دانیشتووانی کۆبانێ لە ڕێگەی هەڵمەتی "سبەی باشترە" پشتیوانی دانیشتوانی سوەیدا دەکەن

لە پێناو باوەڕبوون بە سەربەخۆیی سووریا و یەکگرتوویی چارەنووس بۆ هەموو پێکهاتە و گروپە سوورییەکان و بە دووپاتکردنەوەی هاودەنگی گەلی سووریا لە بەرامبەر نادادپەروەری و سەختی و ئاڵەنگاریەکاندا، دەستپێشخەریی "سبەی باشترە" لە شاری کۆبانێیەوە دەستیپێکرد.

نورشان عەبدی


کۆبانێ – کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران، پارێزەران، چالاکوانانی سەربەخۆ، هونەرمەندان لە شاری کۆبانێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڕیاریاندا دەستپێشخەرییەکی مرۆیی لە شێوەی هەڵمەتێک بە ناوی "سبەی باشترە" دەستپێبکەن بە ئامانجی پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ هاوڵاتیانی سوەیدا بەتایبەتی منداڵان و ژنان.

 

بە ڕۆشنایی ڕووداو و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا، کۆمەڵگەی دروزەکان لە شاری سوەیدا لە باشووری سووریا لە ١٣ی تەمووزەوە لە لایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە جیهادییەکانی هەتەشە بە ناو "ئاسایشی گشتی" تووشی هێرش و پێشێلکاریی زۆر بوون.


لە کاتی هێرشەکاندا چەندین کۆمەڵکوژی بە شێوەیەکی دڕندانە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامدرا کە بنەما مرۆییەکانی پێشێل دەکرد، ئەم کۆمەڵکوژییانە درێژەپێدەری ئەو کۆمەڵکوژییانەیە کە لە کەناراوەکانی سووریا لەدژی گەلی عەلەوی ئەنجامدراون، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە سەرلێشێواو و ئاڵەنگاری لە پڕۆسەی ئاشتی لە وڵاتدا دادەنرێت، هەروەها کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان و منداڵان هەبووە کە ڕووبەڕووی گەمارۆ و کەمیی پێداویستییە سەرەتاییەکان بوونەتەوە.

 

هەڵمەتی پشتیوانی لە هاوڵاتیانی سوەیدا

هاوڵاتیانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دووپاتی دەکەنەوە کە پشتیوانی ڕاستەقینەی هەموو گەلی سووریان، زۆرێک لە دامەزراوە و کەسایەتییە سەربەخۆکان دەستپێشخەرییان کردووە بۆ ڕاگەیاندنی ڕەتکردنەوەی هێرشەکان، ڕۆژی ٢١ی تەمووز، ڕۆشنبیرانی شاری کۆبانێ هەڵمەتی "سبەی باشترە"یان بۆ پشتیوانی و یەکخستنی گەلی سووریا دەستپێکرد، هەروەها ئەم هەڵمەتە کۆکردنەوەی پارە لەخۆدەگرێت بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی منداڵان، دیارترینیان شیری کۆرپە.

 

لەیلا عەبدی، پەیامنێری تەلەفزیۆنی ڕۆناهی لە کۆبانێ و بەشداربووی هەڵمەتەکە وتی: ئێمە بەدواداچوونمان بۆ ئەو شتانە کرد کە لە باشووری سووریا ڕوویدا، بەتایبەتی لە سوەیدا، کە یادەوەرییەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە زۆرانەی لە سەرانسەری سووریادا هێنایەوە کە لەلایەن حکومەتی کاتیەوە لە کەناراوەکان دژی پێکهاتەی عەلەوییەکان ئەنجامدرا، هەروەها ئەو کۆمەڵکوژی و گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە سوەیدا شایەتحاڵی بووین، ئەمەش سەلمێنەری دڕندەیی ئەو کاتەی حکومەتە، جگە لە کۆمەڵێک کەس کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەندامی خێڵەکانی سووریان.

 

دووپاتی کردەوە کە ئەم دیمەنانە بەڕاستی دڵتەزێنە، هەست بەو شتە دەکەین کە هاوڵاتیانی سوەیدا هەستی پێدەکەن، ئێمە تووشی هێرش و پێشێلکاری و کۆمەڵکوژیی زۆر بووین لەلایەن چەتەکانی داعش و تورکیای داگیرکەرەوە و لەڕێگەی کارەکانمەوە لە ڕاگەیاندنیەکان، شاهیدی کوشتنی زۆرێک لە دایک و منداڵ بووین.

 

ئامانجی ئێمە سیاسی نییە

وتی: لەم هەست و بنەمایە، ئێمە وەک سووریەکان ئەمڕۆ هاوبەشی ئازارەکانی هاوڵاتیانی سوەیداین، بۆیە ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک پیشەیی ڕاگەیاندنی و پارێزەران و چالاکوانی مەدەنی و هونەری لە شاری کۆبانێ بڕیارماندا هەڵمەتێهک بەناونیشانی "سبەی باشترە" بۆ هەموو سوریەکان دەستپێبکەین، ئێمە پێمان وایە سبەی باشتر و جوانترە دەبێت بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا گەمارۆدانی سوەیدا و ناردنی بڕە پارەیەک بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، بەتایبەتی شیری منداڵان، ئەمەش لەگەڵ هاوکارییە مرۆییەکان دەبێت کە لەلایەن خۆبەڕێوبەرییەوە دەنێردرێت.

 

لەیلا عەبدی ستایشی هاودەنگیی هاوڵاتیانی کۆبانێ و کارلێککردنیان لەگەڵ هەڵمەتەکەدا کرد. وتی: سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی ژیان و گرانی نرخ کە هاوڵاتیانی سووریا بەگشتی و کۆبانێ بەتایبەتی تووشی دەبن، ئەوەی لە توانایاندایە بۆ ئەو منداڵانەی پێویستیان بە شیر هەیە دەیکەن، بە ئامانجی ڕزگارکردنی ژیانی منداڵەکانی سوەیدا، ئێمە بەرپرسیارێتی پاڵپشتیکردنی منداڵەکانی سوەیدامان لە ئەستۆ گرتووە کە بە ئارامی چاوەڕوانی شیرن، هەڵمەتەکەمان بۆ ناوچە جیاجیاکانی سووریا بڵاوبووەتەوە، هاوکاری لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت هەڵمەتەکە فراوانتر بکەن و سندوقەکان دابنێن بۆ پشتگیریکردنی هاوڵاتیانی سوەیدا بە باشترین شێوە، ئێمە هەڵمەتەکە فراوانتر دەکەین بۆ ئەوەی هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بگرێتەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە شاری کۆبانێ سێ سندوقی بەخشین هەیە: یەکێکیان بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە گۆڕەپانی ئازادیدایە، دووەم و سێیەمیشیان لە دوکانە جۆراوجۆرەکاندایە، ئەم دوو سندوقە مۆبایلن و دوو ڕۆژ جارێک شوێنەکەیان دەگۆڕن. شوێنەکان لە تۆڕی کۆمەڵەیەتی ڕادەگەیەنێن، وتی: هەموو ئێوارەیەک سندوقەکان دەبەینە دەرەوە بۆ گۆڕەپان و شەقامە ناسراوەکان، وەک گۆڕەپانی ژنانی ئازاد و گۆڕەپانی ئاشتی و ئازادی، هەروەها هونەرمەندان بە شێوازی خۆیان بە پێشکەشکردنی نمایشی میوزیک و ژەنینی ئامێرەکان لەم هەڵمەتەدا بەشدارن، ئەمەش بە پاڵپشتییان بۆ هاوڵتیانی سوەیدا و لایەنێکی دیکەی هەوڵەکانمان بۆ هەڵمەتەکە دادەنرێت.


"ئازاری دروزەکان ئازاری کوردە"
لەیلا عەبدی، ڕۆژنامەنووس هیوادارە ئامانجی هەڵمەتەکە بگات: هیوادارین بڕە پارەیەکی زۆر کۆبکەینەوە بۆ دابینکردنی بڕێکی پێویست شیر بۆ منداڵان، ڕزگارکردنیان لەو مردن و برسێتییەی کە لە ئەنجامی ئەو گەمارۆیەی بەسەر شارەکەدا سەپێنراوە چاوەڕێیان دەکات.

 

جەختی لەسەر پێویستی ژنان کردەوە کە لە هەر شوێنێک بن پشتگیری ژنان بکەن، وتی: هەستمان لەگەڵ هاوڵاتیانی سوەیدایە کە تووشی پێشێلکاری و هەوڵی زەلیلکردن و سووکایەتیکردنیان دراوە، بە هاوسۆزی لەگەڵ ئەو کەسانەدا وەستاوین کە موڵکەکانیان دزراوە و تاڵان کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەستەکە جیاواز دەمێنێتەوە کاتێک دەبینین ژنێک یان منداڵێک تووشی توندوتیژی و پێشێلکاری و ئەشکەنجەدان بووە.

 

پێیوایە سەرەڕای جیاوازی جوگرافیا، شار، شوێن، کولتوور، پێکهاتە و نەتەوە، ژنان هێشتا هەست بە ژن بوون دەکەن، لەم ڕوانگەیەوە ئەم هەڵمەتەمان تەرخان کردووە بۆ دایکان و منداڵان، دایکانی شیردەر هەن کە شیرەکەیان بەهۆی ترسەوە وشک بووەتەوە، لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکەمانەوە پشتگیری دایکانی کۆمەڵگەی دروز دەکەین.

 

لەیلا عەبدی، ڕۆژنامەنووس ڕوونی کردەوە، هەڵمەتەکەمان هیچ ئامانجێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکی پاڵپشتی و هاوکاریکردنی منداڵان و ژنانی سوەیدایە، تەنانەت ئەگەر تەنیا شتێکی بچووکیش بێت، لە ڕوانگەی ئەخلاقیەوە لە ڕێگەی هەڵمەتەکەمانەوە دووپاتی دەکەینەوە کە هەموومان سوورین و یەک گەلین، پەیامێک لەم پلاتفۆرمەوە بۆ ژنانی سوەیدا دەنێرین کە ئازاری ژنانی دروزیش ئازاری ژنانی کوردە، چونکە ژنانی کوردیش بەهەمان شێوە لە شوێنی ژنانی سوەیدا دا بوون، ڕفێنراون و کۆیلەکراون و کوژراون لەلایەن چەتەکانی داعشەوە، ئەمڕۆ زانیاری هەیە لەسەر بوونی پاشماوەکانی داعش لە بەرەکانی سویدا ئەمەش بەو واتایەیە کە ئازار و کارەساتێکی هاوبەش هەیە، هەروەها بەرخۆدانێکی هاوبەش هەیە کە ژنانی سوەیدا نوێنەرایەتی دەکەن کە چەک هەڵدەگرن بۆ پاراستنی شارەکەیان.

 

لەیلا عەبدی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، تا دەتوانین لە ڕووی سۆزداری و ئەخلاقییەوە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنیان، لە ڕێگەی هەڵمەتی سبەی مرۆڤایەتی باشترە، ئێمە هاوڵاتیانی کۆبانێ پشتیوانی خۆمان بۆ کۆمەڵگەی دروز لە سوەیدا ڕادەگەیەنین.