دەستپێشخەریی هاودەنگی ژنان هاوڕێی ڕزگاربووانی ئاگرکەوتنەوەی جەزائیرن

ئازاری ڕزگاربووانی ئاگرکەوتنەوەکانی جیجل، بیجایە و تیزی وزو لە نەخۆشخانەکان بەردەوامە؛ هاوتەریب لەگەڵ چاودێریی پزیشکی، هاودەنگیی جەماوەری بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و پشتیوانیکردنی برینداران و خێزانەکانیان بەڕێوەدەچێت.

نەجوا ڕاهم

 

جەزائیر ـ ئازاری ڕزگاربووانی ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکان لە جەزائیر تەنها بە دەرچوون لە ناوچە مەترسیدارەکان کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو بۆ ئەوانەی لەسەر جێگەکانی چارەسەری لە نەخۆشخانەی گەورەی سووتانی "سەعید شیبان" لە زەڕالدە خۆیان بینیوەتەوە، قۆناغێکی دیکەی ئازار و چاکبوونەوە دەستیپێکرد، لەنێو پێداویستییە ڕۆژانەکاندا کە لە چارەسەری پزیشکی زیاتر بوو بۆ ئەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژنان و پیاوان و منداڵان لەخۆبگرێت.

 

لە سەردانێکی مەیدانیدا کە ئاژانسەکەمان بۆ دامەزراوە تەندروستییەکە ئەنجامی دا، لایەنێک لەو دەستپێشخەرییە هاوسۆزییانەمان بەدی کرد کە هاوڕێی برینداران و ڕزگاربووانی ئەو ئاگرکەوتنەوانەن کە بەتایبەت پارێزگاکانی جیجل، بەجایە و تیزی وزوویان گرتەوە.

 

لە ناو نەخۆشخانەکەدا، هاوسۆزی تەنها سنووردار نەبوو بە سەردانیکردنی نەخۆشەکان، بەڵکو درێژبووەوە بۆ کۆکردنەوە و دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی کە برینداران و خێزانەکانیان لە ماوەی چارەسەریدا پێویستیان پێیەتی، لەو کاتەی کە لێکەوتەکانی ئاگرکەوتنەوەکان لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان بەردەوامە.

 

لەم چوارچێوەیەدا، خاچی سووری جەزائیری، لقی شارەوانی سوور غەزلان لە پارێزگای بویرە، سەردانێکی ئەنجام دا بۆ پرسینەوە لە بارودۆخی ڕزگاربووان و وەستانەوە لە تەنیشت ئەوان و خێزانەکانیانەوە.

 

مەریەم عیمارە، سەرۆکی لقی شارەوانی سوور عەزلان لە پارێزگای بویرە، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ نەخۆشخانەکە ڕایگەیاند، کە گروپەکە سەردانێکی کردووە بۆ پرسینەوە لە تەندروستی و پارێزراویی ڕزگاربووانی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەی دانیشتووانی جیجل، وتی: ئامانجەکە کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشەکان و خێزانەکانیانە.

 

گروپەکە بە دەستی بەتال نەگەڕایەوە، بەڵکو پێداویستییە بنەڕەتییەکانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو کە بریتین لە: دایبی، سانتی، ئاوی کانزایی، جلوبەرگی ناوەوەی ژنان و پیاوان، لەگەڵ شیر و ماددەی تر.

 

سروشتی ئەم یارمەتییانە ئاشکرای دەکات کە پێداویستییەکان زۆر جار لەپشت ژمارەی برینداران و ئامارەکانی کارەساتەکەوە ون دەبن، چونکە لەدوای سووتان و برینەکانەوە، ژنانێک هەن کە پێویستیان بە سانتی و جلوبەرگی ناوەوە هەیە، کۆمەڵە نەخۆشێک هەن کە پێویستیان بە پێداویستیی ڕۆژانە هەیە، کۆمەڵە خێزانێک هەن کە خۆیان لەبەردەم باری زیاتردە بیننەوە لە سایەی بوونی یەکێک لە ئەندامانیان لە نەخۆشخانەدا.

 

مەریەم عیمارە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم دەستپێشخەرییە نەدەبوو ئەنجام بدرێت ئەگەر هاوڵاتییان بەشدارییان نەکردایە لە پێشکەشکردنی ئەوەی کە لە توانایاندا هەبوو لە یارمەتی، بەو پێیەی ئەوەی پێشکەشی زیانلێکەوتووان دەکرێت "کەمترین شتە کە دەبێت بۆیان پێشکەشی بکەین"

 

 

هاوسۆزیی ژنانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ نەخۆشخانە

 

لە دیمەنێکی تری هاوسۆزیدا، کۆمەڵێک ژنی خۆبەخش ئامادە بوون لە نەخۆشخانەکەدا لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی ژنانەدا کە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە دەستی پێکرد، یەکێک لە خۆبەخشەکان ڕایگەیاند کە دەستپێشخەرییەکە "بەتەواوی ژنانەیە" وتی: بەشداربووان ئەو ژنانە بوون کە زۆربەیان یەکتریان نەدەناسی، بەڵام لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە یەکتریان بینی و بڕیاریان دا هەوڵەکانیان یەکبخەن لەپێناو یارمەتیدانی ڕزگاربووان و نەخۆشەکانی قوربانیی ئاگرکەوتنەوەکان.

 

خۆبەخشەکان ئەو پێداویستییانەیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو کە بە شێوەیەکی تایبەت ئاراستەی ژنان کرابوون، لەوانە: سانتی، جلوبەرگی ناوەوە و پێداویستییەکانی تر کە ڕەنگە سادە دەردەکەون، بەڵام دەبنە شتێکی پێویست بۆ ژنێک کە چەند ڕۆژێک لە ناو نەخۆشخانەدا بەسەر دەبات پاش ئەوەی لە ئاگر رزگاری بووە.

 

خۆبەخشەکە بانگەوازێکی ئاراستەی ئەو هاوڵاتییانە کرد، کە حەز دەکەن بەردەوام بن لە هاوسۆزی، داوای دابینکردنی دەرمانی سووتان و لۆکەی کرد، بەو پێیەی ئەمانە لەو پێداویستییانەن کە تا ئێستاش داوادەکرێن.

 

 

لە بەجایە بۆ زەرالدە... چیڕۆکی ڕزگاربوون

 

لە کاتی سەردانەکەشدا، ئاژانسەکەمان چاوی کەوت بە یەکێک لەو سەردانیکارانەی کە لە پارێزگای بەجایەوە هاتبوو بۆ نەخۆشخانەی "سەعید شیبان" بۆ پرسینەوە لە باری تەندروستیی ئامۆزاکەی کە لە ئاگرکەوتنەوەکە ڕزگاری بووە، ئاماژەی بەوەدا، کە ئامۆزاکەی لە ئاگرەکە ڕزگاری بووە و فریاگوزاری بۆ کراوە، پزیشک و پەرستارەکان پاڵپشتی و چاودێریی پێویستیان پێشکەش کردووە، لە نەشتەرگەری دەرچووە و ئێستا لە بارودۆخێکی تەندروستیی باشدایە.

 

هەرچەندە چیرۆکی ئامۆزاکەی کۆتایییەکی دڵنیاکەرەوەی هەیە، بەڵام وەک بیرهێنانەوەیەک بۆ گەورەیی ئەو مەترسییەی کە دانیشتووانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان تووشی دەبن، مەرج نییە ڕزگاربوون لە بڵێسەی ئاگرەکە بە واتای کۆتایی هاتنی کاریگەرییەکانی کارەساتەکە بێت.

 

لە جیجل، بەجایە و تیزی وزووەوە بۆ نەخۆشخانەی گەورەی سووتانی لە زەرالدە، چیڕۆکەکانی ڕزگاربووان بەردەوامن لە بیرخستنەوەی ئەوەی کە ئاگرەکان تەنها دارستانی سووتاو و ماڵی زیانلێکەوتوو لەدوای خۆیان جێناهێڵن، بەڵکو جەستەی بریندار، خێزانی دڵتەنگ، ژن و منداڵی کچ کە پێویستیان بە چاودێری و هاوکاری هەیە کە ڕەنگە درێژببێتەوە بۆ دوا بە دوای جێهێشتنی نەخۆشخانەکەش.

 

لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم شوێنەوارانەدا، دەستپێشخەرییەکانی گەل، خاچی سوور، گروپەکانی ژنان و خۆبەخشەکان دەگۆڕێن بۆ تۆڕێکی پشتگیری کە چاودێریی پزیشکی تەواو دەکات، هەستێک بە ڕزگاربووان دەبەخشێت کە ئەوان تەنها نین لە بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی کارەساتەکەدا.