"بژی هاودەنگی ژنانی جیهان؛ نەخێر بۆ لەسێدارەدان"

سەبارەت بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، یەڵدا ئەحمەد دەڵێت: ڕژێمی ئیسلامی ئێران ترسێکی زۆری هەیە لە هۆشیاری خەڵک، بە تایبەتی ژنان و بە هەموو شێوەیەک هەر جۆرە دەنگێک کە لە بەردەمیان بەرز بکرێتەوە، سەرکوتی دەکات.

بەهاران لاهیب

 

کابول- یەڵدا ئەحمەد، دەروونناس و چالاکوانی مافی ژنانی ئەفغانی، سەبارەت بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی هاودەنگی خۆی بۆ ژنانی ئێران دەربڕی و نیشانیدا کە ئازاری هاوبەشی ژنانی ئەم دوو خاکەی بە ناوی ئیسلامەوە ڕووبەڕووی کوشتن و دەستدرێژی و هەزار و یەک تاوان دەبنەوە یەکە و بەناو دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ناوەندەکانی دیکەش بێدەنگن لە ئاست ئەو تاوانانەدا.

 

یەڵدا ئەحمەد لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: نا بۆ لە سێدارەدان، ڕژێمی سێدارەی شاهانەی ئێران لە درێژەدان بە سێدارە و کوشتنە بەردەوامەکانی، جارێکی دیکە بە دەرکردنی سزا دوو ژنی هۆشیار دەنێرێت بۆ کوشتن، ڕژێمی ئیسلامی ئێران ترسێکی زۆر بەهێزی هەیە لە هۆشیاری خەڵک، بە تایبەتی ژنان، بە هەموو شێوەیەکیش هەر جۆرە دەنگێک کە بە بیانووی جۆراوجۆر لەبەردەمیدا بەرز بکرێتەوە، سەرکوتی دەکات، بەڵام لە هەر شوێنێک ستەم هەبێت، بەرخۆدان هەیە، ئەم دروشمە لەلایەن ژنانی ئازا و بوێری ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە، ڕژێمی ئیسلامی ئێران چەند ژن و پیاو و منداڵ بکوژێت و لە سێدارە بدات، خەبات و بەرخۆدان لە دژی چەند هێندە دەبێت.

 

ئەو چالاکوانە هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ژنانی ئێران دەربڕی: "من یەڵدا ئەحمەد، پسپۆڕی دەروونناسی و خەڵکی ئەفغانستان، بە دەنگی بەرز ئەم ئازارە هاوبەشە دەهێنمە زمان و هاوسۆزی خۆم بۆ ژنانی شۆڕشگێڕی ئێران ڕادەگەیەنم، ژنانی وڵاتەکەم وەک ژنانی ئێران هەموو ڕۆژێک بە قێزەونترین شێوە لە زیندانەکانی جەهل و تیرۆری تاڵیباندا ئەشکەنجە دەدرێن، بەڵام هەموومان دەزانین ئەم خوێنانە بێ وەڵام نامێننەوە، ئەو ڕۆژەی کە وڵاتانی ئێران و ئەفغانستان لە ڕق و کینەی بناژۆخوازە ژنکوژ و نەزان و مرۆڤکوژەکان پاک بکرێنەوە، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە لە دادگای گەلدا دەدرێنە دادگا.

 

لە کۆتاییدا وتی: بە هیوای ڕۆژێکی وا، بژی هاودەنگی ژنان لە هەموو جیهاندا، بژی خەبات بۆ مافەکانی نەتەوەی ئێران، نا بۆ لەسێدارەدان، نا بۆ ڕژێمی ئیسلامی ئێران.