لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە هەڕەشە لە هونەرمەندان دەکرێت

گروپە سەلەفی و کۆنەپەرستەکان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان هەڕەشە لە چالاکوانان و هونەرمەندان دەکەن و ئاسەوار و شوێنەوارە هونەرییەکانی ناو شارەکان لەناو دەبەن.

نەسیم محەمەدخواهـ

 

بانە- گروپە توندڕەو و سەلەفییەکان، کە خاوەنی بیروباوەڕی ئایینی و سیاسی کۆنەپەرستن، شێوازی توندوتیژی بەکاردەهێنن بۆ بەرەوپێشبردن و پاراستنی بیروباوەڕەکەیان و ئەمەش بەرامبەر توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ئەنجام دەدەن کە خاوەنی بۆچوونی جیاوازن و ناکۆکن لەگەڵیاندا، لێرە باس لەو گروپە توندڕەوانە دەکەین کە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هێرش و ‌هەڕەشە دەکەنە سەر هونەر و پەیکەر و ئاسەوارە هونەرییەکان لەناو دەبەن.

 

سۆما ئەحمەدی (ناوی خوازراو)، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری بانە، سەبارەت بە گەشەکردن و هەڕەشەکانی گروپە سەلەفییەکان وتی: لە چەند ساڵی ڕابردوودا گروپە توندڕەو و سەلەفییەکان لە شارەکانی کوردستان گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، ئەم گروپانە لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ئاینی یان سیاسی خۆیان بە ئامانجی بەرزکردنەوە و ڕاکێشانی ئەندامی نوێ چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، زۆربەی ئەو گروپانە کەڵک لە کەسانێک وەردەگرن کە لە کۆمەڵگە دابڕاون و لە هەندێک مزگەوتدا لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا پێکهێنراون، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکەن و هێرش دەکەنە سەر هەموو جۆرە توخمێکی کولتووری و شوناسی، هەندێک جار بە بیانووی عەلمانی بوون هێرش دەکەنە سەر بەهاکانی شوناس لە کوردستان و پارتە سیاسییە کوردییەکان، ئەم گروپانە زۆرترین خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە.

 

هەروەها لەبارەی ئەزموونەکانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گروپانەدا وتی: ئەم گروپانە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەندێکجار بەهۆی جلوبەرگی ژنانەوە پشێوی لە شەقامەکان دروست دەکەن، ماوەیەکی زۆرە لە پەیجی تایبەتی خۆم لە ئینستاگرام کۆمێنت لەسەر پرسە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان دەکەم. لەم نێوەندەدا خەڵک نامەم بۆ دەنێرن یان تەنانەت بە قسەی کۆنەپەرستانە هەڕەشەم لێدەکەن، لە ساڵانی ڕابردوودا، لە کاتی شەڕی داعشدا گەنجێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتەوە چوومە ڕیزەکانی شەڕڤانانی کورد و بەرگرییان لە کوردستان دەکرد، بەڵام بەداخەوە هەندێک کەس لە ڕیزی توندڕەوەکاندا لە ڕێگەی تورکیاوە چوونە ناو داعش و تەحریر شام و گروپەکانی تر و ڕووبەڕووی کورد بوونەوە.

 

شلێر مورادی (ناوی خوازراو)، یەکێکە لە هونەرمەندان، باسی هەراسانکردنیان کرد و وتی: گروپە توندڕەو و سەلەفییەکان هەڕەشە لە هاوڵاتیانی شارەکانی کوردستان بەتایبەتی هونەرمەندانی نیگارکێش و پەیکەرتاش دەکەن و هەراسانیان دەکەن، من خۆم کە لە پەیجی ئینستاگرامەکەمدا بەرهەمەکانم بڵاودەکەمەوە، چەندین جار هەڕەشەم لێکراوە لەلایەن کەسانێکەوە کە دەمناسین یان لەڕێگەی پڕۆفایلی ساختەوە چوونەتە ناو پەیجەکەمەوە، بە کردنەوەی باسە کۆنەپەرستانەکانیان و لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیی خۆیانەوە، تەنانەت هەڕەشەیان لێکردم و نامەی هەڕەشەئامێزیان بۆ دەنووسیم کە تێیدا وەک لادەر و کافر و ... هتد ناویان دەهێنام.

 

گوڵاڵە بەهرامی (ناوی خوازراو)، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی، سەبارەت بە لەناوبردنی بەرهەمە هونەری و توخمەکانی ناو شار لەلایەن گروپە سەلەفییەکانەوە وتی: گروپە سەلەفییەکان بەردەوام هەوڵی لەناوبردنی بەرهەمە کولتووری و مێژووییەکان دەدەن، کە وەک بەشێکی جەوهەریی شوناس ناسراون لەلای خەڵکی شارەکان، بەڵام ئەو توخم و پەیکەرانەی لە پەیوەستن بە کۆماری ئیسلامی لە مەترسیی هێزە سەلەفییەکان پارێزراون، لە ماوەیەکی ڕابردوودا ئەبوبەکر پیران یەکێک لە پەیکەرتاشەکانی شاری بانە لەلایەن گروپە سەلەفیەکانەوە هەڕەشەی لێکرا، دوا ئاگاداری" و "بتپەرستی قەدەغە" لەسەر شوێنی کارەکەی نووسرابوو، دوای ئەوە کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی لە شوێنی کارەکەی کۆبوونەوە و دروشمەکانی "هونەرمەندان سەرمایەی گەلەکەمانن"، "هونەر هێمای جوانییە"، "کاردانەوە هیچ جێگایەکی لە کوردستاندا نییە"یان لە شوێنی نووسینە هەڕەشەئامێزەکانیان دانا، بەمەش پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو هونەرمەندە هەڕەشەلێکراوە ڕاگەیاند.

 

گەشەی گروپە توندڕەوەکان و چالاکییەکانیان لە شارەکانی کوردستان وەک هەڕەشە دەتوانێ لە درێژخایەندا ببێت بە هەڕەشە بۆ سەر ئازادی و پێشکەوتنی کۆمەڵگە، ئەم مەترسیانە بە تایبەتی بۆ ژنان جێگەی هەڵوێستن، چونکە گروپە سەلەفییەکان وەک پێشەنگی ژنکوژی کاردەکەن.