دڵسۆز زەنگەنە: دەسەڵات لە دەنگی ئازادی ژنی دلێر سڵدەکاتەوە

لە ٣ی ئابی ٢٠٢١ و یادی حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی گەلی شەنگال لەگەڵ ئەوەی دروشمی زۆر هەبوو بۆ پشتیوانیکردنیان، بەڵام هەوڵی لەناوبردنی دەنگی ئازادی ژن دەدرێت و ڕێگری لە پشتیوانی ژنانی شەنگال و بڵاوکردنەوەی ئازادی و بەدەستخستنی مافیان دەکرێت.

 

شنیار بایز

سلێمانی- دڵسۆز زەنگەنە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دابین، باس لە بەدەستخستنی مافی ژنان، دەربڕینی ئازادی ژنان و دەستگیرکردنی سێ چالاکوانی ڕێکخراوی ئازادی ژنانی کوردستان-ڕژاک دەکات و وتی: ئەو ژنانەی دەستگیرکراون کۆمەڵێک کەسایەتی چالاکن، دەستگیرکردنیان مانایەکی نییە، دەبێتە جێی پرسیار لای هەمووان ئایا بۆچی ڕێگەیان پێدراوە بڕۆن بەڵام لە گەڕانەوەیاندا ڕێگریان لێدەکرێت".

 

"ژنان ڕەمزی ئازادی و کپکردنی شەڕن"

ئاماژەی بەوەشدا ژنان ڕەمزی ئاشتین، لە زۆرینەی کێشە ناوخۆییەکاندا ژنان پێشڕەویان کردووە و توانیویانە ڕێگە لە کوشتنی ڕۆڵەکانیان بگرن، وە ئەم ژنانە ژنی چالاک و مەردن، وتیشی: ئەم ژنانەی کە ماوەیەکە بێسەروشوێنن ژنانی دلێرن ئەو کۆمەڵە ژنەن دەسەڵاتیش سڵیان لێدەکاتەوە، لە پێناو بڵاونەکردنەوەی فکری ئازاد دەسەڵات دەستگیری کردوون.

 

دڵسۆز بە ڕەخنەوە دەڵێن سیاسییەکان دروشمی گەورەیان هەیە، بەڵام کردەوەیان نییە، "لە حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدی شەنگال سێ ژن دەستبەسەرکراون، هەرچەندە سیاسیەکانی باشوری کوردستان دروشمی گەورەیان بڵاودەکردەوە لەو ڕۆژەدا بۆ پشتیوانی شەنگال، لە بەرامبەردا ئەمە هەڵوێستیانە بەرامبەر بەو ژنانەی بۆ پشتیوانی شەنگال چوبوون".

 

"کوردستان خاوەن دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە بۆ سەرکوتکردنی هاوڵاتیان و ئازادی"

وەک چالاکوانێک دڵسۆز ڕوونیکردەوە، بە ناوی لێکۆڵینەوەوە ماوەی ١٤ ڕۆژە ئەو ژنانە دەتبەسەر کراون و هیچ هەواڵێکیان نییە، ئەمە دەیسەلمێنێ خاوەنی دەسەڵاتێکین حوکمی کوێرانە دەدات بەسەر هاوڵاتییەکانیدا، چاو و گوێی نییە تەنها دەمی هەیە بۆ حکومدان بە ناهەق، نەک تەنها ژنان بەڵکو ڕۆژنامەنووسی ئازادیش لەم هەرێمەدا دەنگی کپ دەکرێت و ڕێگری لە دەربڕینی ئازادییەکانی دەکرێت، وەک دڵسۆز ئاماژەی پێدا، ناکرێت دەسەڵات بە مانشێتی گەورە بانگەوازی بۆ دیموکراتی بکات و ناوەڕۆکەکەی دژی دیموکراتی بێت، یاخود پەیامی پێدانی ماف بە ژنان بکەنە پەیڕەوی کاریانەوە و دواتر کاری پێنەکەن، دەبێت دەسەڵاتیش ئەوە بزانێت دەنگی ئازادی ژنان بە دەستگیرکردنی ژن و سەرکوتکردنی لەناو ناچێت.

 

ئەو چالاکوانە وتیشی: دەبێت سەرکردەکان ئەوە بزانن کە دەبێت سەرکردە کرداری پێش وتە بێت، کۆمەڵگای پێش بەرژەوەندییەکانی بێت، ڕاستگۆی پێش گەندەڵیەکانی بێت، یەکگرتنی ژنان داکۆکیکردنە لە مافەکانیان، پێویستە ژنان لە ئاست ئەو هەڵوێستەدا یەک دەنگ و یەکگرتووبن.

 

پێدانی ماف بە ژنان لە ئاستێکی مەترسیدایە

دڵسۆز زەنگەنە لەسەر پرسی پێدانی ماف بە ژنان با ژنهای ڕاگەیاند: ململانێی سیاسی و خراپبوونی دۆخی ئابووری و دارای هەرێمی کوردستان هەروەها دەست تێوەردانی دەرەکی وای کردووە ژنان کەمترین مافیان پێ بدرێت.

باسی لەوەشکرد ژنان بە جۆرێک مافەکانیان پێشێلدەکرێت کە بە ناوی شەرەفەوە بە ئاسانترین شێوە و بێ ترسی یاسا پیاوان دەیانکوژن و دەستدرێژیان دەکەنە سەر، لە ڕابردووشدا دۆخی ژنان بە هەمان شێوە بووە، بەڵام ئێستا بە هۆی بوونی سۆشیاڵ میدیا خەڵکی هۆشیار بووە و زیاتر ئاگاداری ڕووداوەکانە.

 

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دابین ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە شوێنی کاردا مافەکانیان پێشێلدەکرێت و ڕێگە نادرێت پۆستی باڵا بەدەستبهێنن، "لە شەش بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان یەک دانەیان بەڕێوبەرەکەی ژن بوو، ئەویشیان نەهێشت لە کاتێدا دەبێت هەموو کارمەندەکانی ژن بن".

 

ژنان لە بواری سیاسی و بوونی دەسەڵاتدا خاوەنی کەمترین پێگەن

لە بارەی پێدانی پێگەی سیاسی بە ژنان، دڵسۆز وتی: "لەگەڵ ئەوەی ژنان دەبێت لەناو کیانە سیاسییەکاندا لە ٪٢٥ دەسەڵاتیان هەبێت، بەڵام لە ئێستادا کەمترین پێگەی دەسەڵاتیان پێدراوە، تەنها لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لایەنە سیاسییەکان ژنان بەکاردەهێنن و کاریان تێیان دەکەوێت، زۆر کات دەنگ بە ژنان کۆدەکەنەوە، ژنان لە هەرێمی کوردستان بەشداری دەسەڵاتیان کردووە بەڵام بە پێی پێویست نییە، بۆیە دەبێت ژنان بوێرانە دەنگ هەڵبڕن و چیتر نەهێڵن لە ژێر چەتری دەسەڵات و پلە و پۆستێکدا کاریان پێوە بکرێت".

 

ڕێکخراوی دابین لە ساڵی ٢٠١٧وە دامەزراوە و دڵسۆز زەنگەنە بووەتە بەڕێوەبەری ڕێکراوەکە، زۆرترین کار و چالاکیان پەیوەستە بە مافی مرۆڤەوە، یەکێکی دیکە لە کار و چالاکییەکانیان کار کردن بووە لەسەر کرێکارانی کەرتی تایبەت و دەستبەرکردنی مافەکانیان بە تایبەت لە دوای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چونکە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

ت.پ