زیاتر لە ٦٠٠ هەزار منداڵ لە غەززە لە خوێندن دابڕاون

دەزگای فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین بڵاوی كردەوە، نزیكەی ٦٦٠ هەزار منداڵ لە غەزە هێشتا لە خوێندن دابڕاون، هەروەها ٨٨٪ی خوێندنگەكانی غەززە لەناوچوون، زیاتر لە ١٤ هەزار منداڵیش شەهید كراون.

دەزگای فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین سەبارەت بە ژمارەی ئەو منداڵانەی بەهۆی شەڕەكانی غەزەوە لەخوێندن دابڕاون، هەروەها دۆخی منداڵانی غەززە ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند،  هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بووەتە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە ١٤ هەزار و ٥٠٠ منداڵ لەو شەڕەدا.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، پەروەردە هێڵی ژیانە بۆ سەقامگیری و داهاتووی هەموو منداڵانی غەززە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ٨٨%ـی خوێندنگەكان زیانیان بەركەوتووە، ئاستەنگەكان زۆر گەورەن، كاردەكەن بۆ دابینكردنی دەستڕاگەیشتن بە گەڕاندنەوەیان بۆ خوێندنگەكان، كات بەسەربردن و پشتیوانی تەندرووستی دەرونی.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، كارمەندانی ڕێكخراوەكە بە درێژایی كاتژمێر كاردەكەن بۆ دابینكردنی یارمەتییە مرۆییە پێویستەكان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین، ئەمە لە كاتێكدایە ئاگربەست لە غەززە هەندێك تیشكی هیوای پێبەخشیوین.

 

 دوای زیاتر لە ١٥ مانگ شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە و كوژرانی زیاتر لە ٤٦ هەزار و برینداربوونی زیاتر لە ١١١ هەزار كەس، دواجار لە ٢٠ـی ئەم مانگە ئاگربەستی نێوان ئەو دوولایەنە شەڕكەرە چووە بواری جێبەجێكردنەوە و كۆتایی بەشەڕ هێندرا، هاوكات بەدەیان بارهەڵگریش كە هاوكاریی مرۆییان هەڵگرتبوو چوونە ناو غەزەوە.