ساز بابانی خولیاکانی کردوویەتی بە وێنەگری سەرشەقام

ساز بابانی، لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا بووەتە خاوەن کامێرای خۆی و خولیای بۆ وێنەگرتن دروستبووە، ئێستا یەکێکە لە وێنەگرانی سەرشەقام.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- وێنەگری شێوازێکی هونەرییە، ئیلهامێکە بۆ داهێنان و بەرجەستە کردنی سۆز، لەبەر ئەوەی مشتوومڕ هەبووە لەسەر ئەوەی کە ئایا وێنەگری هونەر بێت یاخود نا، لەبەرئەوە دەستەواژەکەیان گۆڕیوە و لە ئێستادا بەهۆی پڕۆسە تەکنیکیەکەوە بە زانست هەژمار دەکرێت. وێنەگری چەندین جۆر و لقی لێ دەبێتەوە، بەناوبانگترینیان پۆڕترەیت فۆتۆگرافیە، بەڵام گرنگترینیان وێنەگری سەر شەقامە.

 

وێنەگری سەرشەقام، چرکاندنی ژیانە، دەرخستنی ڕاستیەکانە بە جوانی و ناشرینیەوە، زۆربەی ئەو شتانەی کە لە ڕووی ستایل و بابەتییەوە وەک وێنەگرتنی یەکلاکەرەوەی سەرشەقامەکان سەیر دەکرێن، لە سەردەمی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا تا کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دروستکراون، قۆناغێک کە کامێرای گەورە سەریهەڵدا کە فۆتۆگرافی ڕاشکاوانە لە شوێنی گشتیدا بتوانێت وێنە بگرێت.

 

سارا ئان بڕایت، یەکەمین ژنە وێنەگری مێژووە، خاوەنی کۆنترین وێنەی دۆزراوەی ژنێکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٩، بەڵام ڤیڤیان مایەر یەکەم ژنە وێنەگری سەر شەقام بووە کە لە ساڵی ١٩٤٩ دەستی کردووە بە کاری وێنەگری، پاش مردنی دەرکەوتووە کە زیاتر لە ١٥٠ هەزار وێنەی چرکاندووە بە درێژایی ژیانی، شایەنی باسیشە ڤیڤیان ژنێکی سۆشیالیست و فێمینیست و ڕەخنەگر بووە لە بواری سینەمادا.

 

ساز یەکێکە لەو گەنجانەی وێنەگری سەر شەقامە

ساز بابانی، وێنەگری سەرشەقام، وێنەکێش و لە پاڵ ئەوەشدا خوێندکاری کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتووکاڵیەکان- بەشی زانستی ئاژەڵە، گەنجێکی خەڵکی شاری سلێمانیە کە هەر لە تەمەنی منداڵیەوە سۆزێکی زۆری هەبووە بۆ کاری وێنەگری و کامێرا، لە تەمەنی هەرزەکاریدا وردە وردە ئاشنا بووە بە کاری وێنەگری سەر شەقام و مێژوویەک و وەچەرخانێکی بۆ کورد لە وێنەگریدا هێناوەتە بوون. ئەم وێنەگرە، چەندین کاری سەربەخۆی ئەنجام داوە لە شەقامەکان و لەناو کۆڵانە دێرینەکانی شاری سلێمانیدا و لەگەڵ ئەوەشدا لە هەر شوێنێک بێت کۆمەڵێک وێنەی زیندووی مەزنی چرکاندووە، ساز مێژوو دەئافرێنێت و داهاتوو گەش دەکات بۆ خۆی و مێژووی وێنەگری نیشتیمانەکەی، لێرەشەوە ساز باس لە کاری وێنەگری سەرشەقام و ئەزموونە تایبەتیەکانی خۆی دەکات.

 

ساز بابانی دەڵێت: بەلای منەوە وێنەگری سەر شەقام، زیندووترین شێوازی وێنەگرتنە، چونکە تۆ لە ماوەیەکی کەمدا دەبێت ئەو دەرفەتە بڕەخسێنیت، کە ئەو چرکەساتە لە جیهانی ماتریاڵ داببڕێنیت، بەبێ ئەوەی ژیان لە وێنەکە بسەنیتەوە، بە پێچەوانەوە دەبێت ژیانیشی پێ ببەخشیت، وە تەواوی باروودۆخەکە و چیرۆکەکەی لەو ساتەدا بەرچاوی وێنەگر دەکەوێت، بتوانم بیگوازمەوە و تۆماری بکەم و هەروەها ئەرشیفیشی بکەم.

 

"گرنگە چیرۆک لە وێنە نەسەنینەوە"

ساز بابانی، تەمەنی تەنها ١٣ ساڵان بووە کە یەکەم جار بووەتە خاوەنی کامێرای خۆی، هەر لە پێش ئەوەشەوە پەنجەکانی بەر دوگمەی کامێرا کەوتوون و یەکەمین وێنەکانی خۆی لە تەمەنێکی نادیار و بچووکدا تۆمار کردووە، وەک خۆی دەڵێت: یەکەم بەرکەوتەم لەگەڵ کامێرادا، لە ڕێگای باوکمەوە بوو، کە زۆر زۆر منداڵ بووین باوکم دوو کامێرای هەبوو، هەم ئەو کامێرایەی بە کاسێت کاری دەکرد هەم کامێرای فیلم کە بۆ وێنەگرتن بەکاری دەهێنا، هەر کاتێک گەشت و شاخەوانی یان کۆبوونەوەیەکمان دەکرد، باوکم هەردوو کامێراکەی لەگەڵ خۆی دەهێنا، هەوڵی دەدا زۆرترین چرکە تۆمار بکات، دواتریش لە ماڵەوە کاسێتەکانمان لێدەدایەوە، زۆر ئیلهام بەخش بووە بۆ من.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکی ٧ ساڵ بەر لە ئێستا، یەکەم کامێرای خۆم هاتە دەستم، کە ئێستاش بەکاری دەهێنم و زۆر تایبەتە لەلام، چونکە دیاری باوکمە. لە ماوەی ئەو ٧ ساڵەدا، سەرەتا پەیوەندیم زۆر زۆر باش نەبوو لەگەڵ کامێرا، چونکە بە گوێرەی پێویست شارەزاییم نەبوو، کەسم نەدەناسی کە بە پێی شێوازی سەردەمی بتوانێت زانیاری تەواوم بداتێ لەسەر کامێرا و چۆنێتی بەکارهێنانی و وێنەگرتن، لە ساڵەکانی سەرەتادا بۆ ئەو گەشتانەی دەچووم کامێراکەم لەگەڵ خۆم دەبرد و وێنەم دەگرت، وە دواتر نزیکی ٤ ساڵ لەمەوبەر هاوڕێیەکم ناسی، کە بەهەمان شێوە کامێرای هەبوو، وێنەی سەر شەقامی دەگرت، هەر ئەویش هاندەر بوو بۆ من کە بەردەوام پێی دەوتم کە وێنەی سەر شەقام بگرم. لە وێنەگری سەر شەقامیشدا، زۆر گرنگە وێنەگر، وێنەکە دەچرکێنیت و چوارچێوەیەکی پێ دەبەخشیت، چیرۆکی لێ نەسەنیتەوە، یاخود ژانەرە دیاریکراوەکەی خۆی لێ نەسەنیتەوە وە ژیانی لێ نەسەنیتەوە، پێم وابێت ئەوە گەورەترین ئەرکی وێنەگرە، بە پێچەوانەوە هەوڵی زیاتر دەرخستنی چیرۆکی ناو وێنەکە بدات و پشانی بینەری بدات، بە بەکارهێنانی کەمترین وشە بۆ ئەوەی وێنەکە خۆی بدوێت.

 

"ژنانی وێنەگر هێشتا ناتوانن بە تەواوەتی ئاسوودە بن لە وێنەگرتنی سەر شەقام"

ساز بابانی، ڕوونی کردەوە کە، ناتوانین بە تەواوی بڕیار بدەین زیاد لە پێویست دەستکاری کردنی وێنە شتێکی تازەیە، یاخود کۆنە، چونکە لە هەندێک جێ کەم بووەتەوە و لە هەندێک جێ زیادی کردووە، زۆر دەستکاری کردنی وێنەش کوشتنی چرکەساتەکەیە، من کەمترین دەستکاری کردن لە وێنەکانمدا هەیە، پێم خۆشە وێنەکە و چوارچێوەکەی خۆی چۆن بوو بەو جۆرە بێت،  وێنەکانی منیش زیاتر سروشتین، کەمترین وێنەم هەیە پلان بۆ داڕێژراو بێت. وێنەی سروشتیش هەم خۆشە هەم ناخۆشە، هەم باشی خۆی هەیە و هەم ناخۆشی خۆی هەیە، خۆشیەکەی ئەوەیە کە چرکە ساتێک تۆمار دەکەیت کە دوبارەبوونەوەی نییە، ناخۆشیەکەشی ئەوەیە کە گەر لەو کاتەدا کامێراکەت ئامادە نەبێت و فریا نەکەویت لە دەستت دەچێت.

 

ساز بابانی، دەربارەی وێنە ڕەش و سپیەکانی دەڵێت: ڕەخنەیەکی زۆرم تووش دەبێتەوە لەسەریان، پێم دەڵێن کە هێشتا لە زەمانی کۆندا ماومەتەوە و وێنەی ڕەش و سپی دەگرم، وێنەی ڕەش و سپی زەحمەتترە، دەبێت زۆرترین کات لە ساتی وێنەگرتنەکەدا کار بکەیت، وە هەموو وردەکاریەکانی پێش گرتنی وێنەکە جێگیر بکەیت، هەروەها نۆستالژیایەکی جوانتر لە خۆدەگرێت، چونکە ڕەنگ لە وێنەکە دەسەنیتەوە، بەڵام دەبێت کار بکەیت بۆ ئەوەی ژیانی لێ نەسەنیتەوە و هێشتا خاوەنی چیرۆکەکەی بێت.

 

ساز بابانی باس لەوەش دەکات، ژنانی وێنەگر هێشتا ناتوانن بە تەواوی ئاسوودە بن لە وێنەگرتنی سەرشەقام، وە جیاوازیەک و بەراوردێکی زۆر بەدی دەکرێت لە نێوان وێنەگری پیاو و ژندا، بە جۆرێک کە دەرفەت بۆ پیاو زۆر زیاترە وەک لە ژن، لەگەڵ ئەوەشدا، وێنەگر هەم ئەرکی وێنەگری هەیە و هەم ئەرکی ئەخلاقی، بۆیە هەندێک جار کارکردن زۆر قورس دەبێت، چونکە دەبێت لە نێوان ئەو دوو بەهایەدا هەڵبژاردن بکەیت.

 

لە کۆتاییشدا وتی: زیرەکی دەستکرد زەرەرێکی زۆری لە مرۆڤایەتی داوە و مرۆڤی لە مرۆڤ بوون خستووە، ڕەنجی هونەرمەندانیش ڕەت دەکاتەوە، کەم کردنەوەی مرۆڤیشە.