ژنان لە ورمێ بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان خەبات دەکەن

ژنێکی گەنجێکی ئەرمەنی خەڵکی ورمێ دەڵێت: پەیامی من بۆ هەموو ژنان ئەوەیە، کە هەر شتێک دەسەپێنرێت ئەوە نییە کە لە ڕاستیدا دەبێت بوونی هەبێت، شۆڕشی ژینا نیشانی داین کە ڕێگای ئازادی بە پرچی ژندا تێدەپەڕێت.

لارا گەوهەری

 

ورمێ- ٨ی ئادار، ئەو ڕۆژەیە کە ژنانی جیهان بەبێ گوێدانە جیاوازییە فیکری و ئایدۆلۆژی و ڕەگەزییەکان گرنگی بە دەسکەوت و سەرکەوتنەکانی خەباتیان دەدەن، تێکۆشانی ژنان بەپێی کولتوور و دۆخی باوی ئەو کولتوورە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و ئەم جیاوازییە دەبێتە هۆی جیاوازی لە خەباتەکاندا، بەڵام ئەوەی هەیە کەشێکی هەمیشەیی خەباتە بۆ ژنان دژ بە پیاوسالاری و کولتووری ژنکوژی زاڵ.

 

هەرچەندە شاری ورمێ ناوەندی ئیدارەی پارێزگاکەیە، بەڵام گەشەی شارنشینی لە ناوچە کوردنشینەکان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە جیاوازە، شارەکە پەراوێزخراوە و ڕێژەی توندوتیژی و ژنکوژی لەو ناوچانە زیاترە، داپۆشراون. چالاکی لەو بوارانە سنووردارە و بۆ ئێستاش حوکمڕانی مەدەنی لایەنێکی ئەمنی هەیە، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژنانی خاوەن بەهرەیەکی گەورە هاتوونەتە ناو بوارەکەوە و هەنگاوی بچووک بەڵام کاریگەریان ناوە.

 

"دەستبەرداری نووسین و چالاکییەکانم نابم"

هانیە قادری خەڵکی سیلوانایە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستە سیاسییەکان و چالاکوانی ژنانە، دەڵێت: ڕۆژی ٨ی ئادار پیرۆزبایی لە هەموو ئەو ژنانە دەکەم کە ئازادییان دەوێت، بەتایبەتی ژنانی پەراوێزخراوی کرمانجی ورمێ، ئەو ژنانەی بەنهێنی بەرگەی زوڵم و ستەمی حکومەت و دابونەریتی نادروست دەگرن، بەڵام ئیرادەیان لەدەست نەچووە و ئێستاش خەبات دەکەن. دۆخی ژنان لەو ناوچانە زۆر باش نییە، چونکە لێرە چالاکییە مەدەنییەکان قەتیسکراون، دوو ساڵە هاوسەرگیریم کردووە، هەرچەندە نووسەرم، بەڵام مافی ئەوەم نییە بە تەنیا بچمە سەر شەقام، هاوژینەکەم سێ مانگە ڕێگەم پێنادات بچمەوە ماڵی باوکم چونکە ناتوانین خانوویەکی سەربەخۆم بۆ دابین بکات و بۆ من قورس بوو لەگەڵ چەند خێزانێک بژیم، ڕۆژێک کە لەچکەکەم لە سەرم کەوتە خوارەوە، زاواکەمان زۆر بە توندی شەقێکی لێدام و بێدەنگ بووم، چونکە کەس مافم پێنادات، بەم دواییە دووگیان بووم و بەهۆی منداڵەکەمەوە درێژە بەم ژیانە دەدەم، بەڵام واز لە نووسین و شەڕکردن ناهێنم و دژی ئەم حکومەتە دژە فێمینیستە کاردەکەم، چونکە ژنان ئازاد نابن تا حکومەتێکی دیموکراسی نەیەتە سەر دەسەڵات.

 

 

فەیقە خەڵکی ورمێیە، سەبارەت بە دەستکەوتەکانی لە بواری خەباتدا دەڵێت: لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بەبێ ئەوەی بمەوێت هاوسەرگیریم کرد، دیسانەوە کە تەمەنم ١٨ ساڵ بوو، بێ ئەوەی بمەوێت منداڵم بوو، لە کولتوری ئێمەدا شتێک نییە بە ناوی جیابوونەوە، هاوژینەکەم تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا بوو و تەنانەت دوو جار پەتێکی لە ملی دانا خۆی بخنکێنێت، لەو ماڵەدا ژیانم لە مەترسیدا بوو، خێزانەکەم سەرەڕای زانینی ئەم بابەتە و ڕەزامەندی پزیشک پشتگیری جیابوونەوەمیان نەکرد و تەنانەت هەڕەشەی ژیانیشیان لێکردم. بەڵام من جیابوونەوە، کاتێکیش باسی جیابوونەوە دەکەم، لە ڕوانگەی ئەوانەوە واتای ئەوەیە کە من شتێکی زۆر ناشیرینم کردووە! هەرچەندە چوار ساڵە لە خێزانەکەم دابڕاوم و کچەکەمم نەبینیوە، بەڵام هێشتا لە بڕیارەکەم ڕازیم، کچەکەم فێر دەکەم بەرەوڕوو ببێتەوە، تەنها لەبەر ئەوەی ژنە! ژنانی کورد بە تایبەت لە ورمێ ڕووبەڕووی دۆخێکی قورس دەبنەوە، ڕێگەیان پێنادرێت وەک مرۆڤێکی ئازاد بژین. پەیامی من بۆ هەموو ژنان ەوەیە سەرەتا خۆتان خۆشبوێت و خەبات بۆ مافەکانتان بکەن،  ئازادی خۆت بە هیچ شتێک مەگۆڕەوە، بخوێنە و کار بکە و فێربە و مەهێڵە پیاوسالاری ڕاستەوخۆ هەموو شتێکت لێبسەنێتەوە.

 

ئەلیترا، ژنێکی گەنجی ئەرمەنی خەڵکی ورمێ، وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی ژنان، دەڵێت: وەک ژنێک کە بە کەمینەی ئایینی دادەنرێم، بەرگەی چەندین سەختیم گرتووە، بەڵام هەرگیز لە هەوڵدانم نەوەستاوم. پەیامم بۆ هەموو ژنێک کە هەر بیروباوەڕییەکیان هەیە، ئەوەیە، دەسەڵات ئەوەی دەیسەپێنێت، ئەوە نییە کە دەبێت لە راستیدا هەبێت، شۆڕشی ژینا نیشانی داین کە ڕێگای ئازادی بە قژی ژندا تێدەپەڕێت، ئێستا کە سەدان کەس لەپێناو ئازادی ژنان گیانیان لەدەستداوە یان لە زینداندان، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە کە نەهێڵین شوێنەکەیان چۆڵ بێت و نەهێڵین کۆماری ئیسلامی وا بیر بکاتەوە کە دەنگی خواستی ئێمە بۆ ئازادی ناچێتە هیچ شوێنێک، چونکە ئەمە هاواری ژن، ژیان، ئازادییە کە هەمووان دەیبیستن.