ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت... ئاستەنگەکان و دەرفەتەکان

ئەو کەسانەی کە خاوەن پیداویستی تایبەتن ڕووبەڕووی ڕاستییەکی سەخت دەبنەوە و ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- ئازارەکانی ژنانی خاوەن پیداویستی تایبەت گەورەیە و ڕووبەڕووی پێشیلی مافی تەندروستی و زاوزێکردن و کۆمەڵێک پێشێلی دیکە دەبنەوە لە ژیانیاندا، هەروەها کێشە هەیە لە دیاریکردنی ڕێژەی دەستدرێژی زایەندی کە لەوانەیە ڕووبەڕوویان ببێتەوە، چونکە زۆربەیان ناتوانن ئەوە ئاشکرا بکەن کە بەسەریاندا دێت.

 

گرفتی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت شتێکە کە حکومەتی میسر سەرنجی لەسەر دەدات وەک بەشێک لە دۆسیەیەک کە لەم دواییانەدا لە ئەولەویەتی کارکردندا داندراوە و ئامانجی تێکەڵکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە کۆمەڵگەیە و ڕێگریکردن لە پەراوێزخستنیان بە هەر شێوەیەک بێت، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکان پێویستە، بەتایبەتی دابینکەرانی خزمەتگوزاری ڕاهێنان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان لە دامەزراوە پزیشکیەکاندا، هەروەها هۆشیارکردنەوەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەربارەی سنووری جەستەیی بۆ ئەوەی بتوانن هەر پێشێلکارییەک ڕەت بکەنەوە کە لەوانەیە تووشیان ببێت.

 

دەستنیشانکردنی سەرەتا بۆ دۆزینەوەی خاوەن پێداویستی تایبەت

دەستنیشانکردنی زووی خاوەن پیداویستی تایبەت یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکان کە یارمەتی خێزانەکان دەدات بۆ چاککردنەوەی منداڵەکانیان و پەرەپێدانی شارەزاییەکانیان و چوون بۆ لای پسپۆڕان کە پێویستە و لە ڕاستیدا ڕێڕەوی حاڵەتەکە دەگۆڕێت لە هەندێک جۆریدا.

 

شادن موعتز، بەڕێوەبەری پڕۆژەی دامەزراوەی شەمسیە بۆ سیستمی تەندروستی وتی: زوو دەستنیشانکردنی خاوەن پیداویستی تایبەت پێویستە و گرنگە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا، وەزارەتەکانی تەندروستی و هاوکاری خزمەتگوزارییان دابین کردووە بۆ ئەو کەسانەی کە خاوەن پیداویستی تایبەتن بۆ پشتگیریکردنیان و تێکەڵکردنیان بە شێوەیەکی دروست لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوخۆدا ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە سنوردارکردنی مافەکانیان.

 

جەختی لەوە کردەوە لە دامەزراوەکە پڕۆژەیەکیان لەگەڵ وەزارەتی هاوکاریدا جێبەجێ کردووە بۆ دروستکردنی ئامرازێک کە تێگەیشتن و هۆشیاری منداڵان لە ساڵانی سەرەتادا پێوانە بکات، بۆ ئەوەی بزانن ئایا منداڵان کێشەیان هەیە لە قۆناغێکی پێشکەوتووی ژیاندا یان نا، بۆ ئەوەی لەلایەن دایک و باوک و پسپۆڕانەوە چاک بکرێتەوە و خزمەتگوزاری بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت وەربگرن.

 

تەندروستی زایەندی و زاوزێی ژنان پێویستی بە هەوڵ و لێکۆڵینەوەی قووڵ هەیە

شادن موعتز ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پلاندانانی خێزانی ژنان، چەندین دۆسیە هەن کە هێشتا پێویستیان بە سەرنج و ڕەچاوکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە.

 

ڕوونیکردەوە کە چوونەژوورەوە بۆ یەکە تەندروستییەکان و یەکەی پزیشکی خێزان پێویستە ڕامپ دابنێن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بە کورسی تایبەت دەجوڵێنەوە بتوانن بچنە ناوی وەک دەستپێکێک بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری، ئەمەش دەبێتە هۆی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

 

وتیشی: پێویستە بە قووڵی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەر و داهێنەرانە کە پێویستی بە سەرنجدان هەیە بۆ بیرکردنەوەی داهێنەرانە کە دەبێتە هۆی چارەسەری ڕاستەقینە بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر ژمارە و ئامارەکان بکرێت، بۆ چارەسەرو دابینکردنی خزمەتگوزاری.

 

ڕاهێنان بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و خێزانەکانیان

ماجیدە سلێمان، بەڕێوەبەری بەرنامەی تەندروستی و مافەکانی زاوزێکردن لە دامەزراوەی هاریکاری یاسایی ژنانی میسر جەختی لەوە کردەوە، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەو گروپانەن کە زۆرترین مافەکانیان پێشێل دەکرێت بۆ زانیاری و پاراستن، جگە لەو دەستدرێژی و چەوساندنەوە زایەندیانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان بەشێک لە هۆشیارییان بۆ قوتابیان لە قوتابخانەکاندا ئاڕاستە کردووە بە شێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ تێگەیشتنیان و هەستیان بە ئارەزووی زانیاری کردووە، بەتایبەتی لەو کاتەوەی کە زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆی کێشەی نەتوانینی مامەڵەکردن دەناڵێنن بەتایبەتی لە قۆناغەکانی گواستنەوە لە ژیانی منداڵاندا کە پێویستی بە دەستوەردانێکی کاریگەر هەیە لەلایەن دامەزراوەکانی مافی مرۆڤەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی زانیاری گونجاو بۆ ئەم دایک و باوکانە.

 

ماجیدە سلێمان وتیشی: بیمەی تەندروستی پێویستە بۆ پێداویستییەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەندا لەبەرچاو بگرێت بۆ یارمەتیدانی خێزانەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵیان و دابینکردنی پێداویستییە تایبەتەکانی منداڵەکانیان، چونکە زۆربەیان ناتوانن ئەو کارە بکەن بەهۆی بارودۆخی ئابووری و بەرزی نرخی ژیان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژانی ڕاهێنان ڕێکدەخەن لەسەر پاراستن و سنووری جەستەیی و پەیوەندی، لەو کاتەدا پێویستییەکی زانستی لەبەردەمیان دەرکەوت کە زیاتر لە ڕۆژێک بۆ دایکان ئەنجام دەدرێت بۆ فێربوون دەربارەی ڕێگاکانی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و چەندین پرسیاریان هەبوو سەبارەت بە پاکوخاوێنی و چاودێری منداڵان و چەندین ۆارسیاری دیکە کە گرنگن بۆ ئەم خیزانانە.

لە کۆتایی قسەکانیدا ماجیدە سلێمانی ئەوەیخستەروو، گرنگترین ئەو خاڵانەی کە هێشتا پێویستیان بە کارکردن هەیە، دۆسیەی تەندروستی زایەندی و زاوزێیە، چونکە بۆشاییەکی تاریکە بۆ خێزانەکان و پێویستە هەوڵی یەکگرتووی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بدرێت بۆ گرنگیدان بەو منداڵانە، چونکە بەپەلە پێویستیان بە کارکردن هەیە لەسەر پێداویستییە مرۆییەکانیان.