە کردووە، ڕووداوەکان شاراوەن و کوشتن و خۆکوشتنەکان بەتایبەت ژنان ناکەوێتەوە بەرچاو و ڕای گشتی لەسەری بێئاگا ماوەتەوە.

 

بەشێک لە ڕووداوەکان لە نێو کامپەکانی ئاوارەکاندا ڕوودەدەن، ساڵانە چەندین جار بەهۆی شۆرتی کارەبارەوە چادر و ناوەندەکانیان دەسووتێت، بێکاری و قەیران ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و ناتوانن بە ئازادی هاتوچۆی دەرەوەی کامپەکە بکەن، هەروەها ژنان لەناو کامپەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و ناچار دەکرێن لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری بکەن، سەرەڕای ئەوەش نەبوونی دەرفەتی کار ژیانیانی زەحمەت کردووە.

 

ئاوارەکانی شەنگال لە دوای ٣ی ئابی ٢٠١٤ و هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال ڕوویان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرد و ژیانیان لە کامپەکاندا بەردەوام دەکەن، دوای ڕزگارکردنەوەی شەنگال و ئارامی ناوچەکە ئاوارەکان خواستی گەڕانەوەیان هەیە، بەڵام پەدەکە ئاستەنگی دروستدەکات و ڕێگە بە گەڕانەوە و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال نادات لەلایەن خەڵکەکەیەوە.

 

ڕووداوە وتراوەکانی مانگی ئاب بەم شێوەیە بوو :

بەرواری ٥ی ئاب، دوو ڕووداوی جیاواز لە زاخۆ ڕوویاندا، ژنێک کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا و باوک و کچێکیش بێسەروشوێن بوون.

 

 ئەو ژنە ناوی ن.س.م. کە لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ کۆتایی بە ژیانی هێناوە، تەرمەکەی براوەتە پزیشكی دادی ئەو شارە، لەوکاتەوە هیچ زانیارییەکی دیکە لەبارەی کەیسەکەوە نەخراوەتەڕوو.

 

باوک و کچەکە بە ناوی فاروق میرزا خەلەف و ئاخین فاروق، کە دانیشتووی کامپی چەم مشکو بوون لە سنوری ئیدارەی زاخۆ و شەنگالین بێسەروشوێن بوون، پۆلیسی زاخۆ لەسەر ڕووداوەکە داوای هاوکاری کردبوو بۆ دۆزینەوەی باوک و کچەکە.

 

دوای چەند ڕۆژێک تەرمی فاروق میرزا خەلەف لە باخچەیەکی شاری دهۆکدا دۆزرایەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا "لە ئۆپراسیۆنێکدا لە گەڕەکی سەرهەڵدانی شاری دهۆک بکوژەکە دەستگیرکراوە، ئەوەشیان ڕاگەیاند کە تاوانبار دانی بەوەدا ناوە، ئاخین خەلەفی ٦ ساڵانەشی کوشتووە"

 

شەوی ١٨ی ئاب دوو ژن بەهۆی ئەوەی بە هەڵە بەنزینیان کردووەتەوە موبەریدەوە سووتان و یەکێکیان بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

ئەو دوو ژنە یەکێکیان تەمەنی ٢٥ ساڵە و ئەوەی دیکەش ٣٠ ساڵە، بە گوێرەی زانیاریەکان ئەو دوو ژنە ویستویانە ئاوبکەنە موبەریدە، بەڵام بە هەڵە بەنزینییان کردووەتە موبەریدەکە و بەهۆیەوە گڕ لە موبەریدەکە بەربووە و هەردوو ژنەکە سوتاون.

 

لە بەرواری ٢٦ی ئاب، له گەڕەکی بەختیاری‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قینی سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌، دایكێكی ته‌مه‌ن ٥٤ و كوڕە ٢٧ ساڵەکەی پێكه‌وه‌ كوژران، بەپێی قسەی ته‌ڵعه‌ت ڕه‌فعه‌ت، به‌رپرسی ئاسایشى نه‌خۆشخانه‌ی گشتی خانه‌قین کە بۆ میدیاکانی کردووە، کوڕێکی دیکەی ژنەکە، دایکی و براکەی کوشتووە و دواتر هەڵهاتووە، پاشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.