بەهۆی گەمارۆوە پێداویستی تەندروستی بەردەست نییە

عالیە محەمەد، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی خۆبەڕێوەبەری عەفرین-شەهبا ئەلیە  لە کاریگەریی گەمارۆی حکومەتی دیمەشق کرد لەسەر کەرتی تەندروستی و وتی: بەهۆی ئەو گەمارۆوە، کەرتی تەندروستی زۆرترین زیانی پێدەگات.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- بە درێژایی ساڵانی کۆچی خەڵکی عەفرین و نیشتەجێبوونیان لە شەهبا، حکومەتی دیمەشق ناوچەکەی کۆنترۆڵ کردووە و گەمارۆ بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت، ئەم گەمارۆیە کاریگەری لە بواری تەندروستی دەکات، چونکە ڕێگە بە ناردنی کەرەستەی پزیشکی و دەرمان نادرێت بۆ ناوچەکە، بەپێی ئەو دەرفەتانەی کە لەبەردەستدان دەستەی تەندروستی خۆبەڕێوەبەری عەفرین-شەهبا هاوکاریی خەڵک دەکات و دەرگای نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی بەڕووی خەڵکدا دانەخستووە. هەروەها ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دەکەن، بە خۆڕاییە.

 

عالیە محەمەد، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی خۆبەڕێوەبەری عەفرین-شەهبا، باسی لەو ئاستەنگانە کرد کە خەڵک لە شەهبا ڕووبەڕووی دەبنەوە و وتی: بە درێژایی ساڵانی کۆچکردن لە شەهبا، خەڵک ڕووبەڕووی بەربەست و سەختی دەبنەوە، لەو کاتەوەی خەڵکی عەفرین ڕوویان لە شەهبا کردووە و حکومەتی دیمەشق گەمارۆی ناوچەکەی داوە، ڕێگە نادات پێداویستییە گرنگەکان بچنە ناوچەکەوە.

 

"نەخۆشیەکان بە بڕینی ئاو زیاد بوون"

عالیە محەمەد ئاماژەی بەوەدا، لە شەهبا دوو نەخۆشخانە و ٦ بنکەی تەندروستی هەیە کە خزمەت بە خەڵک دەکەن، نەخۆشخانەی ئەڤرین لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ەوە لە دۆخی نائاساییدا کراوەتەوە و ٦ ساڵە لە خزمەتی خەڵک دایە، بنکە تەندروستییەکانی دیکەش لە ناوچە ناوخۆییەکان کراونەتەوە و فریاگوزاری سەرەتایی پێشکەش دەکەن تا نەخۆشەکە دەگاتە نەخۆشخانە، "هەموو بەشە پێویستەکان لە نەخۆشخانەکەدا کراونەتەوە، بەڵام بڕینی ئاوی پاک نەخۆشی زیاتری لەناو خەڵکدا بڵاوکردووەتەوە، بەڵام دیسانەوە ئێمە لە نەخۆشخانە و بنکەکان پێشوازیمان لە گەلەکەمان کرد و هاوکاریمان کردن.

 

"دەرگای نەخۆشخانەی ئەڤرین هەمیشە کراوەیە بۆ هەمووان"

لە کۆتایی قسەکانیدا، عالیە محەمەد باسی لەوەکرد، بە هۆی ئەو گەمارۆیەی ئێستاوە دەرفەتی پێویست لەبەردەست نییە، سەرەڕای ئەوەش نەخۆشخانەی ئەڤرین دەرگای بەڕووی گەلدا دانەخستووە و وتی: بەهۆی ئاستەنگەکان و دابین نەکردنی کەرەستە و پێداویستییە تەندروستییەکان، کەرەستەی تەندروستی کەمە، بەڵام نەخۆشخانەی ئەڤرین تا ئێستاش کراوەیە بۆ گەل و بەدرێژایی ساڵانی کۆچبەری خزمەتگوزاری بەخۆڕایی پێشکەش بە خەڵک دەکات لە پشکنینی نەخۆشەوە تا چارەسەرکردن، هەروەها ئەو نەشتەرگەرییانەی کە لە نەخۆشخانە ئەنجام دەدرێن، هەوڵدەدەین هاوکاری گەلەکەمان بکەین، تا گەمارۆدان فشارەکانی سەریان کەم بکاتەوە، ئێمە جارێکی تر داوا لە ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکەین دەستوەردان لە دۆخی شەهبا بکەن و گەمارۆی ئێستا هەڵبگرن، چونکە ژیانی گەل لە مەترسیدایە.