بەرهەمە شیرەمەنییە خۆماڵییەکان لە بەرامبەر هەڕەشەی لە ناوچووندا

کێشەی نەبوونی کارگە و لەوەڕگا و ساغ نەبوونەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بەرهەمە شیرەمەنییەکان بەرەو لە ناوچون هەنگاو بنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هەرێمی کوردستاندا تا ئێستاش بە شێوازە هەرە سەرەتاییەکان بەخێوکردنی ئاژەڵ بەردەوامی هەیە، کەمبوونەوەی ئەم پێشەیەش ئاژەڵداران هۆکارەکەی بۆ نەبوونی لەوەڕگا و ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەکانیان دەگەرێننەوە. لەکوردستاندا ئەوانەش کە ئاژەڵداری دەکەن بەرهەمەکانیان لە کۆڵان و لە سەر شەقامەکان ساغ دەکەنەوە ئەمەش لەبەر نەبوونی بازارێک بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان تێیدا، هەروەها بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئاژەڵداری و بەخێوکردنی مەڕوماڵات ڕووی لە کەمی و بەرەو لەناوچوون کردووە، ئەمە لە کاتێک دایە ١٤٧ کێڵگەی بەخێو کردنی مەڕ و بزن و مانگا و گامێش هەن لەگەڵ بوونی ٤٠ کارگەی دروست کردنی شیرەمەنیی. هێشتا نەتواندراوە پەرە بەم پێشەیە بدرێت و بە زیندووی بمێنێتەوە، بازاڕێکی تایبەت بە بەرهەمە شیرەمەنییەکان دروست بکرێت تا بتواندرێت تەواوی بەرهەمەکان لەو بازارەدا بفرۆشرێت.

 

بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان

لە کوردستاندا تا ئیستاش بە شێوازی زۆر کۆن بەرھەم ھێنانی شیر بەردەوامە، ئەویش بەھۆی نەبوونی کارگەی دروست کردنی شیرەمەنیی، زۆرجار گاوداری لە لایەن خەڵکەوە دروست کراوە بەڵام دواتر زیانمەند بووە بە ھۆی نەبونی بازارێک بۆ ساغ کردنەوە و فرۆشتنی بەرهەمە ئاژەڵییەکان و کەمی لەوەڕگا و پشتگوێ خستنی کەرتی ئاژەڵداری، هەموو ئەوانە بە هۆکار دەزاندرێت بۆ پاشەکشە کردنی کەرتی ئاژەڵداری، ئیستاش ئەوانەی کێڵگەی بەرھەم ھێنانی مانگای شیرییان ھەیە، دەیبەن لە بازاڕدا بە لیتر دەیفرۆش یان دەیکەن بە ماست، و پەنیر و کەرە و دۆ، شیرێژ هەروەها کەشک و چەندەها بەرهەمی تر کە لە کۆڵان و لەسەر شەقامەکان و لەو فرۆشگایانەدا دەیفرۆشن کە تایبەتن بە فرۆشتنی شیرەمەنییەکان ئەمەش بە هۆی ئەوەی تا ئێستا نەتواندراوە بازارێکی تایبەت بە بەرهەمە شیرەمەنییەکان دروست بکرێت. هەر بۆیە ئاژەڵدارەکان سود لە بەرهەمە شیرەمەنییەکەی ئاژەڵەکانیان کەمتر وەردەگرن و زیاتر بۆ گۆشتەکەی بەخێویاندەکەن، هەروەها زۆربەی شیرەمەنییەکان لە وڵاتانی دراوسێوە ھاوردە دەکرێن، لە کاتێکدا دەتواندرێت بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە کوردستاندا پەرەی پێبدرێت و پێویست بە بەرهەمی هاوردە نەکات. لەلایەکەوە لایەنی پەیوەندیدار گرنگی نەداوە بە پرۆژەکانی بەخیوکردنی مانگای شیر و ئاژەڵەکانی تر، هەربۆیە بەشێوە کۆنەکەی جاران بەخێوکردنی ئاژەڵ بەردەوامە، جگە لەوەی شیر ڕاستەوخۆ دەکرێت بە ماست، دۆ، پەنیر، کەرە و چەندەها بەرهەمی تریش لەخۆدەگرێت لەلایەکی تریشەوە دەتواندرێت بکرێت بە شیری وشک و هەڵبگیرێت تا ماوەیەکی درێژ و شیر لە زۆرێک لەشیرینی و لە خواردنەکانیشدا بەکاردەهێندرێت.

لە جیهاندا شیر هەر لە منداڵییەوە دەخورێت و لە ئاژەڵەکانی وەک مانگا، مەڕ و بزن وەردەگیرێت، هەر لەو شیرە چەندین جۆری خواردنی دیکە بەرھەم دەهێندرێت کە بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراکی مرۆڤ.

بەرهەمە شیرەمەنییە خۆماڵیەکان

پەنیر، ماست، دۆ، کەرە، کەشک، قەیماخ و سیرێژ یەکێکن لەو بەرهەمانەی کە خواستی زۆربەی کڕیارانی لە سەرە و ئارەزووی خواردنی دەکەن، بەرهەمە خۆماڵیەکان جیاواز لە بەرهەمەکانی وڵاتانی تر تام و جێژێکی جیاواز و لە ڕووی تەندروستیشەوە تەندروستترە، بە بەراورد لەگەڵ بەرهەمی وڵاتە جیاوازەکان خەڵکی گرنگی دەدەن بە کڕینی بەرهەمە خۆماڵییەکەن نەک بەرهەمە لە قوتونراوەکان و هاوردەکان، گەر گرنگیش بە کردنەوەی بازارێکی تایبەتی بەرهەمە شیرەمەنییە خۆماڵییەکان بدرێت ئەوا ئاژەڵداران خواستی بەخێوکردنی ئاژەڵ و بەرهەمهێنانی شیرەمەنییەکانیان لا زیاتر دەبێت و دەتوانن پشتی پێببەستن وەک سەرچاوەی بژێوی ژیانیان.

 

سودەکانی شیرەمەنیی

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون لەسەر ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە دەریخستوە ئەوانەی بەردەوام شیرەمەنیی دەخۆن ڕۆژانە کێشیان بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، بەراورد بەو کەسانەی کە شیرەمەنی ناخۆن ڕۆژانە،وە ئەو مناڵانەی زیاتر شیرەمەنی دەخۆن کەمتر توشی قەڵەوی دەبن.

خواردنی شیر و خورما پێکەوە ژەمێکی تەواوە بۆ لەش و پێکهاتەی خۆراکی وزەبەخش دەدات بە جەستە و بەرگری لەش بەهێز دەکات دژی کەم خوێنیە و مێشک هێور دەکاتەوە، وزە دەدات بە لەش لە ڕێگای چالاککردنی گەشەی خانەکان و نەهێشتنی تەمەڵی و سستی.

باشترین چارەسەرە بۆ گرفتەکانی هەرس وەک قەبزی یان ژەهراوی بوونی ڕیخۆڵە و گەد، پارێزگاری لە ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن دەکات بەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ تەواو کەمدەکاتەوە، چونکە ڕێگانادات دەمارە خانەکان بگیرێت.

ئاستی یەکسانی هۆڕمۆنەکان ڕادەگرێت، چونکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین ئەی و دەوڵەمەندن بە مەگنسیۆم و فۆسفۆڕ، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە زیادکردنی شیری دایک و پاراستن و بەهێزکردنی تەندروستی کۆرپەلە، پشتیوانی لە مۆخ و مێشک دەکات، لە نەخۆشی بیرچوونەوە یان کەمی ئاستی بینین لە شەو دەتپارێزێت، لە هەمان کاتدا لە کۆکە و تەنگەنەفەسی و هەوکردن دوورت دەخاتەوە و ددانەکان لە کلۆربوون و هەوکردن و دروستبوونی بەکتریا دەپارێزێت.

ژمارەی کارگەکانی شیرەمەنیی لە هەرێمی کوردستان

لەهەرێمی کوردستاندا ٧٧ کێڵگەی بەخێوکردنی مانگای شیر هەن کە تەنها بۆ سود وەرگرتن لە شیرەکانیان سودیان لێوەردەگیرێت هەروەها  ٦٩ پڕۆژەی بەخێوکردنی مەڕ و بزن هەن لەگەڵ ١ پڕۆژەی بەخێو کردنی گامێش کە ئەمانەش تەنیا بۆ شیرەکەی سودیان لێوەردەگیرێت، لە کۆی هەموو ئەو کێڵگانەی کە ئاژەڵیان تەنیا بۆ شیرەکانیان تێدا بەخێو دەکرێت لە هەرێمی کوردستاندا بە گشتی زیاتر لە ٣٥ بۆ ٤٠ کارگەی شیرەمەنیی هەن، کە تەواوی بەرهەمەکانیان گەشتۆتە سەرانسەری کوردستان لەم ڕێژە کارگەی شیرەمەنییە تا ئێستا لایەنی دەسەڵاتدار نەیتوانیوە ئاوڕێکی جدی لەم کارگانە بداتەوە و پشتگیر و یارمەتی داراییان بکات تا بەرهەمەکانیان بگاتە دەرەوەی کوردستان، زۆربەی هەرە زۆری ئەو کارگانە پرۆژەی تایبەتن واتا لە سەدا ٩٨ پڕۆژەکان پرۆژەی حکومی نین.

 

سەرچاوەکانی شیر

ھەموو مێینەکانی گیانەوەران سەرچاوەی بەرھەمھێنانی شیرن. بەڵام لە ڕووی بەرھەمھێنانەوە شیری مانگا لە ھەموو گیانەوەرەکانی تر زیاترە، ھەربۆیە ڕیکخراوی خۆراکی جیھانی FAO لە ساڵی ٢٠١١ رایگەیاند کە زیاتر ٪٨٥ بەرھەمی شیر لەسەر ئاستی جیهان ھی مانگایە.

ڕێژەی بەکارهێنانی شیر لە جیهاندا

لە سەرتاسەری جیھاندا نزیکەی شەش بلیۆن کەس شیر و بەرھەمەکانی شیرەمەنیی بەکار دێنن بۆ خواردن، وە زیاتر لە ٧٥٠ ملیۆن کەس لە نزیک و لەگەڵ کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی شیرن.

لە ساڵی ٢٠٠٩ دا گەورەترین بەرھەم ھێنانی شیر و شیرەمەنییەکان لەسەر ئاستی جیھان دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا بوون، دواتر ھیندستان، ئەمریکا، چین، ئەڵمانیا، بەرازیل و ڕوسیا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١١ دا ١٣٨ ملیۆن تەن شیریان بەرھەمھێناوە.

بەھۆی دەوڵەمەند بوونی خەڵکەوە لە ولاتە تازە پێگەیشتوەکان خواردن و بەرھەمھێنانی شیر و شیرەمەنییەکان ڕوویان لە زیاد بوون کردووە، ھەرچەندە لە ھەندێ شوێن تا ئیستاش ھەر بەشێوەیەکی کۆن شیر بەرھەمدێت و کۆدەکرێتەوە و دەیبەنە شوێنی کۆکردنەوەی شیر لە ناوچەکەدا، بۆ خوردنی ڕۆژانەی خەڵکەکە بەکاریدەبەن، ئەم شێوەیە شێوازی پرۆژەی ھەروەزی دەنوێنێت.

 

ت.پ