لیزی ڤێلاسکویز، قسەکەرێکی جیهانی ئیلهامبەخش

لیزی ڤێلاسکویز، ئەو ژنەی ڕووبەڕووی دڵ ڕەقی و مامەڵەی بێبەزییانەی کۆمەڵگا دەبێتەوە، سەرەتاکانی تەمەنی بە ئازار و هەستکردنێکی بەد بەسەردەبات بەڵام دواتر دەبێتە قسەکەرێکی جیهانی ئیلهامبەخش.

 

بێریڤان کەمال

سلێمانی- مرۆڤ بە شێوازێکی سروشتی خاوەنی ئیرادە و متمانە بەخۆبوونە، لە جیهانێکدا کە هەمووان هەوڵدەدەن بۆ دەرکەوتنییان بە شێوەیەکی جوانتر، بە کەم سەیرکردن و توانج و مامەڵەی بێبەزییانەی کۆمەڵگا بەرامبەر شێوە و ڕووخساری مرۆڤەکان کاریگەری دەکاتە سەر خۆشویستنی خود و متمانەبەخۆبوون لە ناخی مرۆڤەکان.

لیزی ناوی بڵاوبۆوە وەک ژنێک کە خاوەنی ناشرینترین ڕووخسارە لە جیهاندا، بووە جێی تانە و تەشەر و قسەی ڕووخێنەری بەشێکی زۆری خەڵك، بەڵام ئەم ژنە خاوەن ئیرادەیە نەیهێشت دڵرەقی خەڵک تێکی بشکێنێت و ئەو بارودۆخەی کردە سەرچاوەی هێز بۆ سەرکەوتنەکانی و یارمەتیدانی کەسانی دیکە، ئەو ئێستا قسەکەرێکی هاندەری نێودەوڵەتیە لە هەموو جیهاندا ئیلهامبەخشە.

 

"من مرۆڤم بێگومان ئازار دەچێژم بەڵام ڕێگە نادەم ئازارەکانم پێناسەم بکەن"

لیزی ژنێکی ئەمریکیە، ساڵی ١٩٨٩بە دۆخێکی دەگمەن و جیاوازتر لە منداڵانی دیکە بە چوار هەفتە پێش لەدایکبوونی ئاسایی، بە کێشی ١.٢ کیلۆگرام لەدایکبووە، لیزی نەخۆشییەکی دەگمەنی هەبوو کە ڕێگر بوو لەوەی بە هیچ جۆرێک کێشی زیاد بکات و ماسولکەکانی گەشە بکات، ئەو نەخۆشییە دەگمەنە تا ئێستا هیچ ناوێکی لێنەندراوە کە تەنها ٢ کەس بەو بارودۆخەوە لە دایکبوون لە هەموو جیهاندا.

 

لە دایکبوونی لیزی بە زیندوویی جێی سەرسوڕمانی پزیشکەکان بوو، لە سەرەتادا پێیان وانەبوو لیزی بتوانێت لە ژیان بمێنێتەوە، هەروەها نەیاندەتوانی خەیاڵی ئەوە بکەن کە ئەو هەرگیز توانای ڕۆشتن یان قسەکردن پەیدابکات، بەڵام لیزی وەک هەمیشە بەرەنگاری پێشبینیەکان بووەوە و پێچەوانەکەی سەلماند، هەرچەندە کێشی زۆر کەمبوو بەڵام مێشکی لیزی بە شێوەیەکی ئاسایی گەشەی سەند.

"بارودۆخم نهێنییەکی گەورەیە"

لیزی بارودۆخی خۆی بە "نهێنیەکی گەورە" ناودەبات، لە تەمەنی ٤ ساڵیدا چاوی ڕاستی کوێر بووە، هەتا ئێستا پزیشکەکان نەیان توانیووە هۆکارەکەی بدۆزنەوە کە ئێستا بە چاوێکی قاوەی و شینەوە ژیان دەکات.

هەروەها کاریگەری نەخۆشییەکە لە سیمایدا دەرکەوتووە لە شێوەی دەم و لوت و پێستیدا کە پزیشکەکان پێیان وایە بارودۆخەکەی لیزی کاتی نییە و بۆ هەمیشە لەگەڵیدا دەمێنێتەوە، هەرچەندە ئەو بارودۆخە بۆ لیزی و خێزانەکەی نامۆ و جیاواز بوو بەڵام توانیان لێهاتووانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

 

لە ساڵی ٢٠٠٦ کاتێک لیزی تەمەنی ١٧ ساڵان بوو، چاوپێکەوتنێکی بۆ وێستگەیەکی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ئەنجام دا، کاتێک گرتە ڤیدیۆییەکە لە یوتوب بڵاوبووەوە بە "ناشرینترین ژن لە جیهاندا" ناونرا، لیزی کلیپەکەی دۆزیەوە بە ٤ ملیۆن کەس بینەر و چەندان قسە و تێبینی گاڵتە ئامێز و ڕووخێنەرەوە، ئەمە وایکرد هەست بە ئازارێکی زۆر و دڵشکان بکات.

ژنە گەشبینەکەی جیهان

لیزی بەشێکی تەمەنی بە دڵشکاووی و هەستکردنێکی بەد و ناخۆشەوە تێپەڕی، بەڵام دایک و باوکی لیزی بیرکردنەوەیەکی جیاواز و ئەرێنیان هەبوو بۆ کچەکەیان، پێی دەڵێن: "دەتوانیت لێگەڕێیت گریانێکی باشت هەبێت، بەڵام دواتر دەبێت ئازارەکە جێبهێڵیت و هەنگاو بۆ کارێکی ئەرینی بنێیت" لە ئێستادا لیزی توانیویەتی سەرکەوتووبێت بەسەر ئەو ئازارەدا و لە جیهاندا بە گەشبینیەکەی ناوبانگ پەیدابکات.

 

لیزی وەک دیاریەک سەیری بارودۆخەکەی دەکات

لیزی لە باسی نەخۆشیەکەیدا دەڵێت: "ئەو نەخۆشییە دەگمەنە وەک دیارییەک دەبینم و هەست بە دڵخۆشی دەکەم لەگەڵیدا و دەمەوێت ئەم دیارییە لەگەڵ هەر کەسێکدا دابەش بکەم کە هەیبێت"

 

لیزی ساڵی ٢٠١٢ بەشی پەیوەندییەکانی لە زانکۆی تکساس خوێندووە، بڕياریدا ژیانی خۆی تەرخان بکات بۆ قسەکردن بۆ یارمەتیدانی خەڵکی لە دژی گاڵتە و توانجەکانی کۆمەڵگا بۆ شێوە و ڕووخساری مرۆڤەکان، و هەروەها بڕیاریدا بە قسەکانی ببێتە سەرچاوەی ئیلهام و وزەی ئەرێنی بۆ خەڵکی لە ئێستاشدا بە گەشبینیەکەی بەناوبانگە.

 

لە ساڵی ٢٠١٤ لیزی لە بەرنامەیەکی قسەکردنی ژنان بە ناوی تێد ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە بە ناوی "چۆن پێناسەی خۆت دەکەیت؟" کە باسکردنە لە جوانی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان و زیاتر له ٥٤ ملیۆن بینەری هەبووە، سەرنجی بینەرانی ڕاکێشا و توانی له ئاستی نێودەوڵەتیدا ببێتە قسەکەرێکی ئیلهام بەخش.

 

ساڵی ٢٠١٥ لە سۆشیال میدیا کەمپەینێکی ڕاگەیاند بۆ ڕیگری کردن لە بەدکاری و گاڵتە و توانجدان لە ڕووخساری مرۆڤەکان، یەکەم کتێبی بە هاوبەشی لەگەڵ دایکی بڵاوکردەوە لە ساڵی ٢٠١٠دا بە ناوی "لیزی جوانە" بە زمانی ئینگلیزی و ئیسپانی، کە بەشێکی ئەو نامانەی لە خۆگرتبوو کە دایکی لە منداڵیدا بۆ کچەکەی نووسیووە.

 

لیزی ٣ کتێبی ئیلهامبەخشی نوسیوە بە ناوی "جوانبە"، "خۆتبە" لە ساڵی ٢٠١٢، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٤ کتێبێکی نووسیوە بە ناوی "خۆشبەختی هەڵبژێرە" کە تیایدا باسی لەو ئاستەنگیانە کردووە کە لیزی ڕووبەڕووی بووەتەوە بەڵام بڕیاریداوە کە دڵخۆشی هەڵبژێرێت لە کاتێکدا وازهێنان و کۆڵدان ئاسانتر بووە.

کتێبێکی دیکەی بە ناوی "میهرەبان بە" لە ساڵی ٢٠١٧ نووسیوە، تێیدا باسی لە گرنگی میهرەبان بوون کردووە چونکە لە یەکەم ئەزموونیدا ڕووبەڕووی دڵڕەقی و قسە بێبەزییانەکانی بینەرانی دەبێتەوە.

جیهان میهرەبانتر بێت – و جوانتر بێت

هەروەها پرۆژەی لیزی کە فیلمێکە ئیلهامی لە ژیانی لیزی وەرگرتووە بە ناوی "دڵێکی ئازا " لە ساڵی ٢٠١٦، لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی (کیک ستارتەر)وە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بودجەکەی گەیشتە ١٨٠ هەزار دۆلار لە پرۆژەی کۆکردنەوەی پارە، لیزی بە هەوڵەکانی هەمیشە کاریکردووە کە جیهان میهرەبانتر بێت – و جوانتر بێت.

دۆکۆمێنتارییەکی تایبەت بە ژیانی لیزی، وەرگێڕانی ئاژانسی ژنها:

 

ت.پ