زیاتر لە ٣٠٠٠ خوێندکاری خێزانە کۆچەرییەکان وازیان لە خوێندن هێنا
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پەروەردەیی کۆچەرییەکانی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٣٠٠٠ خوێندکاری خێزانە کۆچەرییەکان لە وڵاتی ئێران وازیان لەخوێندن هێنا.

ناوەندی هەواڵ
محەمەد ڕەزا سیفی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی وەزارەتی پەروەردە بۆ گەشەپێدانی دادی پەروەردەیی لەبارەی ئاماری منداڵانی خێزانە کۆچەرییەکان کە لە خوێندن وازیان هێناوە بەمیدیاکانی ڕاگەیاند: "لە کاتی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا ٣٦٢٦ خوێندکاری خێزانە کۆچەرییەکان لە خوێندن دابڕاون و بەرزترین ڕێژەی وازهێنان لە پارێزگاکانی ئازەربایجان و لوڕستان و کرمان بووە".
هەروەها جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا زیاتر لە ٧٥ هەزار و ٧٤٣ خوێندکار لە خێزانە کۆچەرییەکان بەهۆی نەبوونی ژێرخانەوە بۆ بەدەستهێنانی تۆڕی ئینتەرنێت لە خوێندن دابڕاون.
بە وتەی ئەو بەرپرسە، ژمارەیەکی زۆر لەخوێندکارانی کچانی ناو ئەو خێزانانە بەهۆی ئامادەنەبوون بۆ کڕینی پێداویستی و کتێبەکانی خوێندن لەقوتابخانە ناویان تۆمار نەکراوە، لە ئێراندا خوێندکاران هەمان هەلیان بۆ خوێندن نییە، وە دابەشکردنی ناڕەوای ئاسانکاری و هەژاری و کێشەی کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکی وازهێنانی خوێندکارانە.
ت.پ