فەرشا، گەڕیدەیەکی ئازادی لەناو سروشتدا

فەرشا تالبی، گەڕیدەیەکی ناو سروشتە و تەمەنی ٥٤ ساڵە، توانیویەتی ژیانێکی سەربەخۆ بۆخۆی بنیادبنێت و وەک ژنێکی بێ ترس بەدوای خەونەکانیدا دەگەڕێت.

دیلان محەمەدی

 

مهاباد- فەرشا تالبی، گەشتیار و وێنەگرێکی سروشتە و گەشت بۆ شوێنە جیاوازەکان دەکات و چەندین لوتکەی کردووە، هەرچەندە لەم ڕێگەیەدا هاوکارێکی نییە، بەڵام سوورە لەسەر ئەنجامدانی کارەکەی و خۆشەویستی و حەزی بۆ کارەکەی وایلێدەکات بەردەوام و بەهێز بێت، گرفت و کۆسپەکان لەبەردەم ژیانی فەرشادا حەزی ئەوی بۆ کارەکەی کەم نەکردووەتەوە، بەڵکو ئەو ویستەی هەیەتی پاڵنەریەتی تا تێکۆشان بۆ داهاتوویەکی باشتر بکات و نمونەیەکە بۆ کەسانی دوای خۆی.

 

فەرشا تالبی لەبارەی خۆیەوە دەڵێت: من تەمەنم ٥٤ ساڵە، سێ کوڕم هەیە گەورەبوون و ژیانی سەربەخۆی خۆیان هەیە، بەر لە ١٢ ساڵ لە ئەسفەهان ژیام و دەستم بە شاخەوانی کرد، چوومە ناو سروشت و وایلێکردم بەردەوام بم و حەزم بۆ بەردەوامیدان بە تێکەڵبوون لەگەڵ سروشتدا هەبێت.
 

فەرشا لەبارەی سروشتەوە دەڵێت: من وەک گەشتیارێکی سەربەخۆ کار دەکەم و حەزم لە پیشەکەمە. لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی پەڕەی گەشتیاری سروشت، تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ ژنانی گەشتیاران گۆڕاوە، لە هەندێک شوێن هێشتا بوونی گەشتیارێکی ژن قبووڵ نەکراوە، ئەمە یەکێکە لە کێشەکانی ژنانی گەشتیاری سروشت، هەندێکجار شەومانەوە پێویستە تا وێنەبگرم، بەڵام ڕێگە بە ژنان نادرێت و ناتوانین وەک پیاوان بمێنینەوە و لە شەودا کارەکانمان بکەین، هەروەها کێشەی تێچووی دابینکردنی دارایی گەشتەکانمان هەیە.