"١٢ی ئادار ساڵی گۆڕانکاری چارەنووسی گەلی کورد بوو"

ڕۆزا حەسەن لە بارەی ڕاپەڕینی گەل لە ١٢ی ئاداری لە قامیشلۆ دەڵێت: ژنانی کورد ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو بۆ نەمانی ئەو دکتاتۆریە و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، ژنان توانیان بڵێن نەخێر بۆ سیستمی دەسەڵاتداری و دیکتاتۆری لە ڕۆژئاوای کوردستان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە ١٢ی ئادار ساڵی ٢٠٠٤دا، شەڕ لە نێوان یاریزانانی تیپی (کوردانی قامیشلۆ) و تیپی (عەرەبە شۆڤێنییەکانی دێرەزوور) لە یاریگای تۆپی پێی قامیشلۆدا ڕوویدا، هێرشێکی نەژاد پەرستانە کرایە سەر گەلی کورد و تیایدا زیاتر لە ١٠٠ کەس بریندار و شەهید بوون و ماوەی چەند ڕۆژێکی خایاند، هەروەها پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٢ی ئادار ڕژێمی بەعسی سووریا هەموو مافێکی ژیانکردنی لە هاوڵاتیان زەوت کردبوو، ئەو کوردانەی کاری سیاسییان دەکرد، دەستگیر و زیندانی دەکران، هەروەها سیاسەتی بە عەرەب کردن بوونی هەبوو، بەڵام گەلی کورد لە بەرامبەر هەموو ئەم دیکتاتۆریەدا بەرخۆدان و ڕێکخستنی بۆ گەلی خۆی دەکرد و ئیرادەی گەلی کورد لەژێر ئەو چەوسانەوەیەی گەلی کورددا دەبیندرا.

 

"١٢ی ئادار یەکەم تێکۆشانی گەلی ڕۆژئاوا بوو"

ڕۆزا حەسەن، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان، باس لەوە دەکات، ٢٠ ساڵ بەسەر شۆڕشی ١٢ی ئاداردا تێدەپەڕێت، لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بە تروسکەی ئازادی و دەستکردن بە شۆڕشێکی نوێ دەناسرێت، وتیشی: دروستکردنی جیاوازی خەباتەکانی باشووری کوردستان کاریگەری لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەبووە، ئەو هۆشیاریەی لە ڕۆژئاوا هەبوو و هەروەها ئەو زەختەی ڕژێمی بەعس بۆ سەر باشوور هەیبوو، هەمان بارودۆخ کاریگەری هەبوو لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانیش، بۆیە ١٢ی ئادار ساڵی گۆڕانکاری چارەنووسی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان بوو.

 

ڕۆزا حەسەن ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمەی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان تا ڕادەیەکی باش ئاستی هۆشیاری سیاسیمان هەیە، بۆیە لە بەرامبەر ئەو توندوتیژی و چەوساندنەوەی ڕژێمی بەعس، ڕاپەڕینی گەورە لەو پارچەیەی کوردستاندا ڕوویداوە و چەندین ڕاپەڕین ئەنجام درا، لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ یەکەمجار دژی ڕژێمی بەعس وەستان و وەک گەلی کورد مافی خۆمان بوو دژیان بوەستینەوە، داوای مافی خۆمان بکەین، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ١٢ی ئادار ببێتە یەکەمین تێکۆشان دژی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و تروسکەیەکی ئازادی لە ڕۆژئاوادا بینرا و بە دوایدا شۆڕشی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد".

 

"شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بڵاو دەکەینەوە"

ڕۆزا حەسەن، ئاماژەی بەوەکرد، شۆڕشی ١٢ی ئادار بووەتە سەرکەوتن و هۆکاری ڕوودانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز کە ڕۆڵی سەرەکی ژنانی کورد دەیان بینی، شۆڕشی ١٩ی تەمموز کاریگەری لەسەر تەواوی سیستمی دەسەڵاتدار هەبوو بەتایبەت تر دەرکەوتنی گەل لە ناو شۆڕشەکەدا ڕۆڵی سەرەکی تر ڕۆڵی ژنان بوو، لەو بارەیەوە دەڵێت: ژنانی کورد ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو بۆ کۆتاییهێنان بە دیکۆتاتۆری و ئاواکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، ژنان توانیان بڵێن نەخێر بۆ سیستمی دەسەڵاتداری و دیکتاتۆری، بە ئازادی کۆمەڵگە دەستمان پێکرد و قوربانی زۆریشمان لەو پێناوەدا داوە تا بگەین بەم ئاستەی ئێستا.

 

لە کۆتایدا وتی: ئەمڕۆ ئێمەی ژن دڵخۆش و سەر بڵندین، لەبەر ئەوەی خاوەنی شۆڕشین و بەرەو شۆڕشی مرۆڤایەتی دەچین، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یش بڵاو دەکەینەوە.