دەشنێ موراد "لە هەرێمی کوردستان بە هەڵە لە فێمینیزم تێگەیشتوون"

فێمینیزم تێکۆشان و خەباتی ژنانی جیهانە، سەدان ساڵە کار لەسەر پرسەکانی ژن دەکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هێشتا تێگەیشتنێکی تەواو بۆ فێمینیزم نییە، دەشنێ مورد وەک ژنێکی فێمینیزم باس لەوەدەکات کە فێمینیزم کار لەسەر سەرجەم کێشەکانی تاک دەکات.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- فێمینیزم بە واتای "پارێزگاری ژن" دێت، کە خەبات و تێکۆشانیان بۆ ژنان کردووە، بەڵام لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمەوە ئەم خەبات و شۆڕش ناوی لێنرا "فێمینیزم" بە واتای پاراستنی ژنان دێت لە نایەکسانی و نادادی لە ئاستی پیاواندا.

 

فێمینیزم وەک وشە بۆ یەکەمجار لە کۆتاییەکان سەدەی نۆزدەیەمدا سەری هەڵداوە، لە وشەی "فیمەیڵ"ی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە، ئامانجی سەرەکی ئەم تیۆرە بەربەرەکانێیە لە دژی کەلتوری ڕەگەزپەرەستی و ئەقڵیەتی پیاوسالاری.

 

یەکەم کەس وشەی "فێمینیزم"ی بەکارهێنا ژنێکی فەڕەنسی بە ناوی "هوبەرتین ئۆکلەرت" بوو، لە ساڵی ١٨٨٢، دواتر لە ١٨٩٦ لە بەرلین لە کۆنگرەیەکدا بە بەشداری هەزار و ٧٠٠ ژن لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەبارەی کێشەکانی ژنان لە ئەمریکا و ئەوروپا ڕاگەیەندرا، تێیدا لەلایەن نوێنەری پاریس "ئۆژەنی پۆتۆنی پیەر" لەبارەی فێمینیزمەوە ڕوونکردنەوە درا، دواتریش ئەو وشەیە لە بەڕیتانیا و ئەمریکا بڵاو بووەوە، لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردووشدا لە وڵاتە عەرەبییەکان بڵاو بوەوە.

 

فێمینیزم دەیەوێت چی بکات

فێمینیزم دەیەوێت بڵێت ژن بەهۆی ڕەگەزەکەیەوە ژێردەستە کراوە و دەبێت ڕزگار بکرێت، وشەی فێمینیزم بەگشتی بۆ بزوتنەوەکانی مافی ژنان بەکاردێت بەتایبەت ئەو بزوتنەوانەی وەک بزوتنەوەیەکی ئاشتیخوازانەی ژنان کاردەکەن، بە تایبەتیش لە ئەمریکا و فەڕەنسادا کە ژنان تێکۆشانیان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان کرد، دواتریش لە ئەڵمانیا داوای هاوئاست کردنی مووچەکانیان لەگەڵ پیاواندا دەکرد، کە ژنان سەرەڕایی ئەوەی هاوشانی پیاوان کاریان دەکرد، هەمان موچەیان پێنەدەدرا.
 

 فێمینیزم دەکرێت وەک ئازادی ژن سەیر بکرێت، لەسەرەتادا ئەم ڕەوتە بە تایبەت لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمدا لە ناوەندەکانی ئەوروپادا کاریان بۆ بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتیبوون بۆ ژن کردووە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ژنان تەنانەت وەک هاوڵاتییەک مافییان نەبووە و هاوڵاتی پلە دوو بوون، لە گرنگترین داواکارییەکانیشیان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بووە، کە لەو سەردەمەدا ژنان مافی دەنگدانیان نەبووە.

 

چەند گروپێک لە فێمینیزم هەیە، ڕادیکاڵ، ئەکۆ فێمینیزم، سۆشیاڵ فێمینیزم، ئەنارشیست، لیبڕاڵ، پۆست فێمینیزم، ئەم گروپانە هەریەک بە شێوەیەکی جیاواز کار لەسەر فێمینیزم دەکەن، لە کۆتاییشدا هەموویان کار بۆ ئازادبوونی ژن دەکەن.

 

فێمینیزم لە هەرێمی کوردستان

فێمینیزم بۆ هەرێمی کوردستان وەک ناو بابەتێکی نوێیە، ژنانی کورد بەردەوام خەباتیان بۆ یەکسانی کردووە و دژی جیاکاری بوون، بەڵام لەژێر ناوی فێمینیزمدا کاریان نەکردووە.

 

واتە بە کردار کار بۆ ژنان کراوە، لە سەردەمی عادیلە خانم و حەپسەخانی نەقیبدا، بە تایبەت کە حەپساخانی نەقیب قوتابخانەی تایبەت بە کچانی کردووەتەوە، ماڵ بە ماڵ گەڕاوە تا  کچەکانیان بخەنە بەر خوێندن.

 

فێمینیزم لە هەرێمی کوردستان وەک ناو تەمەنی کەمتر لە نیو سەدەیە، بەڵام بەردەوام ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان کار بۆ ژنان دەکەن، خۆیان وەک فێمینیزمێک لە قەڵەم دەدەن، بەتایبەت لە دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١، کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ژنان کاردەکەن.

 

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا فێمینیزم تێکۆشان و خەباتی دەیان ساڵەی ژنانی جیهانە، بەڵام هێشتا لای کۆمەڵگای کوردی، ناوێکی خوازراو نییە، تێگەیشتنێکی هەڵە بۆ فێمینیزم هەیە، پێیان وایە فێمێنزم بوونی پیاو ڕەتدەکاتەوە.

 

دەشنێ موراد، هونەرمەند و چالاکوان، خۆی بە ژنێکی فێمینیزم لە قەڵەم دەدات، بەردەوام لە کارە مرۆیی و خێرخوازییەکاندا ئامادەیە، باس لەوە دەکات، "فێمینیزم لە هەرێمی کوردستان بە شێوەییەکی هەڵە لێی تێگەیشتوون، یەکسەر وادەزانن کە دژی پیاو دەوەستێتەوە، لە کاتێکدا هەر جۆرە ناحەقیەک هەیە، فێمینیزم دەیەوێت ئیش لەسەر ئەو ناحەقیە بکات و نەمێنێت".

 

بەپێی وتەکانی دەشنێ، فێمینیزم کار دەکات، تا هەر تاکێک مافەکانی مرۆڤی هەبێت و ببێتە تاکێک لە کۆمەڵگا وە فێمینیزم پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ژینگەوە هەیە، دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکات ،"فێمینیزم دەیەوێت ئیش لەسەر هەموو کێشەو گرفتەکان بکات و ناوەڕۆکی کێشەکان بدۆزێتەوە و چارەسەریان بکات".

 

ت.پ