"پێویستە بە نووسین ڕێگری لە ناشرینکردنی ژنان بکرێت"

هاجەر کەمال، ڕۆژنامەنووسی پرسەکانی ژنان و ئەندامی دەستپێشخەریی "مؤنث سالم" کاریگەری جیاکاریی ڕەگەزی لەسەر کۆمەڵگە باسکرد و ڕایگەیاند کە نووسەران ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە و پێویستە ڕێگری لە بێڕێزیکردن بە ژنان بکەن.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- نووسینی ڕۆژنامەوانی پشتگیری لە دۆزی ژنان دەکات بە ڕاکێشانی سەرنج بۆ توندوتیژی بەرامبەریان، هەروەها شیکاری بۆ ڕاستی ژنان دەکات و چەمکەکانی پەیوەست بە مافە یاساییەکانیان بڵاودەکاتەوە، هەندێک کات بە پێچەوانەوەیە و لەوانەیە ئەم نووسینانە بەجۆرێک دبن کە ژن ناشرین بکەن، واتە ئاسانکاری بکەن بۆ ئەوەی بەرامبەریان توندوتیژی ئەنجام بدرێت.

 

ڕۆژنامەنووس هاجەر کەمال، سەبارەت بە گرنگی نێوەندگیری لە دۆسیەکانی ژنان ڕایگەیاند، چەمکەکان ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لە لێکدانەوەی بارودۆخەکاندا، ئەگەر توندوتیژی یان دەستدرێژی ڕووبدات، دەتواندرێت بە چەندین شێوە مامەڵە لەگەڵ ڕاستی ئێستادا بکرێت، ئەوانەی ژن سەرزەنشت دەکەن و ئەوانەی ژن بە ستەملێکراو دەبینن، ئەوانە یاسا دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، زۆر کەس کردەوەی سووکایەتیکردن بە ڕووداوێکی بچووک دەبینن، بەڵام ئەمە کارێکە کە پێویستە دەستوەردان بکرێت و کەسی تاوانبار لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت بۆ ئەوەی ژنان و کچان هان بدرێن بۆ گلەیی و بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەو کارانە.

 

"نووسینی نووسەران دیدگایەک بۆ خوێنەر دروست دەکات"

لە درێژەی قسەکانیدا، هاجەر کەمال ئاماژەی بەوەدا کە نووسەران ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەر لە کۆمەڵگەدا دەگێڕن و بیرۆکەی نووسەران و ئەو بابەتانەی کە هەڵیدەبژێرن، بۆچوونێک بۆ خوێنەر لە بارودۆخە ئاساییەکاندا دروست دەکەن، وتیشی: دامەزراو و ڕێکخراوی ناوخۆیی هەن کە ئەم بابەتە بە باشی دەزانن و دەستیان بە کۆمەڵێک ڕاهێنانی پەیوەست بە زمانی هەستیار بۆ جۆری کۆمەڵایەتی کردووە، لەوانە سەنتەری تەدوین بۆ توێژینەوەی جۆری کۆمەڵایەتی، کە پەرتوکێکی ئامۆژگاری لەسەر ئەم بابەتە بڵاودەکاتەوە، جگە لەوەش دەستپێشخەرییەکەی "مؤنث سالم" ڕاهێنانی زۆری بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن کردەوە سەبارەت بە زمان و نووسین بۆ جۆری کۆمەڵایەتی.

 

هاجەر کەمال ڕایگەیاند کە زۆرێک لە کردەوەکان لە ژێر ناوی شەرەفدا ئەنجام دەدرێن و بەم شێوازە لە نووسینی هەواڵ وەک ئەوەی کردەوەکە ڕاست بێت بڵاودەکرێنەوە.

 

"ناونانی وردی پرسەکان یارمەتیدەرە بۆ بەدەستهێنانی مافەکان"

هاجەر کەمال باسی لەوەشکرد، لە بەکارهێنانی زمانی نووسراودا زۆر پێشێلکاری هەیە، بەتایبەتی ئەگەر بابەتەکان پەیوەندییان بە کوشتنی ژنانەوە هەبێت و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەو زمانەی لە ڕۆژنامەگەریدا بەکاردەهێندرێت کاریگەری نەرێنی بەرامبەر بە ژنان هەیە، لەبری ئەوەی پشتگیری ژنان بکەن، تاوانبار دەکرێن، هەندێک دەق هەن کە کردارەکان سادە دەکەنەوە چونکە ڕاستەوخۆ زیان بە ژنان دەگەیەنێت.

 

هاجەر کەمال لە کۆتاییدا دەڵێت: چارەسەر لەناو خودی نووسەرەوە دەست پێدەکات، بۆچوونی ئەو لەسەر ژن چییە و چەندە بەهای پێدەدات، خوێندنەوەی بەردەوام و گەشەسەندنی کەسی یەکێکە لە چارەسەرە گرنگەکانی زمانی کۆمەڵایەتی، یەکێک لە ڕێگاکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسانە ئەوەیە کە بابەتی خراپ لە دژی ژنان قبوڵ نەکەیت، کە زیاتر و زیاتر لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا دەبیندرێت.